ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەهەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیدارە... ١
بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەمموز، ٢٢ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون و ١٢ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، یەک ژنیش هەوڵی کوشتنی دراوە.

هێرۆ عەلی - هێلین ئەحمەد
سلێمانی- لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا، کوشتنی ژنان بە هۆی عەقڵییەتی پیاوسالاریی و داڵدەدانی بکوژ لەلایەن دەسەڵات و سەروەرنەبوونی یاسا و دەستێوەردانە ناو کاری دادگا و نەگەشتنە ئەنجامی کەیسەکانی ژنان بەردەوامە، هەروەها بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان و ڕێگەنەدان بەڕوماڵکردنی کوشتنەکان وایکردوە بە پاساوی کۆمەڵایەتی و شەرەف درێژە بە کوشتنەکانی ژنان بدرێت لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان "نوژنها"، ژمارەی کوشتنەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەمموزبەم شێوەیە بووە: مانگی کانوونی دووەم لە ئێوارەی ٤ـی کانوونی دووەمدا لە گەڕەکی چراخانی شاری سلێمانی ژنە خوێندکارێکی پۆلی ١٠ـی ئامادەیی رازی کچان، كە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو بە چەکی باوکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە ١١ـی کانوونی دووەم، ژنێک کە پێشمەرگەی زێرەڤانی سەربە پەدەکە بوو، لەلایەن براکەیەوە لە شاری هەولێر کوژرا. لە ١٥ـی کانوونی دووەمدا، ژنێک بە ناوی (ت.گ) تەمەن ٤٣ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی ئەلیاسەفڕەی شارۆچکەی پێنجوێن لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا و جەستەی شێوێندرا و دواتر بکوژ بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهاتووە و دواجار دەستگیر کرا. دوانیوەڕۆی ١٦ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر ژنێک، كە تەمەنی لەنێوان ٣٧ بۆ ٤٠ ساڵدا بوو، لەلایەن براکەیەوە بە چەقۆ کوژرا و دوای ماوەیەک بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد. شەوی ٣١ـی کانوونی دووەمیش، لە یەكێک لە سیتییەكانی نزیك گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک بە كوژراوی دۆزرایەوە.
لە شەوی ٢ی شووباتدا، لە گەڕەکی کانی کوردەی شاری سلێمانی لە نزیک مزگەوتی ڕەحمان، تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ دۆزرایەوە، شوێنەواری گولە بە جەستەیەوە دیار بوو، دواتر بکوژەکەی دەستگیر کرا.، لە پاشنیوەڕۆی ٣ـی شووباتدا، لە گەڕەکی ڕزگاری شارۆچکەی چەمچەماڵ، ژنێکی گەنجی لەدایکبووی ١٩٩١،لەلایەن خاڵییەوە کوژرا ، دواتر بکوژەکە دەستگیر کرا. لە ئێوارەی ٢٢ـی شووباتدا، لە زێی گەورە لەسەر پردی نێوان خەبات و کەلەکەوە، تەرمی ژنێکی ٢٩ ساڵ دانیشتووی شاری هەولێر دۆزرایەوە کە بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستداوە. لە پێش نیوەڕۆی ٢٧ی شووباتدا، لە شارۆچكەی بنەسڵاوەی شاری هەولێر، ژنێک لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە حەوت فیشەک کوژرا.
لە ٤ی ئاداردا، لە سنووری ئیدارەی سۆران، مامۆستایەک بە ناوی ئاوات محەمەد کەریم خەڵکی دەڤەری برادۆست و دانیشتووی شارۆچکەی چۆمان، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەوە گیانی لەدەستدا. لە ١٣ی ئاداردا، لە کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ، لە زێى گەورە سەر بە گوندى زەنگل، لە سنووری ئاکرێ، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، كە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى ژنەکە گرێدراوە و پێى خنکێنراوە، دواتر خراوەتە زێى گەورەوە. لە شەوی ١٣ مانگی ئاداردا، پزیشکێکی شاری هەولێر، بهناوی (س، م)، لە هێرشێکی دڕندانەدا، هاوژینەکەی سەنا کەمال، خوشكی هاوژینەکەی سەنارکەمال، دایکی سەنا، بە دەستڕێژی گولە کوشت، پاشان لە لایەن ئاسایشیی هەولێرەوە دەستگیرکرا. لە ١٩ی ئاداردا، لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق، (ب، ش) كە لە دەرەوەی وڵات گەڕابۆوە پێنج ئەندامی خێزانەكەی خۆی كوشت، کە ساینیان ژن بوون بەناوەکانی (نیهایەت قادر، دایکی بکوژ، سیما سالار و یارا سالار، خوشکی بکوژ).
٢ی نیسان، ژنێک بە ناوی ژیار محەمەد تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سەیدسادق و دانیشتووی شارۆچکەی بازیان لە سنووری سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەستدا. لە ٤ی مانگی نیساندا، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢١ ساڵ لە شارۆچکەی مەخموور لەلایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژرا. ٦ی نیسان، ژنێکی دانیشتووی شارەدیی ڕۆڤیان لە سنووری ئاکرێ بە ناوی (م. م. ك) تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن هاوژینەكەیەوە بەناوی (ا. م. ج) تەمەن ٢٧ ساڵ كوژرا.، ٩ی نیسان، تەرمی ژنێک بە ناوی “ش،ن،م” لە گەڕەکی سەرای شاری هەڵەبجە دۆزرایەوە، کە ئاسەواری شوێنەواری فیشەک بەسەرییەوە دیارە، لە ٢٤ی نیساندا، ئاشنا فەرهاد دانیشتووی شارۆچكەی سۆران لە سنووری هەولێر، بەشێوازێکی گوماناوی لەدوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سووتاوی هەولێر گیانی لەدەستدا.
لە ٣ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گەڕەكی تەیراوای پارێزگای هەولێر گەنجێكی تەمەن ١٨ ساڵ بە ١١ فیشەك خوشكە تەمەن ١٧ ساڵانەكەی خۆی كوشت و دواتر لەلایەن پۆلیسی شارەكەوە دەستگیر كرا. لە ٢٠ی ئایاری ئەمساڵدا، لە پارێزگای دهۆک ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٩ ساڵ هەوڵی کوشتنیدرا. لە ٢٣ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گوندی پیرڕەشی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژرا. لە ٢٨ی ئایاری ئەمساڵدا، لە پارێزگای هەولێر تەرمی ژنێکی گەنج بە ناوی خەرمان شەمسەدین دۆزرایەوە کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدابوو. لە ٣١ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گەڕەکی قەندیل لە شارۆچکەی چوارقوڕنە پیاوێك دەسڕێژی گوللـەی لە ماڵە خەزووری کرد و لە ئەنجامدا ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ، کە دەکاتە دایكی هاوژینی تەقەکەرەکە گیانی لەدەستدا. هەروەها، لە ٣١ی ئایاری ئەمساڵدا، لەبەردەم پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “دریم سیتی” لە شاری هەولێر ژنێک لەلایەن چەکدارێکەوە بە ١٠ فیشەک کوژرا.
لە ٢ی حوزەیران، لە گەڕەکی بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر ژنێکی گەنج بە ناوی سارا فەرەیدون خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. لە ١٦ی حوزەیران، لە سەنتەری ئیدارەی زاخۆ ژنێکی گەنج بە ناوی (ن،أ،ع) تەمەن ٢٦ ساڵ بە دەستدرێژی گولە لە لایەن هاوژینەکەوە کوژرا. لە ٢٢ی حوزەیران، ژنێک بە ناوی ئاشنا خەسرەو خوێندکاری پۆلی دەیەمی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا، کە ئاگر لە جەستەی بەربووە و بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا.
لە ٣ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە شارەدێی چوارقوڕنە، ژنێک بەناوی (هـ.ڕ) بەشێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات. لە ٥ی تەمووزی ئەمساڵدا، ژنێک بە ناوی مریەم سیارئاڤدەل، تەمەن ٤١ ساڵ، لەسەر بانی ماڵەکەی خۆی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا، هەروەها شەوی ١٢ی تەمووز، لە هەولێر، فریشتە سەعدی، پاش ئەشکەنجەدانی بە زیاتر لە ٩ گولـلە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراو، لە چۆڵەوانیەکی ناحیەی شاوێس تەرمەکەی فڕێدرا، هەروەها لە ١٤ی تەمووز،لە گەڕەکی شاکەل لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ژنێک بە ناوی (ز.ع ) و تەمەن ٦٦ ساڵ بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
کوشتنی ژنان بە یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت و لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان وەک نەریتێک دەبێنرێت کە لە کەلتووری کۆنەپەرستی وعەقڵییەتی پیاوسالارییدا سەرچاوەی گرتووە، کە زۆرجار لە لایەن باوک، برا و هاوژینەوە ئەو تاوانە ئەنجام دەدرێت و بانگەشەی پاراستنی شەرەف دەکەن، ژنان بە هۆی بڕیاری کەسیی وەک هەڵبژاردنی هاوژین، جیابوونەوە لە هاوژین، چۆنییەتی جلوبەرگ و تێکەڵاوبوون، چەندین هۆکاری بوونەتە قوربانی ئەو توندوتیژییە، لەم بارەیەشەوە هەریەکە لە گۆنا مەجید، پارێزەر، سەیوان ڕۆستەم، چالاکوان، بۆئاژانسەکەمان قسەیانکرد.
"بەپێی ئامارەکان ڕۆژبە ڕۆژ کوشتنەکانی ژنان ڕوو لەزیادبون دەکات"
گۆنا مەجید، پارێزەر، ئاماژەی بەکوشتنەکانی ژنان کرد، وتی: بەداخەوە بەپێی ئامارەکان ڕۆژبە ڕۆژ کوشتنەکانی ژنان ڕوو لەزیادبون دەکات، ئەمەش بەلای چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە و پارێزەرانەوە زۆر جێگەی نیگەرانیە، ئەویش لەبەرئەوەی کوشتنی ژنان لە ژێر کۆمەڵێک پاساودا جا پاساوی شەرەف و کێشە کۆمەڵایەتیەکان بێت یان هەندێک جارکوشتنی ژنان بەهۆکارێکە و هۆکارەکەس دەشارنەوە و دەیکەن بە هۆکارێکی تر، بۆیە کوشتنەکانی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوندایە، هەروەها کوشتنەکانی ژنان هەندێک جار لە میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە دووردەگیرێت و بڵاوناکرێتەوە، بۆیە کوشتنی ژنان بە هەر پاساوێک بێت ڕۆحێکە دەکێشرێت و دواجار ئەو کەسەشی ئەو تاوانە ئەنجامدەدات لە دادگا و سزا هەڵدێت.
"ئێمە یاسایەکی تایبەت بە کوشتنی ژنانمان نیە"
لە قسەکانیشیدا ڕایگەیاند: یاسای سزادانی عێراقیمان هەیە، کە کوشتنەکانی ژنان دەچێتە چوارچێوەی ئەم یاسایەوە و ماددەی ٤٠٥ و ٤٠٦ مان هەیە، کە ماددەی ٤٠٦ سزاکەی تا لە سێدارەدان دەڕوات، ماددەی ٤٠٥یش سزاکەی سجنی هەمیشەییە، کە ئەو کەسەی ببێتە هۆی کوشتنی ژنێک ئەوا بەپێی ئەم دوو ماددەیە سزادانی بۆهەیە، واتە ئێمە یاسایەکی تایبەت بە کوشتنی ژنانمان نیە، بەڵکو هەرئەو یاسایی سزادانی عێراقیەمان هەیە، کە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەی عێراقی و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها بەسەر کوشتنی ژنانیشدا جەێبەجێدەبێت، هەرچەندە ئێمە وەکو پارێزەران و ڕێکخراوەکان داوای ئەوەمان کردوە کە دادگایەکی تایبەت بە کەیسەکانی کوشتنی ژنان هەبێت، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ کەیسەکانی کوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبون دەکات لە هەموو پارێزگاکاندا، لەوانەیە پارێزگایەک لە پارێزگایەکی تر ئاستی کوشتنەکانی ژنانی تێدا بەرزبێت، بۆیە پێویستە ئەو دادگایە هەبێت، بۆئەوەی ڕاستیەکان تا دەگاتە دادگا وون نەبێت، بێگومان ئەو دادگایەشی داوای دەکەین دادگای تاوانەکانە، چونکە دادگای تاوانەکان تایبەتە بە کەیسەکانی کوشتن یاخود ئەو تاوانانەی کە سزاکەی لە ٥ساڵ زیاترە، لەلای هەموانیش ڕوونە کەیسی کوشتن یەکێکە لە کەیسە قورسەکان، بۆیە ئێمە پێمان باشە دادگایەکی تایبەتمەند بە بینینی کەیسەکانی کوشتن هەبێت بۆ بینینی کەیسەکانی کوشتن جا ئیتر کوشتنەکە لەناو خێزاندا یان لە دەرەوەی خێزاندابێت، هەروەها ستافێکیشی هەبێت چونکە زۆر جار پێش ئەوەی لێکۆڵینەوەکان و ڕاستیەکان ئاشکرا بیت و بگاتە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان وون دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسەی کە تاوانەکەی ئەنجامداوە ڕزگاری بێت لە سزا یاخود ئەو سزایەی کە شایەنێتی نادرێت، لەبەرئەوەی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەم دادوەرەکان و داداگادا هەیە ڕەنگە تا گەشتبێتە دەستی ئەوان گۆرانکاری تێداکرابێت، چونکە هەندێک بەڵگە ئەگەرلە کاتی خۆیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆینەکەنەوە لەوانەیە وونبێت.
"کەیسەکانی کوشتن تەنها لەیەک شوێندا کۆکراوەتەوە ئەویش بەشی نەهێشتنی تاوان و کوشتنە"
گۆنا مەجید، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا: لەکاتی ئێستادا بنکەکانی پۆلیس کەیسەکانی کوشتن نابینن، بەڵکو بەشی نەهێشتنی تاوانی کوشتنمان هەیە لەناو موکافەئەدا، کە ئەم بەشە تایبەتە بە کەیسەکانی کوشتن، واتە جگە لە کەیسی کوشتن هیچ کەیسێکی ترنابینن، جاران هەر ڕوداوێک ڕووی بدایە بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیە لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە و تاوانی کوشتنەکە دەکرد و دۆسیەکەی دەگرتە دەست و دواتر ڕێکارەکانی دەگرتەبەر، بەڵام ئێستا وانەماوە و کەیسەکانی کوشتن تەنها لەیەک شوێندا کۆکراوەتەوە ئەویش بەشی نەهێشتنی تاوان و کوشتنە، کە تەنها ئەوان دەتوانن لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی توندوتیژی بکەن، دواترکەیسەکە دەبرێتە بەردەم دادوەرەکان، ئەمەش جیاواز لە جاران کە دادوەرەکان کاری لێکۆڵینەوەیان دەکرد و کەیسەکانی کوشتنیان دەبینی، بەڵام ئێستا بەوشێوازە نەماوە، تەنها دادوەرێک کەیسەکانی کوشتنی ژنان دەبینێت و بەشی نەهێشتنی تاوانیش هەموو کەیسەکانی کوشتن دەبینێت.
"ئێمە بەهیچ شێوازێک لەگەڵ سوڵحی عەشایریدا نین"
لەدرێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە: ئێمە بەهیچ شێوازێک لەگەڵ سوڵحی عەشایریدانین، ئێمە لەڕوی یاساییەوە سوڵحمان هەیە و تەنەزولیشمان هەیە، ئەگەرلایەنی سکاڵاکەر تەنەزولی کرد بۆ لایەنی سکاڵالێکراو واتە تۆمەتبار، ئەوا لەو کاتەدا دادگا کۆتایی پێدێنێت ئەگەر حەقەکە تایبەتبێت بە سکاڵاکار، چونکە لە یاسادا حەقی گشتی و تایبەت هەیە، حەقی تاییبەتیش هی ئەو کەسەیە بۆیە کە تەنازول دەکات کۆتایی پێدێت، بەڵام لە حەقی گشتیدا دادگا سزای تۆمەتباردەدات بەڵام کەمتر لەو سزایەی کە کەسەکە تەنەزولی کردبێت و سوڵحی کردبێت، ئەگینا سوڵحکردن مانای ئەوەنیە کە کەیسەکانی کوشتن دادەدخرێت، بەڵام کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبونەوەی سزاکەی.
"پێویستە پەناببەنە بەرلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆئەوەی بەڵگەکان کۆبکەنەوە و وون نەکرێت"
لەکۆتایی قسەکانیدا، وتی: پەیام و ڕاوێژی ئێمە وەکو پارێزەرئەوەیە، ئەگەر کەیسێکی کوشتن ڕویدا پەنانەبەنە بەرهیچ شتێکی هەڵە، بەڵکو لایەنی پەیوەندیدارئاگاداربکەنەوە بۆئەوەی ئەو بەڵگانەی کە هەیە وون نەبێت، چونکە زۆرجاربەڵگەمان هەیە لەماوەیەکی زۆرکەمدا وون دەبێت، بۆیە پێویستە پەناببەنە بەرلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆئەوەی دەستبەجێ بگەنە سەرشوێنی ڕوداوەکە و بەڵگەکان کۆبکەنەوە و وون نەکرێت، چونکە ئەو تاوانەی کە لەو کاتەدا ڕویداوە زۆر گرنگە کە بەڵگەکان کۆبکرێتەوە لەلایەن لایەنە شارەزاکانەوە کە دواتردەبێت بە دۆسیەیەک، بۆیە دەڵێم هەرکاتێک هەر ڕوداوێک ڕویدا ئەگەر ڕوداوی کوشتنیش نەبێت پەنابەرنە بەرلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆئەوەی ئامادەیی کۆکردنەوەی ئەو بەڵگانەبن کە لەو کاتەدا هەیە و وون نەکرێت.
"کوشتنەکانی ژنان کۆتا پلەی توندوتیژیە کە بەرامبەر ژنان دەکرێت"
سەیوان ڕۆستەم، چالاکوان، ئاماژەی بە کوشتنەکانی ژنان کرد، وتی: کوشتنەکانی ژنان کۆتا پلەی توندوتیژیە کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، بەداخەوە هەتا وەکو ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەم دیاردەیە بونی هەیە، ئەم دیاردەیەش تەنها لەکۆمەڵگەی ئێمەدا نیە بەڵکو ڕیشەیەکی زۆر قوڵی هەیە، لەزۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا بونی هەیە بەتایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتوەکان و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بۆ کەمی هۆشیاری و نەبونی سەروەری یاسا و لایەنی ئابوری دەگەڕێتەوە، هەروەها هەبونی قەیرانەکان و ناجێگیری کۆمەڵایەتی کە بەردەوام وادەکات تاک و کۆمەڵگەی ئێمە کە لە ترس و دڵەراوکێدا بژین، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە توندوتیژی بەرامبەر بە یەکتری ئەنجامبدەن، هەروەها بەداخەوە ئەم ساڵ دیاردەی کوشتن زیادیکردوە، سەرەڕای هەبونی یاسا لەهەرێمی کوردستاندا، کە لەساڵی ٢٠٠ یاسای توندوتیژی خێزانی و ژنان هەموارکراوەتەوە، کە بەپێی یاساکە کوشتنی ژنان بە هەر بیانویەک بێت تاوانە، بەڵام بەداخەوە ئەو یاسایە لەزۆر شوێن کاری پێناکرێت، چونکە لەوانەیە بکوژەکان پاڵپشتێکیان هەبێت یاخود خۆیان بشارنەوە لەپەنای کەسانێکدا کە یاسای دەستی پێیان ناگات.
"ئەو ئامارانەشی کە لەبەردەستدان هەمیشە ئاماری راستەقینە نین"
ڕاشیگەیاند: ئەو ئامارانەشی کە لەبەردەستدان هەمیشە ئاماری راستەقینەنین، چونکە ئەگەر بۆ ئاماری ڕاستەقینە بگەڕێین لەوانەیە زۆر لەوە زیاتربێت، هەروەها هەندێک کوشتن هەیە کە ڕەنگە نەگاتە دەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا، بۆیە بەم شێوەیە ناتوانرێت بەتەواوی بزانرێت ڕێژەکە چەندە، بەڵام بونی یاسای توندوتیژی خێزانی و ژنان کە بەهەوڵی ڕێکخراوەکانی ژنانی باشوری کوردستان دەرکراوە، پاڵپشتیەکی باشی یاساییە، کە بەهۆی یاساوە هەوڵبدرێت ئەو دیاردەیە کەم بکرێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم یاسایە کوشتنەکان بەردەوامن چونکە بونی جەوهەری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە، دەبینین لە هەموو شوێنێک توندوتیژی و شەڕ وکوشتن هەیە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەرتاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت لەوە بەرەو توندوتیژی بچن، هەروەها بونی سۆشیال میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان کە خۆی کارێکی زانستیە و پێویستە بە لایەنی ئەرێنیەوە سودی لێوەربگیرێت بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆتە هۆکاری دروستبوونی هەڕەشە لەسەر ژنان و تاکەکانی کۆمەڵگە، بەجۆرێک کە هەموو کەسێک لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت توندویژی بەرامبەر ژنان بکات، بەڵام خۆشبەختانە دەبینین ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەڕەشە دەکەن دەدرێن بەدادگا و لێپێچیەنەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەمەش نەبۆتەهۆی ئەوەی ئەم دیاردەیە بنبڕبکرێت، چونکە ئەم دیاردەیە بە ئاسانی کۆتایی نایەت و پرۆسەیەکە پێویستە هەموو دامودەزگانێودەوڵەتی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکان بەردەوام کاری لەسەر بکەن، تاوەکو پێکەوە بتوانن هەوڵبدەن ڕیگری لە کوشتنەکانی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر منداڵان و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بگرن، ئەویش بە پلان و بەرنامەی ستراتیژی، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا و ئەو پلان و هەوڵانە لاوازن.
"دەستی عەشایەری باڵادەستە لە کۆمەڵگەکەماندا و یاسا بەتەواوی سەروەر نییە"
وتیشی: زۆرجار دەبینین لە جیاتی ئەوەی بە یاسا چارەسەری ئەو دیاردەیە و کوشتنەکان بکرێت، دەبینین لەڕیگەی سوڵحی عەشایەری و پێدانی بڕێک پارەوە ئەوکەیسانە دادەخەن بە تایبەتی کەیسەکانی کوشتنی ژنان، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژین، بەجۆرێک کەدەستی عەشایەری باڵادەستە لە کۆمەڵگەکەماندا و یاسا بەتەواوی سەروەرنیە، هەرچەندە سوڵحی عەشایەری لە ئێستادا کەمێک کەمی کردۆتەوە بەڵام لەهەندێک شوێن ئێستاش ژنان لە بری خوێن دەدرێن بە پیاوێک، سەرەڕای بونی یاسا و بەڕێوبەرایەتیەکان و ڕێکخراوەکان بەڵام ئەم دیاردەیە هەرماوە، بۆیە خەڵکی کاتێک متمانەی بەیاسا دەبێت کە بارودۆخێکی جێگیرهەبێت بۆ پەیڕەوکردنی یاسا تاوەکو خەڵکی پەنابەرنە بەر یاساکان بۆچارەسەرکردنی کێشەکانیان.
"لەگەڵ ئەوەدانیم ڕوداوەکان بشاردرێتەوە یان پەردەپۆش بکرێن"
وتیشی: ئەو دەزگایانەی کە تایبەتن بە کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان پێویستە بە شێوازێکی یاسایی ڕوی ڕاستی ئەو تاوانانە بخەنەڕوو وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدانیم ڕوداوەکان بشاردرێتەوە یان پەردەپۆشبکرێن لەبەرهەرهۆکارێک بێت، چونکە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا مرۆڤەکان توندوتیژی بەرامبەر یەکتری ئەنجامدەدەن، بۆیە بڵاوکردنەوە و پێدانی ئامارەکان دەبێت بە شێوەیەک بێت ئامانج لێێ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان بێت، هەروەها پێویستە توێژینەوەیەکی لەسەربکرێت تاوەکو هۆکارەکانی بزانرێت وبخرێتەڕوو، تاوەکو کاربکرێت بۆنەهێشتنی ئەو هۆکارانە.
"پێویستە پاڵپشتی یاسایی و هۆشیاری تاکەکان زیاتربێت بۆئەوەی دوربکەونەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی"
لەکۆتایی قسەکانیدا سەیوان ڕۆستەم جەختی لەوەکردەوە: پێویستە پاڵپشتی یاسایی و هۆشیاری تاکەکان زیاتربێت بۆئەوەی دوربکەونەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی، لەجیاتی ئەوەی پەناببەنەبەر تۆڵەکردنەوە، ئەمەش پێویستە لە کاتی فێربونی ئەلف و بێوە فێربکرێن، ئەویش بەهاوکاری دەزگاکانی پەروەردە و ڕێکخراوەکان، بۆئەوەی هزری توندوتیژی و تۆڵەکردنەوە لەناو تاکەکاندا نەمێنێت.