پاراستنی جەوهەری هێزێکە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزێت
کاتێک باس لە ڕووداوە سروشتی و دەستکردەکان دەکرێت یەکەمین شت کە دێتە بیری مرۆڤ ئەوەیە کە چۆن دەتوانێت لەبەرامبەری ئەم ڕووداوانە خۆی بپارێزێت؟ ئەی لە بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان خۆپاراستن چییە؟
نەرمین ئەحمەد
سلێمانی- هەر وەک چۆن مرۆڤ بۆ بەردەوامی ژیان پێویستی بە ئاو و هەوا هەیە، پاراستنیش یەکێک لە مافە ڕەواکانی هەر مرۆڤێکە و بنەمای پاراستنە کە لە گەردووندا وادەکات مرۆڤ، ئاژەڵ و سروشت بەردەوامی بە بوونی خۆیان بدەن. کاتێک بوونەوەرێک نەتوانێت مافی خۆپاراستنی هەبێت لە جەوهەری خۆی دوور دەکەوێتەوە و مەحکومی توانەوە و لەناچوون دەبێت. کاتێک دەسەڵاتداران چەکی زوڵم و گوشار لە سەر کۆمەڵگە دەسەپێنێن، چەکی دەستی کۆمەڵگەش دەبێتە خۆپاراستنی جەوهەریان. لە بەرامبەر توندوتیژییەکانی سەر ژنانیش ڕێکخستن، پەروەردە و ئیرادە دەبێتە بەشێک لە بنەماکانی خۆپاراستنی جەوهەری.
بە چاوخشاندنێک بە مێژوودا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری چۆن لە ڕێگای دوورخستنەوەی ژنان لە جەوهەری خۆیان توانیویەتی هێزی خۆپاراستنیان لاواز بکات. عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: "مێژووی شارستانیەت لە هەمان کاتدا مێژووی دۆڕاندن و ونبوونی ژنیشە، چونکە ئەم مێژووە بە خواوەند و بەندەکانیەوە، بە حوکمڕان و ڕەعیەتییەکانییەوە، بە ئابووری، زانست و هونەرەکەیەوە، مێژووی پتەوبوونی کەسایەتی پیاوی دەسەڵاتدارە. لەم سۆنگەیەوە دۆڕاندن و ونبوونی ژن، کەوتن و دۆڕانێکی گەورەیە بە ناوی کۆمەڵگەوە. کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرەست بەرئەنجامی ئەم کەوتن و دۆڕاندنەیە".
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: "مێژوو لە ئەمڕۆدا و ئەمڕۆ لە مێژوودا شاراوەیە"، ئەم وتە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا دەبینین کە چۆن ئەقڵیەتی پیاوسالاری بە شێوازی جیاواز توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان بەرێوەدەبات و ئیرادە و مافی پاراستنیان، کە مافی سروشتی هەر تاکێکە لێیان دەگرێت؛ تەنانەت لە ڕێگای داگیرکاری چ لە بواری بوون، جەستەیی، هزری و کەلتووری بێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان تاکەکان بێ پاراستن دەهێڵن.
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: "زۆر ئاشکرایە کە پەیوەندی زایەندی و دەسەڵات لەگەڵ یەکتردا چۆن و تا چ ڕادەیەک لەناو کۆمەڵگەدا کاریگەرە، ڕاستییەکی سۆسیۆلۆژییە کە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا هەر پیاوێک مافی بێسنووری لە سەر ژن هەیە".
لەسەر ناوی پاراستن هێرشی دژوار ئەنجام دەدرێت
هەر لە سەرەتای مێژووەوە مرۆڤەکان بە ژیان کردنی بە کۆمەڵ، ڕێگای خۆپاراستن دەبیننەوە. مێژووی ژنانی کورد ئاوێنەیەکە کە تێکۆشانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان تیایدا دیارە و ئەم تێکۆشانە لە سەر بنەمای حەقیقەتی پاراستی جەوهەری پەرەی سەندووە. عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: "ئاستی ئازادی ژن، ئاستی ئازادی کۆمەڵگە نیشان دەدات"، لەمەشەوە ئازادی چەمکێکە کە لەگەڵ تێکۆشان واتادارتر دەبن و لە کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت تێکۆشانی پاراستنی جەوهەری بەڕێوە ببات، گەیشتن بە ئازادی زەحمەت دەبێت، هەر بۆیە لە کۆمەڵگەیەکدا چەندە پاراستنی جەوهەری ژنان بەهێز بێت، ئەوەندەش چەمکی ئازادی وتێکۆشان بە واتا دەبێت.
لە کۆمەڵگەی ئێستاماندا بە بوونی هێزە دەسەڵاتدار و هەژموونخوازەکان پاراستن لە واتاکەی دوورکەوتووەتەوە و شوێنی پاراستنی جەوهەری و هێرشی گۆڕیوە، بە زمانێکی تر، دەتوانین بڵێن کە پاراستن بۆ دەسەڵاتداری بوونی هەیە. لەم کاتەدا کاتێک نەتەوەیەک زمان، کولتوور و ناسنامەکەی دەپارێزێت، دەبێتە تاوان و هێرشی دەسەڵات بۆ سەریان دەبێتە پاراستن؛ ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ژن وەک ناسنامە، کەلتوور و زمان و هەبوونی کۆمەڵگەیەک سەیر بکەین، ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری لە سەر ناوی پاراستن هێرشێکی دژوار لە سەری دەکات.
خۆپاراستن سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە
گەلی کورد و ژنانی کورد بە بنەما وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆپاراستن تا ڕۆژی ئەمڕۆ، توانیویەتی لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن مافی سروشتی خۆیان بەکاربهێنێن، لەگەڵ تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان پاراستن سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە و کۆمەڵگە لە سەر ئەم بنەمایە ڕێکخرا، ئەمەش وەک پاراستنی جەوهەری بەناو کرا.
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک کە مافی پاراستنی جەوهەری هەبێت، سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێکخستنی لەسەر بنەمای ئەخلاقی سیاسی وەک ڕێگا چارەسەری نیشان دەدات.
بەم شێوەیە دەتوانین ئەم ڕاستییە وا دووپات بکەینەوە کە تێکۆشانی ژنان هەر لە سەرەتای مێژووەوە لەسەر بنەمای خۆپاراستن یان پاراستنی جەوهەری بووە. پاراستنێک کە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا وەک کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان بۆ مانەوەی زمان، کولتوور، ناسنامە و شووناسمان پێویستیمان پێیەتی.
ئەگەر پاراستنی جەوهەری پشت بە مەکانیزمی ڕێکخستن بوون، و خۆبەڕێکخستن بوونیش بە یەکگرتووی بوونی کۆمەڵگە پێکبێت، ژنان و گەنجان بە پاراستنی جەوهەری دەتوانن پێشەنگایەتی کۆمەڵگەیەک ئازاد بکەن و بە پێشخستنی خۆپاراستن، کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەما و بەها ئەخلاقییەکانی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک بنیات بنێن و توندوتیژی دژی ژنانیش لەناو چوارچێوەی خۆپاراستنی جەوهەریدا بۆ ژنان بەرجەستە دەبێت و ئازادی ژن و دوای ئەوەش ئازادی کۆمەڵگە فەراهەم دەبێت.