ناڕەزایەتی ژنان لە هێڵی مێژووی ڕژێمی ئێران

پاش دوو هەفتە لە شۆڕشی ڕژێمی ئێران حیجابی زۆرەملێ بە یاسا بەسەر ژناندا سەپێندرا، کە بووە هۆی نیشاندانی ناڕەزایەتی جەماوەری و چوونە سەر شەقامی ژنان لە دژی یاساکە بەڵام ڕژێم بە توندی بەرپەرچی دانەوە، تا ئێستاش ژنان زیندانیدەکرێن و ئەشکەنجەدەدرێن.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ-  باڵاپۆشی یاخود حیجابی زۆرەملێ لە ئێران پاش ٢ هەفتە لەدوای شۆڕشی ڕژێمی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩بوو، لە ڕێگای سەرکوتکردن و سەپاندنی سزاوە بەسەر ژناندا سەپێندرا، ئەم بڕیارە لەلایەن خومەینییەوە دەرکرا و داوای لە ژنان کرد یا کار نەکەن یان ئەوەی کە ئەگەر دەتانەوێت کار بکەن دەبێت خۆتان باڵاپۆش بکەن.

 

بڵاو بوونەوەی ئەم فتوایە ناڕەزایەتی ژنانی بەدوای خۆی دا هێنا و زیاتر لە ٨ هەزار ژن لە زانکۆی تاران دا کۆبووونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا، ژنان بەمەوە نەوەستان و بڕیاریاندا لە  ڕۆژی جیهانی ژن ٨ی ئاداری هەمان ساڵ واتە ١٩٧٩بڕژێنە شەقامەکان و ڕێپێوان ئەنجام بدەن،  لەم ڕێپێوانەدا ١٥هەزار ژن بەشداریان کرد و وتیان ئێمە حیجابی زۆرەملێ و سەرکوت قبووڵ ناکەین، ئەم ناڕەزاییەتییانە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە.


بەڵام ئەم ڕژێمە گوێی بۆ داخوازییەکانی ژنان نەگرت و لە ساڵی ١٩٨٣دا دوای پەسندكردنی یاسای سزادانی ئیسلامی، ڕووبەڕووبوونەوەی یەکەکانی ئاکار بە فەرمی شێوەی یاسایی دەگرێتەبەر و ئەو ژنانەی لە شوێنی گشتیدا بەبێ حیجاب دەرکەوتوون، سزای لێدانی ٧٤ قامچیان بەسەردا سەپێندرا، لەدوای دەرکردنی ئەم یاسایە لە سەردەمی سەرۆکایەتی هاشمی ڕەفسەنجانی ئەو یەکانە لە شارەکاندا دەست بە کار دەکەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ژنانەی بە گوتەی ئەوان حیجابەکانیان تەواو نییە، چونکە بە پێی وتارەکانی ئەوان ژنان تەنیا دەبێت دەموچاو و مەچەکانیان دیار بێت.

 

لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٦ دا بەرپرسانی پۆلیس دەستبەکاربوونی یەکەکانی گەشتی ئیرشاد یاخود گەشتی ڕەوشتیان ڕاگەیاند و گوتیان تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسانی بەد حیجابە، بەڵام سەرکوتکارییەکانی گەشتی ئیرشاد تەنها بە ئاگادارکردنەوە و هۆشداری کۆتایی نەهات و لەو کاتەوە تاکو ئێستا ڕۆژانە دەستبەسەرکردن و ئازاری ژنان بە بیانووی بەد حیجابییەوە،بەڕێوە دەبەن.

 

بەڵام ژنانیش بێدەنگ نەبوون و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەم یاسایەدا دەربڕی، هوما دارابی دکتۆری مناڵان و دەرون ناس وەک یەکەمین کەس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەرکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لە ٢١ی شوباتی ١٩٩٤دا لە مەیدانی تەجریشی تاران ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا.
 

قۆناغ بە قۆناغ ناڕەزایەتی ژنان بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ بەردەوام بوو و لە هیچ سەردەمێکدا ژنان  بێدەنگیان بەرامبەر ئەم فتوایە هەڵنەبژاردووە، لە ساڵی ٢٠١٨ ویدا موحێد بە نازناوی دختر خیابان ئینقلاب بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر حیجابی زۆرە ملێ بە بەرز کردنەوەی سەرپۆشێکی سپی چالاکی ئەنجامدا و دواتر لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە دەستبەسەر کرا.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠و٢٠٢١چەندین ژنی دیکە کە لەم بوارەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەستگیر کران و زیاتر لە ٥٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە.

یاساکانی پەیوەست بە حیجابی زەرەملێ کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا ژیانی بۆ زۆرێک لە ژنانی ئێران قورس کردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا توندتر بوون، جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوەتەوە كه‌ گرنگیدان به‌م بابه‌ته‌ ده‌بێت یه‌كێك له‌ کارە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی بێت.

ئیبراهیم ڕەئیسی دوای دەستبەکاربوونی فەرمانی بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێران کرد کە یاساکانی حیجاب قورستر بکەن و بڕیارنامەی ساڵی ٢٠٠٤ی تایبەت بە پاکیزەیی و حیجاب لە وڵاتەکەدا جێبەجێ بکات، پێچەوانەی ئەوەی بە بڵاوبوونەوەی بێ ڕەوشتی بەناوکرد، ئەم بڕیارنامەیە ٤٦ بڕگە لە خۆ دەگرێت، لەوانەش زیندووکردنەوەی نەریتی فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە، هەوڵی خێزانەکان بۆ پێکهێنانی ناسنامەیەکی ئایینی لە کچاندا، ڕێگریکردن لە مۆدێل و لاسایی کردنەوەی مۆدێلە خۆرئاواییەکان، سەرنجی میدیاکان بۆ خستنەڕووی مۆدێلێکی گونجاوی حیجاب و هەروەها دامەزراندنی ئەو سەرچاوە مرۆییانە کە ئاگاداری بنەما ئاینییەکان و حیجاب بن.

دوابەدوای فەرمانەکەی ڕەئیس، یەکەکانی گەشتی ئیرشاد بەراورد بە ڕابردوو جارێکی تر بە شێوەیەکی چالاک و دڕندانە دەستیانکردەوە بە دەستبەسەرکردنی ژنان لە ژێر ناوی پابەندنەبوون بە یاساکانی حیجاب و لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ماکیاژی ژنانیان دەسڕی و بێڕێزییان پێدەکردن.
 

بە نموونە دەستگیرکردنی سپیدە ڕەشنۆ و لێدوانی زۆرەملێ و دەستبەسەر کردن و دواجار کوشتنی ژینا ئەمینی نموونەیەکی دیکەیە لە سەرکوتکردن و هێرشەکانی یەکەکانی گەشتی ئیرشاد، کە ناڕەزایەتییەکی بەرفەراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.