"دەنگی ژنان هێزە"

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان دەڵێت: هەرکۆمەڵگەیەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی زۆربێت ئەو کۆمەڵگەیە ڕێچکە دەشکێنێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات.

هێرۆ عەلی 

  

سلێمانی- ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و بەتایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری کوردستان و جیهاندا لە دژی سیاسەتی توندوتیژی و  فشار تێدەکۆشن، ئەوان دەخرێنە ژێر هەموو جۆرە سیاسەتێک و دەکرێنە ئامانج، ژنان جیا لەوەی لە چوارچێوەی ماڵ و خێزاندا ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونیی و ئابووریی دەبنەوە، کاتێکیش دەچنەوە نێو کۆمەڵگە و بوارە پیشەییەکان جارێکی دیکە هەمان مەترسیان بۆ درووست دەبێت، بەڵام بە شێوازێکی جیاوازتر و کاریگەریی جیاواز، چارەسەریش بۆ ئەو دۆخە تەنها ئەوەیە ژنان هۆشیاربن بەرامبەر یاسا و مافەکانیان تا بتوانن بەسەرئەو ئاڵەنگارییانەدا سەربکەون، کە لە بواری پیشەییدا دێتە ڕێیان وبەردەوامبن لە تێکۆشان دژی ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالارانەیەی سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە و ڕیشەی داکوتاوە. 

  

"هەرکۆمەڵگەیەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی زۆربێت ئەو کۆمەڵگەیە ڕێچکە دەشکێنێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات" 

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان، باسی ڕۆڵی ژنانی ڕۆژنامەنووسی لە باشوری کوردستان کردو وتی: هەرکۆمەڵگەیەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی زۆربێت ئەو کۆمەڵگەیە ڕێچکە دەشکێنێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات، چونکە ژنان کاتێک دەست دەدەنە نوسین بێگومان جوانی ناشرینیەکانی کۆمەڵگە ئەخەنەبەر دیدی خەڵک، هەموو کاتێکیش قەڵەم بەدەستان و ڕۆژنامەنووسان فۆبیای دەسەڵاتە ترسنۆکەکانن، ژنان دەورێکی باشیان هەیە لە باشووردا بەڵام زۆر جار ڕێگریان لێدەکرێت، چونکە نایەڵن بە ئازادی بنوسن و جوانی و ناشریەکان پیشانبدەن، لە بەرئەوە کاتێک کە ڕێگریان لێدەکرێت سەختە، نووسەر کاتێک دەیەوێت ئەو شتانەی کە لە ناخیدا و لە کۆمەڵگە دا هەیە وەکو ناشرینیەکانی دەسەڵات و کەم کوڕیەکانی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی و بیەوێت بیخاتەڕوو، کاتێک کە ڕێگری لێدەکریت دەبێت بە بابەت و زۆرجاربە توندوتیژی یان بە تیرۆکۆتایی پێدێت. 

  

وتیشی: لەم وڵاتەدا یاسامان زۆرە، بەڵام ئەو یاسایانە بەکارناهێنdرێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بەرپرسی یەکەمە، هەروەها دادگاکانیش بەرپرسن لەو هەموو پێشێلکاریەیانەی کە ئەنجامدەدەرێن و لێی بێدەنگ دەبن، لەساڵی ٢٠٢٤ بینیمان زۆر پێشێلکاری کرا بەرامبەر بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان، لەبەرئەوە دەبێت ڕۆژنامەنووسان خۆیان ڕزگاربکەن لە چوارچێوی حزبی، چونکە دەبینین لێرە زۆربەی ڕۆژنامەنووسان هەریەکەیان بۆ لایەنێک کاردەکات، بۆیە یەکەم شت دەبێت خۆی بدۆزێتەوە لەوەی ڕێڕەوی ئیشی ئەو چییە، لەبەرئەوە پێویستە خۆی لە چوارچێوەی حیزبی دەربهێنێت. 

  

"سیستمە سەربازیەکان فشەڵە بەڵام دەنگە ئازادەکان دەنگێکی تۆکمەیە" 

کەژاڵ عەبدولقادرئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی ژنان هێزە، ئەوەندەی سیستمەکان لە هەموو جیهاندا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەنگی قەڵەم دەترسن، ئەوەندەی لە نوسین دەترسن ئەوەندە لە سیستمە سەربازیەکان ناترسن، سیستمە سەربازیەکان فشەڵە بەڵام دەنگە ئازادەکان دەنگێکی تۆکمەیە، بە کەمی دەتوانیت بیڕوخێنیت، چونکە بە مەبدەئێکەوە هاتۆتە ناو کارکردنەوە. 

  

"ئەو ژنانەی هاتونەتە مەیدانەوە و کاردەکەن پێویستە هۆشیارانە و زۆر بە ڕۆشنبیرانە مامەڵەبکەن" 

لەکۆتایی قسەکانیدا پەیامی خۆی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووسان ناردو وتی: ئەو ژنانەی هاتونەتە مەیدانەوە و کاردەکەن پێویستە هۆشیارانە و زۆر بە ڕۆشنبیرانە مامەڵەبکەن، هەموومان ڕەخنەمان هەیە لەوەی کە دەبینین لە ڕۆژی پرسەدا بەخێرای دەڕۆنە بەردەمی بەرپرسێک پرسیاری جۆراو جۆردەکەن، یاخود دەڕۆنە بەردەمی کەسێک خاوەن پرسەیە کە منداڵیكی یان باوکی لەدەستداوە، بۆیە پێویستە خۆڕۆشنبیر کردن لە ئاستی یەکەمدا بێت.