١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی پرسوسدا تێپەڕیوە و کاریگەرییەکانی تا ئێستاش ماون-١

دوای ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی پرسوس لە باکووری کوردستان، خێزانی زیانبەرکەوتووان و ڕزگاربووان بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەوەی کە دادپەروەری بەدی نەهاتووە.

کۆمەڵکوژی پرسوس: تاوانبارانی ڕاستەقینە لە کوێن؟

 

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ڕەحا-لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥ فیدراسیۆنی کۆمەڵە لاوانی سۆسیالیستی (SGDF) بانگەوازێکی بە دروشمی "بەیەکەوە بەرگریمان لە کۆبانێ کرد، پێکەوە ئاوەدانیدەکەینەوە"، ڕایگەیاند، کە شاندێک لە نێوان ١٩ بۆ ٢٤ی تەمووزی ئەو ساڵەدا لەوێ دەبێت.

 

لە بانگەوازەکەدا، هاتووە کە بەشداربووان بەشداری هەوڵەکانی لابردنی داروپەردوو لە کۆبانێ دەکەن و دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شتانە دەکەن کە لە پارک و باخچەی ساوایان و نەخۆشخانەکاندا وێران بوون، هەروەها کەرەستەی پەروەردەیی و یاری بۆ منداڵان دەهێنن.

 

لەڕاستیدا، لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥، نزیکەی ٣٠٠ کەس لە تەمەن و پیشە و ناوچە جیاوازەکاندا، بە هەڵگرتنی یاری و یارمەتی مرۆیی بۆ کۆبانێ گەیشتنە شاری پرسوس، لەکاتی مانەوەیان لە ناوەندی ڕۆشنبیری ئامارا و ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، هێرشێکی خۆکوژی لەلایەن تیرۆریستێکی داعش بە ناوی عەبدول ڕەحمان ئالاغۆز ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا ٣٣ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

دەوڵەتی تورک پێشتر زانیاری لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی هەبوو

لە کاتی دادگاییکردنی سەرەکی پەیوەست بە کۆمەڵکوژیی پرسوس، دەرکەوت کە هێرشە خۆکوژییەکە لە شارۆچکەیەکی سنووری لەگەڵ کۆبانێ ڕوویداوە، کە هەموو شەقامەکان لەلایەن کامێرای ئەمنی (MOBESE) چاودێری دەکرێن و پێشتریش زانیاری هەواڵگری سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنی لەبەردەستدا بووە.

 

سێ ڕۆژ بەر لە کۆمەڵکوژییەکە، ڕۆژی ١٧ی تەمووزی ٢٠١٥، بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە واژۆی قایمقامیەتی ڕەهای لەسەر بوو، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پرسوس کرا، کە هۆشداری لە ئەگەری هێرشی خۆکوژی دا و داوای ئەوپەڕی وریایی کرا، هەروەها "بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕووداوە ئەگەرییەکان لە پارێزگای پرسوس و دوورکەوتنەوە لە ڕووداوێکی دڵتەزێن، بڕیاردراوە، لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٥ەوە، تاوەکو ئاگادارییەکی دیکە، جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنە ئەمنیانەی خوارەوە... بەڕێوەبەری ئاسایشی پرسوس بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنیان، بە بەشداری ٤٠ ئەفسەری پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕان، دوو ئۆتۆمبێلی تۆما، ئۆتۆمبێلی شۆرتلاند... هەموو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەبێت مەشق و ڕاهێنان بکەن ئەوپەڕی وریایابن سەبارەت بە ئەگەری هێرشی خۆکوژی.

 

بەڵام دوای تەقینەوەکە، پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕان ڕێگای بەردەم ناوەندی ڕۆشنبیری ئامارایان داخست و ڕێگری لە گەیشتن بە ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزی بە برینداران دەکات، هەروەها پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی دژ بە ڕزگاربووانی بۆردوومانەکە بەکارهێنا.

دادگای دوای ١٨ مانگ دەست پێدەکات

دادگاییکردنەکەی پەیوەست بەو کۆمەڵکوژییە لە ٥ی ئایاری ٢٠١٧ دەستیپێکرد، دوای ١٨ مانگ لە ڕوودانی، لە تۆمەتبارکردنەکەدا جگە لە عەبدول ڕەحمان ئالاغۆز، یونس دورماز کە لە غازی عەنتاب (دیلوک) خۆی تەقاندەوە، خەلیل ئیبراهیم دورغون، کە لە هێرشەکەی سەر بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی غازی عەنتاب کوژرا، یاقوب شاهین، کە لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرا دەستگیرکرا، دێنیز بویوکچەلێبی، بەرپرسی داعش لە سنووری تورکیا و سووریا، ئیلهامی بالی کە بە "ئەمیری" داعش لە سووریا پێناسە دەکرێت.

 

داواکاری گشتی ڕەها سەرەتا لێکۆڵینەوەی لە ١٥ کەس کرد بەڵام دۆسیەکە تەنها لە دژی سێ کەس بەردەوام بوو، داوای ١٠٤ سزای هەتاهەتایی بۆ ئەوان کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێکخراوی دەستووری، ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار، کوشتنی بە ئەنقەست بە بەکارهێنانی تەقەمەنی و ئامرازی دیکە.

 

ڕەخنە لە لێکۆڵینەوەکە

پارێزەرانی دۆسیەی کۆمەڵکوژی پرسوس ڕایانگەیاند، کە لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام نەدراوە و ئەم کەمتەرخەمییە ڕێگەی بۆ هێرشەکانی دواتری داعش لە ئەنقەرا و ئیستەنبوڵ و غازی عەنتاب خۆش کردووە، تاکە تۆمەتبار کە لە دەستبەسەردایە، یاقوب شاهین، کە هاوکات لە پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەکەی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرا دەستبەسەر بووە، هەرگیز لە دانیشتنەکانی دادگاییکردن کە لە کۆمەڵگەی زیندانی هیلڤان بەڕێوەچوو، نەخراوەتە بەردەم دادگا، لە هەموو دانیشتنێکدا خێزانی زیانبەرکەوتووان چەندین جار داوای "با تۆمەتبار دەرکەوێت و سەیری چاومان بکات" کرد.

 

هەموو داواکارییەکانی خێزانەکان ڕەتکرانەوە

تا دانیشتنی سزادان، دادگا وەڵامی هیچ کام لە داواکارییەکانی خێزانەکانی زیانبەرکەوتووان و پارێزەرەکانیان نەدایەوە، زیانبەرکەوتووانی ئەو کۆمەڵکوژییە و کەسوکاری زیانبەرکەوتووان و پارێزەرانی ئەو دۆسیەیە چەندین جار تووشی گرتن و دەستبەسەرکردن بوون و بەشێکیان تا ئەمڕۆش لە دەستبەسەرکردندان، لە نێویاندا پارێزەر سوزین ئوچار هەیە کە هاوکات هاوسەرۆکی پارتی ESP ە.

بڕیار لە دژی تاکە تۆمەتبار

لە دانیشتنەکەدا، کە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، دادگا سزای ٣٤ سزای هەتاهەتایی بەسەر یاقوب شاهیندا سەپاند، دادگاییکردنی دوو تۆمەتباری هەڵاتوو بە ناوەکانی دێنیز بیوکچەلەبی و ئیلهامی بالی بەردەوامە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦دا، ١٠٨ەمین دانیشتنی دادگاییکردنەکەیان لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی پێنجەم بەڕێوەچوو.

 

دادگا داوای گوێگرتن لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا و ئیلیاس ئایدن، سەرکردەی داعشی وەک شایەتحاڵ ڕەتکردەوە و دانیشتنەکەی تا ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دواخست.

 

هاوکات کەسوکاری زیانبەرکەوتووان سکاڵای تاوانکارییان لەسەر چەند بەرپرسێکی گشتی تۆمارکرد کە بە کەمتەرخەمی لە ئەرکەکانیان تۆمەتباریان کردن، لەوانە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، بەڵام دادگاییکردنەکە سنووردار بوو بە سەرۆکی پۆلیسی پارێزگای پرسوس کە ئەوکاتە، محەمەد یابالیال و دوو ئەفسەری پۆلیس کە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پرسوس کاردەکەن.

 

ئەم فەرمانبەرانە بە تۆمەتی کەمتەرخەمی سزای حەوت مانگ و نیو زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکە بۆ سەرپێچی گۆڕدرا، خێزانی قوربانییزن پێیان وایە کە هێشتا دادپەروەری لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی پرسوسدا نەدراوە و دادپەروەری ڕاستەقینە تەنها بە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە بەڕاستی بەرپرسیارن لە تاوانەکە بەدەست دێت.

 

سبەی...١١هەمین ڕۆژی ماتەمینی بۆ دایکی عوسمان.