ژینگەی هەرێمی کوردستان بەرەوکوێ دەچێت؟...٣

یەریڤان شاسوار، ئەندامی گروپی گۆیژەبپارێزە دەڵێت: ئەو گروپە هەوڵی بۆ ڕێگریکردن لە بڕینی شاخەکان بۆ دروستکردنی پڕۆژە دەگرت، ئامانجی وەستاندنی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەیە کە بناری شاخی گۆیژەی دەگرتەوە، تەواوی ئەندامەکانی ڕوبەڕووی ئاستەنگی دەکرانەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژینگەی باشووری کوردستان بە دەستی ناوخۆیی و دەرەکی هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسییەکان و ڕازیکردنی داگیرکەرانی دراوسێ قڕکردنی ژینگەی ئەنجام دەدرێت، تەنها ئامانجێک لای دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان مابێتەوە پڕکردنی گیرفانیانە تا سیستمی سەرمایەداری بەرەوپێش ببەن، ئەو سیستمە سەرمایەدارییە چیای گۆیژەی گرتەوە، کە بۆ بونیادنانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون دارەکانی چیاکەیان دەبڕیەوە، هاوڵاتیانی شارەکە و ژینگەپارێزانی هەرێم ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە دەربڕی، هەروەها لە ڕێگەی ئەنجامدانی وۆکشۆپەوە زانیاری مەترسیداریان بۆ هاوڵاتیان خستەڕوو، دواتر لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤دا، گروپی''گۆیژە بپارێزە'' لە لایەن ژینگەدۆستان و هاوڵاتیانی شارەکەوە دروستکرا، کە بەردەوام هەوڵی پاراستنی گۆیژەیان دەدا و چەندین چالاکی و گردبوونەوەیان ئەنجامدا، بەڵام لە کۆتاییدا دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە هێزی چەک پاشەکشەی پێکردن، بۆیە داوجاردەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە پێناو سیستمی سەرمایەداری کارەکانی گروپی گۆیژەیان وەستان، بەڵام چالاکوانانی ژینگە هەمیشە بەردەوام دەبن لە پاراستنی ژینگەی باشووری کوردستان.

 

" دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بە دەستی دەرەکی و ناوخۆیی هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن "

یەریڤان شاسوار، توێژەری بواری ژینگە، وەک ئەندامێکی گروپی گۆیژە بپارێزە، باس لە گروپی ژینگە بپارێزە دەکات، دەڵێت: ئەو گروپە هەوڵی بۆ ڕێگریکردن لە بڕینی شاخەکان بۆ دروستکردنی پڕۆژە دەگرت، ئامانجی وەستاندنی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەبوو کە بناری شاخی گۆیژەی دەگرتەوە، کە لە ڕێگەی بڕینی شاخەکانەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان دەدرێت، بەڵام ئەو گروپە لە لایەن دەستی ناوخۆوە ڕێگری لە کارکردنی لەسەر پرسی ژینگە لێکرا، پاشان ئەو گروپە نەگەیشتە ئەنجامی پاراستنی گۆیژە، لە ئێستادا شاخەکان و دارەکان دەبڕدرێن بۆ بونیادنانی پڕۆژەکان تا سیستمی سەرمایەداری ڕازی بکەن، بەڵام لە ڕێگەی گروپی گۆیژە بپارێزە کۆمەڵێک لە ژینگە دۆستان و هاوڵاتیان و ڕاگەیاندکاران،  بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ناوچەکە بەلە گروپەکەدا دەکرد، کە دەنگ و ڕەنگی تەواوی گروپە ژینگەیەکان بوو، هەروەها ئامانجەکە ڕونبوو، تا گۆیژە وێران نەکرێت هەوڵمان دەدا، لە ڕیگەی گروپی گۆیژە بپارێزە سەرەتا وەک وتنەوەی سیمینار و وۆرکشۆپەکانەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە ئامانجی دروستنەبوونی زیانەکان بۆ سەر مرۆڤەکان هەوڵماندەدا، لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە هاوڵاتیانی شاری سلێمانیمان لە زیانەکانی لەناوبردنی گۆیژە ئاگادار دەکردەوە، پاشان لە ڕێگەی دروستکردنی فشارەکان بۆسەر دەسەڵاتداران و پڕۆژەکان هەوڵمان دەدا، بەڵام دەسەڵاتداران لە ڕێگەی هێزەوە بەردەوامبوون لە ئازاردان و گرتنی ئەندامانی ناو گروپی گۆیژە بپارێزە، بەداخەوە ئەو گروپە لە ڕێگەی هاوڵاتیانی شاری سلێمانییەوە پارێزەری ژینگەی شارەکە ببوایە، بەڵام دەسەڵاتداران ڕێگری توندیان دەکرد، لە کۆتاییدا بە نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ ئەندامیک لە گروپەکەدا بەردەوامبوو، تا بەردەوامی پڕۆژەکان و هەڕەشەکردن لە ئەندامەکان وردەورە گروپەکە کارەکانی وەستاند، بەڵام گروپی گۆیژە بپارێزە لە ئێستادا هەر گروپێکە ژینگە دۆستان پرس و ڕاوێژە ژینگەیەکانی تێدا ئاڵوگۆڕ دەکەن.

 

یەریڤان شاسوار، ئاماژەی بەوەکرد دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و ڕازیکردنی سیستمی سەرمایەداری ژینگە و مرۆڤەکان بەرەو لە ناوبردن دەبەن، وتی: لایەنی پەیوەندیدار پڕۆژەی درێژخایەنی نییە، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ژینگە لە داهاتوودا، هەلومەرجی ژینگەیەکی تەندروست لە داهاتوودا بوونی نییە، تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانیان هەوڵ دەدەن، لە ئەنجامدا ژینگە لەناودەبەن و لە داهاتوودا مرۆڤەکانیش بەهۆی نەبوونی ژینگەی تەندروستەوە لەناو دەچێت، لە ئێستادا بەربژێرانی پەرلەمانی عێراق لە ڕیگەی پۆستەرەکانەوە ڕیکلام دەکەن، بەڵام کەسێکیمان نەبینی باس لە هەبوونی ژینگەیەکی تەندروست بکات، ئەمە دەریدەخات تەنها ئامانجیان پڕکردنی گیرفانیانە، نەک سەوزکردنی شارەکان تا ژینگەیەکی تەندروستمان بۆ نەوەی داهاتوو هەبێت، تەنها شەڕی دەسەڵات و پارە لە لایەنە سیاسییەکاندا دەبیندرێت، بەڵام بێئاگا لەوەی بیری هاوڵاتیانی ئەکادیمی و ژینگەدۆست بۆ وڵاتیان لە ڕێگەی پارە و هێزەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

 

" ژینگەی وڵاتەکەم موڵکی مرۆڤەکانە، نەک موڵی لایەن و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە"

یەریڤان شاسوار، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ژن وەک دایک و بەرپرسی خێزان ڕۆڵی گرنگ لە پاراستنی ژینگەدا دەگێڕێت، ئەو ڕۆڵە پەروەردەیەی بە نەوەی داهاتووی دەڵێتەوە، لە ڕۆڵی زۆر لە دامەزراوەکان بۆ ژینگە گرنگترە، سەرەڕای ماڵەکانمان ئیمە ماڵێکی گەورەترمان هەیە، کە ئەویش ژینگەی شارەکەمانە، پێویستە لە چوارچێوەی ماڵەکان بێینە دەرەوە، دەبێت هاوڵاتیان لە ڕێگەی دەنگهەڵبڕینەوە هەوڵی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە بدەن، ئەگەر ٨٠٪ هاوڵاتیان هەوڵ بۆ پاراستنی خاک لە داگیرکەرانی ناوخۆ و دەرەکی بدەن، ئێمە خاوەنی ژینگەیەکی تەندروست و باش دەبین، ئەوەی داگیرکەران لە ناو باشووری کوردستاندا پییناکرێت، لە ڕێگەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆوە بۆ لەناوبردنی خاک ئەنجام دەدرێت، داگیرکەرانی دەرەکی بە چەک و کیمیای لە ناوت دەبەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ناوخۆ بە لەناوبردنی ژینگە لە ناوتدەبەن،  ئێمەی مرۆڤ بە شێوازیکی دڕندە ئاگرمان لە چیاکان بۆ نیشتەجێبوون بەردەدا، کە ژیانمان ل ئاژەڵەکان گۆریوە، لە ژیانی سروشتی خۆیاندا ناتوانن بژین، هەروەها ناوچە سنورییەکان لەناودەبرێت، پاشان کارئاسانی بۆ تێکدانی ژینگەی ناو شارەکان دەکرێت، تەنها ئامانجیان ئەوەیە لە ڕێگەی لەناوبردنی ژینگەوە هاوڵاتیانی باشووری کوردستان لەناوببەن، وەک ئەندامی گروپی گۆیژە بپارێزە، هەر بەردەوام لە خزمەتی ژینگەکەمدا دەبم، چونکە ژینگە ژیانی من و نەوەی داهاتوو بونیاد دەنێت، موڵکی هیچ لایەن و دەسەڵاتدارێک نییە، هەروەها پاراستنی ژینگە بە گۆیژە بپارێزەوە نەبەستراوەتەوە، ئەگەر گۆیژە بپارێزە لە خاڵێکدا وەستابێت، بەڵام پاراستنی ژینگە بە سەدان شێوە و چالاکی دیکە بەردەوام دەبێت.