دوای ١١ ساڵ لە کۆمەڵکوژی پرسوس، کاریگەرییەکانی هێشتا بەردەوامە-٢

دوای ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی پرسوس، خێزانی عوسمان چیچەک هێشتا وردەکارییەکانی لەدەستدانییان لەبیرە وەک ئەوەی دوێنێ ڕوویدابێت، دەڵێن: دادپەروەری هێشتا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە.

سەبارەت بە دایکی عوسمان... ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕ بووە، بەڵکو وەک ئەوە وایە کە ١١ ڕۆژ بەر لە ئێستا ڕوویدابێت.

 

ئاژین دیلەک ئۆنجەل

 

ڕەحا-مردووەکان مەرگ ناناسن، چونکە مەرگ بەشی زیندووەکانە"، بەم وشانە شاعیر پێناسەی ئەوە دەکات کە چۆن خەم و پەژارە بۆ ئەوانەی لە دوای لەدەستدان دەمێننەوە کۆتایی نایەت، لە کوردستان، مەرگ هەرگیز تەنها کۆتاییهاتنی ژیان نەبووە، چونکە زۆربەی زیانبەرکەوتووان لە بارودۆخی نائاساییدا گیانیان لەدەستداوە و هیچ ڕۆیشتنێکیش ئاسایی نەبووە.

 

دوای تێپەڕبوونی ١١ ساڵ بەسەر ئەو هێرشە خۆکوژییەی کە داعش لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥ لەناو باخچەی ناوەندی ڕۆشنبیری "ئامارا" لە شاری پرسوسی سەر بە پارێزگای ڕەها ئەنجامیدا، هێشتا خێزانی زیانبەرکەوتووان ئازارەکە وەک ئەوە دەچێژن کە هەر ئەمڕۆ ڕوویدابێت.

 

لەو ڕۆژەدا، سەدان گەنجی کچ و کوڕ لە ناوەندی ئامارا کۆببوونەوە بۆ ئەوەی بەرەو شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێبکەون بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دوای ڕزگارکردنی لە دەستی داعش، لە کاتی سازکردنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، خۆکوژێک خۆی لە ناو قەرەباڵغییەکەدا تەقاندەوە، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی ٣٣ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکە.

 

بۆ دایکەکە کۆمەڵکوژییەکە نەبووەتە بیرەوەری

عوسمان چیچەک، تەمەن ٢٢ ساڵ، یەکێک بوو لە قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە، ئەو کوڕی هەشتەمی خێزانێک بوو کە لە نۆ ئەندام پێکدێت، لەنێوانیاندا سێ کچ و پێنج کوڕ هەن، لە کاتی سەردانیکردنی ماڵی خێزانەکەی لە پارێزگای ئاقچەقەڵای (کانیی خەزالان) ڕەها، داوامان کرد چاومان بە دایکی بکەوێت، بەڵام ئەندامانی خێزانەکە لێبوردنیان خواست و وتیان: بۆ ئەو ١١هەمین ساڵیاد نییە، بەڵکو وەک ئەوە وایە ئەمڕۆ یازدەهەمین ڕۆژ بێت بەسەر کوژرانی عوسماندا.

 

نەیتوانیوە بەسەر شۆکەکەیدا زاڵ بێت، هەر کاتێک ناوی دەهێنرێت ئازارەکە نوێ دەبێتەوە، بۆیە لەبەر ڕێزگرتن لە هەستەکانی، گروپی ئاژانسەکە پێداگرییان لەسەر چاوپێکەوتن لەگەڵیدا نەکرد.

 

"لەو ڕۆژەی ڕۆیشتووە، ژیان وەک پێشوو نەماوە"

خانم چیچەک، هاوژینی براکەی عوسمان و ئامۆزای، وتی: ژیانی خێزانەکە بەتەواوی دوای لەدەستدانی گۆڕاوە، بە ڕۆیشتنی ئەو، خۆشی لە ماڵەکەمان ڕۆیشت، چیتر بە هیچ شتێک دڵخۆشما ناکات، پێشتر ئاهەنگی هاوسەرگیریمان دەکرد و جوانترین جلوبەرگمان دەپۆشی، بەڵام ئەمڕۆ کەس ئەوە ناکات، هەمووان لە خەمێکی بەردەوامدا دەژین.

 

"کوژرا چونکە بە ڕێگای ڕاستدا دەڕۆیشت"

خێزانی خانم چیچەک خەڵکی شاری پرسوسن، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە خزمەکانیان لە کۆبانێ دەژین، کە سنوورەکان لێکجیایان کردوونەتەوە، خانم چیچەک منداڵیی عوسمان بەبیر دەهێنێتەوە و ەتی: گەنجێکی هێمن و تێکۆشەر بوو، لە زستاندا لە وێستگە پیشەسازییەکان و لە هاویناندا لە کێڵگەکان کاری دەکرد، زۆر قسەکەر نەبوو، بەڵام خۆشەویستی خێزانەکەی بوو و حەزی لە چاکە بوو، بە ڕێگای حەقدا ڕۆیشت، لەو ڕێگایەشدا بە دەستی ستەمکاران کوژرا.

 

"هەست دەکەین ئەمڕۆ جێیهێشتووین"

عوسمان چیچەک بڕیاریدا لەگەڵ هاوڕێکەی قاسم دەبرم بڕۆن بۆ پرسوس دوای ئەوەی بە هەڵمەتی پشتیوانی کۆبانێی زانی، بەبێ ئەوەی بە خێزانەکەی بڵێت، خانم چیچەک وردەکارییەکانی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە و وتی: مۆڵەتی لە کارەکەی وەرگرت و وتی دەگەڕێمەوە، بەڵام دوای ئەوە هەواڵی تەقینەوەکەمان پێگەیشت، لەو ساتەوە ژیانمان پەرتەوازە بوو.

 

وتیشی: کوڕەکەم ئەمڕۆ لە وڵاتێکی تر دەژی، هەر کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە دەگری و وتی: کەسێک ونە... مامە عوسمان لێرە نییە، هەندێک جار شەوان دەچێت بۆ سەردانی گۆڕەکەی، هەست دەکەم ژیانمان هەرگیز وەک خۆی لێ نایەتەوە.

 

"دادپەروەری نییە مادام ئەوانەی پیلانگێڕی بۆ تاوانەکە دەکەن سزانەدرێن"

کاتێک لە خێزانەکە پرسیار کرا ئایا دادپەروەری بۆ قوربانییانی "٣٣ گەشتیار بەرەو خەون" بەدی هاتووە، براکەی مستەفا چیچەک هاتە قسە وتی: لە پرسوس پاکترین کوڕانی ئەم وڵاتە کوژران و دادپەروەری بەدی نەهات مەگەر هەموو ئەوانەی پلانی ئەم کۆمەڵکوژییەیان داوە، سزابدرێن.

 

خانم چیچەک جەختی لەوە کردەوە، کە خێزانەکە هێشتا داوای دادپەروەری دەکەن وتی: دوای تەقینەوەکە، تورکیا چووە قۆناغێکی خوێناوییەوە و وڵاتەکە شاهیدی زنجیرەیەک تەقینەوە بوو، ئەو گەنجانە نە شەڕیان دەویست و نە توندوتیژی، تەنها دەیانویست هاوکاری بگەیەننە کۆبانێ، ئازارەکە کۆتایی نایەت تا ئەو کاتەی بەرپرسانی کوشتنی عوسمان و هاوڕێکانی سزادەدرێن.

 

"تا وەکو ئازارەکە هەبێت، دادپەروەری بونی نییە"

براکەی دیکەی، محیەدین چیچەک وتی: تا ئەو کاتەی دایکم ئازار دەچێژێت، چۆن دەکرێت بوترێت دادپەروەری بەدی هاتووە؟ کاتێک دادپەروەری بوونی نەبێت بێت ئازارەکە ئارام نابێتەوە، کاتێکیش ئازارەکە ئارام نەبووەوە تووڕەیی دەمێنێتەوە، ئەگەر تووڕەییش مایەوە ویژدان بەخەبەر نایەت، بەبێ ویژدانیش ژیان نابێت.

 

"چیرۆکێکیان بۆ جێهێشتین و دەبێت بیپارێزین"

محیەدین پێیوایە باشترین وەفاداری بۆ یادی قوربانییەکان، بەدیهێنانی ئەو ژیانەیە کە ئەوان خەونیان پێوە دەبینی، وتی: خوێنی براکەم تێکەڵ بە خوێنی گەنجێکی لاز بوو، ئەمەش پەیامێکە دەربارەی داهاتوویەکی هاوبەش، ئەوان بە ڕێکەوت نەبوونە برا، خوێنیشیان بە بێهودە تێکەڵ نەبوو، چیرۆکی ئەو خێزانانەی لە پرسوس یەکیان گرت، دەبێت بگۆڕێت بۆ چیرۆکی ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕەنگە لە ژیانیاندا برا نەبووبن، بەڵام لە مەرگیاندا بوونە برا، ئەمەش ڕەنگە وامان لێ بکات ئێمەش ببینە برا، ئەوان پەیامێکیان بۆ بەجێهێشتین کە وتی: ئەگەر ئەم چیرۆکە بەردەوام بکەن ئەوا ئێمە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵنەوە، ئێمەش دەتوانین بە دروستکردنی ئەو ژیانەی ئەوان خەونیان پێوە دەبینی و جوانترکردنی، وەڵامی بکوژان بدەینەوە.