گەنج دەتوانێت ببێت بە دروستکەر و ڕوخێنەریش

گەنج بزوێنەری کۆمەڵگەیە و بەبێ وزە و کاراییەکەی هیچ وڵاتێک پێش ناکەوێت و هاوکات وەکوو سەرچاوەی شۆڕش و ژیانیش پێناسەی بۆ دەکرێت.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- گەنج بوون بۆ خۆی ناسنامەیەکە بە هەبوونی چالاکییەکانی دەتوانێت خاوەنداری لە ناسنامەی بکات و بۆ خۆی بڕیاڕدەری ژیانی خۆی و داهاتووی کۆمەڵگه‌کەی بێت.

 

ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی ڕاستەقینە بۆ گەنج بکەین بەر لە هەر شتێک، وشەی هێز و داینەمۆ دێتە بیرمان، گەنج بە بزوێنەری کۆمەڵگە دادەنرێت، واتە بەبێ وزە و کارایی گەنج هیچ وڵاتێک پێش ناکەوێت و هاوکات وەکوو سەرچاوەی شۆڕش و ژیانیش پێناسەی بۆ دەکرێت.

 

بە گشتی، گەنج بەو وێژە پڕ لە وزەیە دەوترێت کە هەوڵی خۆ دروستکردن دەدەن. لەو تەمەنەدا دەیەوێت خەیاڵ و ئارەزوەکانی بکات بە ڕاستی. گەنج پرسێکی گەورە و گرنگە، چونکە نەوەیەکە دەتوانێت بیسەلمێنێت لە توانایدا هەیە ببێت بە دروستکەر و ڕوخێنەریش.

 

گەنجان و ژنان کە دیارترین هێزی کۆمەڵگەن، بەردەوام لە لێگەریندان و لێگەرینەکانیشیان بۆ ژیانێکی سەربەخۆ و دیتنی ئیرادەیەکە لەناو هەر سیستەمێکدا ڕەنگی خۆیانی تێدا ببینن، گەنجانی کوردیش بە درێژای مێژوو نەوە بە نەوە بەرامبەر نادادپەروەری لە تێکۆشاندا بوون و خەونیان لە نادادپەوەران زڕاندووە.

 

لە ساڵانی ٦٠ەکاندا شۆڕشی گەنجان دەستیپێکرد

گەنجان هەمیشە لە ئاواکردنی کۆمەڵگە و بونیادنانی ئەو کۆمەڵگەیەدا وەکو ژنان ڕۆڵی سەرەکی و گرنگیان هەبووە و لە هەموو شۆڕشەکانی جیهاندا بە هەڵوێستی خۆیان رۆڵێکی کاریگەریان بینیوە، لە دێر زەمانەوە تا ڕۆژی ئەمرۆمان زۆرێک لە شۆڕشەکان بنەماکەی گەنجان دایانمەزراندووە و بەم شێوەیە بەردەوام بوون و بوون بە ڕێچکەیەک بۆ جیهان، بۆ نموونە شۆڕشی گەنجانی فەرەنسا کە لە ساڵی ١٩٦٨، واتە سەرهەڵدانەکانی دەیەی ٦٠ دیارترین قۆناغە کە گەنجان لە هەموو شوێنی جیهان دەستیان بە سەرهەڵدان کرد و پێشەنگایەتیان بۆ کۆمەڵگەکانیان کرد.

 

یەکێکی دیکە  لەو شۆڕشانە کە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا کاریگەری زۆری هەبووە لە سەر گەنجی کورد بە تایبەتی و گەنجانی جیهان بە گشتی شۆڕشی ئاپۆییە، بە ڕابەرایەتی ڕێبەری ئازادیخوازان عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە ساڵانی ٧٠ەکاندا دەستیپێکرد و یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی دەستکردن بە خەبات و تێکۆشانیان "بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجیش سەردەکەوین" بوو، بەم شێوەیە بەردەوامیان بە خەبات و تێکۆشانیاندا و لەو بڕوایەدان کە گەنجان شۆڕش مسۆگەر دەکەن و ئیرادەیەکی نوێ دەخوڵقێنن.

 

دەسەڵاتداران بەردەوام لە هەوڵی کوشتنی هێزی گەنجانن، هەموو هەوڵدانی خۆیان لە سەر بنەمای بەکارهێنانی هێزی گەنجان دەخەنەگەڕ و بۆ خزمەتی خۆیان بە کاریان دێنن، عەقڵیەتی دەسەڵاتدار بۆ لەناوبردنی هێزی گەنجان هەموو جۆرە ڕێبازی شەڕی تایبەت بەرامبەر ئەو توێژەی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، ئامانجی سەرەکیان بێ ئیرادە کردنیانەوە و دەیانهەوێت کەسایەتیەکی لاواز، بێ هەڵوێست، دوور لە پێوانی ئەخلاقی لە کەسایەتی گەنجاندا بەرجەستە بکەن.

 

دەسەڵات کە لە هێزی گەنجان دەترسێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر کاریگەری ئەم هێزە کردووە و بەردەوام ترسی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی لەلایەن ئەوانەوە هەیە، لەبەر ئەوەیە گەنجان لە رووخاندنی دەسەڵاتداران و لە هەر شۆڕشێکدا مۆرکی خۆیان لە شۆڕشەکان داوە.

 

گەنجان پێشەنگی شۆڕشن

گەنجان لە هەر شۆڕشێک هێزی پێشەنگ بوون و ئەرکی شۆڕشیان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لە ئێستادا دەبینین گەنجان لەلایەن دەسەڵاتەوە تەنیا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بە کاردەهێندرێن و خاوەن بڕیاری خۆیان نین و بە هیچ شێوازێک لە بواری سیاسی و بڕیارداندا رۆڵیان پێنادرێت.

 

لە دەرەنجامی گرنگی نەدان بە گەنج، وڵات دوادەکەوێت یان لەناودەچێت، چونکە ئەوەی بەردەوام نیشتیمان نوێ دەکاتەوە و هەوڵی باشترکردنی دەدات و بەرەوپێشەوەی دەبات، توانا و وزەی گەنجەکانیەتی، بۆیە پێویستە گرنگی بەم سامانە مرۆیی و ژێرخانە ئابوری و نیشتیمانیە بدرێت. هەروەک پەندێکی پێشینیان هەیە کە دەڵێت "من لە دایک و باوکم سەرکەوتووترم، بەڵام ناتوانم لە منداڵی خۆم سەرکەوتووتربم"، مێژووش سەلمینەری ئەو ڕاستییەیە، بۆیە پێویستە لە ئێستادا گەنجان چاوێک بە ڕابردووی خۆیاندا بخشێننەوە و هەمان هێز و وزەی ڕابردوویان بۆ گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان بخەنەگەڕ.