قەیرانێکی ژینگەیی لە کرماشان؛ چەمی قەرەسوو دوا هەناسە دەدات

چەمی قەرەسوو هێمای ژیان و شکۆمەندییە لە کرماشان، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی چاوەدێری کاریگەر و لاوازی جێبەجێکردنی یاساکانی ژینگە، لە ژێر داروپەردووی پیسبوون و پشتگوێخستن دەخنکێت.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان- لە ڕابردوودا، شاعیرانی کرماشان لە شیعرەکانیاندا باسیان لە گەورەی و شکۆمەندی چەمی قەرەسوو دەکرد و بە "ڕووبار بەرەو خۆر" ناویان دەبرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەم ڕووبارە سەختە خەریکە دەبێتە یادگاری و بەرەو لەناوچوون و کۆتایی تەمەنی هەزاران ساڵەی دەڕوات.

 

قەیرانی ژینگەی لە کرماشان

وشکبوونەوەی ڕووبارەکان و نەمانی چەمی قەرەسوو لە قەیرانە ژینگەییەکانی کرماشانن، لە ساڵانی ڕابردوودا، لە ئەنجامی سیاسەتە ژینگەپارێزییە ناکاریگەرەکانی حکومەت، زۆرێک لە سەرچاوە سروشتییە بەنرخەکانی کرماشان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، کە لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوونی جۆراوجۆر و نەمانی هەزاران جۆری ئاژەڵ لە دەرئەنجامە هەرە دیارەکانی ئەم ڕەوتەن، لە گرفتە هەرە بەرچاوەکانی ئێستای پارێزگاکە وشکبوونەوەی ڕووبارەکان و پیسبوونی توندیان بە هۆکاری جۆراوجۆر.

 

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، هۆکارە مرۆیی و ئیدارییەکان ڕۆڵی سەرەکی و ڕاستەوخۆیان هەبووە لە دروستبوونی ئەم پیسبوونە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە ڕووبار و دەریاچەی پارێزگاکە وەک چەمی قەرەسوو بە تەواوی وشک بوون یان بە پیسکەری جۆراوجۆر پیس بوون، پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا سەرچاوەی زیاتری ئاوی سەرزەوی تووشی ئەم چارەنووسە ببن.

 

لەم هەلومەرجە و وشکبوونەوەی چەمی قەرەسوو، ترسەکان زیادیان کردووە کە هەمان ئەم وشکەساڵییە لە چەمی قەرەسوو دووبارە ببێتەوە، ئەم زێیە کە لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٨ەوە لە لایەن بەرپرسی بەشی چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژینگەی پارێزگای کرماشانەوە بە "پیسترین ڕووباری کرماشان" دەستنیشان کراوە، ئێستا لە مەترسی وشکبوونەوەدایە و ببێتە شوێنی فڕێدانی هەمیشەی پاشماوە و ئاوەڕۆی ناوخۆی و پیشەسازی.

 

جێگەی مردن بۆ ماسی

هەر لەو ڕاپۆرتەدا، بەرپرسی پەیوەندیدار ئاوی پیسی ناوخۆی وەک هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەستنیشان کردووە و هاتنە ناوەوەی ئاوی پیسی پیشەسازی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا)، زیاتر لە ١٠٠ هەزار ماسی لەم ڕووبارەدا بەهۆی پیسبوونی پاشماوەی یەکەیەکی پیشەسازییەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

پاڵاوگەی نەوت سەرچاوەی پیسبوونی کانزا قورسەکانە

لە ساڵی ٢٠١٩ سێ خوێندکاری بەشی جیۆلۆجی لە زانکۆی خوارزمی لە تاران توێژینەوەیەکیان لەسەر پیسبوونی چەمی قەرەسوو بڵاوکردەوە، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاستی پیسبوون و سەرچاوەی کانزا قورسەکانی ناو نیشتووەکانی سەر ڕووی ئەم ڕووبارە لە پارێزگای کرماشان گفتوگۆ کردووە، ئەنجامەکان ئاماژەیان بە بوونی کانزا قورسەکانی وەک زینک، مس و کانزا ژەهراویەکان لە ئاوی ڕووبارەکەدا کردووە کە سەرچاوەی سەرەکی پاڵاوگەی نەوتی کرماشانە.

 

ڕاپۆرتەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات، کە وێستگەکانی چاودێری پیسبوون لە ناوچەکانی ڕووباەکە لە نزیک پاڵاوگەی نەوت و ناوچەی پیشەسازی بەرزترین ئاستی پیسبوونیان تۆمارکردووە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دامەزراوە حکومییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پیسبوونی ئەم ڕووبارە و زیانگەیاندن بە ئیکۆسیستەمەکەی.

 

بەشێک لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە بوونی کانزا ژەهراویەکان دەکات لە ئاوی ڕووبارەکەدا و جەخت لەوە دەکاتەوە، هەروەها کانزا ژەهراوییەکان دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی ئاوی دروست بکات تەنانەت لە چڕییەکی کەمدا، بە پشتبەستن بە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەتوانرێت بڵێین پیسبوونی چەمی قەرەسوو لە ئەنجامی کردەوەی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی سەر بە حکومەتە و بە مەبەستە، ئەو بانگەشەیەی کە وتیان پیسبوونی ئەم ڕووبارە بەهۆی ئاوەڕۆی ناوخۆییەوە دروست دەبێت، دەنگۆیە.

 

ئەم ناتەباییە لە ڕاپۆرتکردندا، ئەوە دەردەخات کە حکومەت بە پشتگوێخستنی دۆخی مەترسیداری ڕووبارەکە، هەوڵدەدات قەبارەی قەیرانەکە کەم بکاتەوە نەک ڕوونی و زانیاری دروست، ئەم ڕێبازە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرکوتکردنی هەواڵ و کەمکردنەوەی هەستیاری گشتی بەرامبەر بە پرسە ژینگەییەکانی لەم جۆرە.

 

کۆکردنەوەی تاقیکاری و بەردەوامی پیسبوون

لەم ساڵانەی دواییدا، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، وەک کۆمپانیای ئاوی پارێزگا، شارەوانی، ئیدارەی ژینگە و ئەوانی دیکە لە پارێزگای کرماشان، هەوڵی هەڵکەندنی ئەم ڕووبارەیان داوە بۆ لابردنی پاشماوەکانی، بەڵام سەردانەکانی مەیدانی دەریدەخەن کە ئەم چالاکییە زیاتر کاری میدیای بووە و حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکی بەرچاوی نەگرتووەتەبەر بۆ ڕزگارکردنی لە پاشماوە کیمیاییەکان.

 

لە ئێستادا، کەڵەکەبوونی پاشماوەی قورسی بونیادنان بەدرێژای کەنارەکانی ئەم ڕووبارە و بوونی پاشماوەی جۆراوجۆر لە ئاوەکانیدا ژیانی ئەو زیندەوەرانەی تێکداوە کە پشتی پێدەبەستن.

 

لە زۆر شوێنی ئەم ڕووبارەدا، ئاوی پیسی شار و بونیادنانی ڕاستەوخۆ بەبێ هیچ چارەسەرێک دەڕژێتە ناویەوە، لە ئەنجامدا، بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاک، کەڵەکەبوونی بڕێکی زۆر خاشاک لەسەر ڕووی ڕووبارەکە بەشێکی زۆری جۆراوجۆری زیندووی ئیکۆسیستەمەکەی لەناوبردووە، ئەو چەند جۆرەی کە ماونەتەوە ناچار بوون لەگەڵ پیسکەرە جۆراوجۆرەکاندا پێکەوە بژین، لە زۆر شوێن بنی ڕووبارەکە وشک بووە و ئاوەکەی کە ماوە وەستاوە، ئەم پچڕانە لە ڕۆیشتنی ئاودا کە بەهۆی وشکبوونەوەی بەشەکانی بنی ڕووبارەکەوە دروست بووە، وایکردووە زیندەوەرە ئاوییەکان کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی دیکە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی ئەو ئاژەڵانەی لە ناوچە وشکەکاندا دەژین.

 

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی لەناوچوونی چەمی قەرەسوو

جگە لە قەیرانە ژینگەییەکان کە چەمی قەرەسوو ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی لەناوچوونیشی لەبەرچاو دەگیرێت، زۆرێک لە دانیشتوانی کەناری ڕووبارەکان ساڵانێکە سەرچاوە ئاوییەکانی بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ و تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنن، لەگەڵ تێکچوونی کوالیتی و بڕی ئاو، ئەم دانیشتوانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕاستی بژێوی بوونەتەوە، لە نێو ئەو کێشانەی کە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی کەناری ڕووبارەکان هەیە، کە زیادبوونی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئاوە.

 

لە لایەکی تریشەوە وێرانکردنی ئەو ڕووبارە بە واتای لەدەستدانی بەشێک لە شوناسی مێژووی و کولتووری کرماشانیش دێت، ئەم ڕووبارە نەک هەر لە شیعر و ئەفسانە ناوخۆییەکان پێگەیەکی تایبەتی هەبووە، بەڵکو ڕۆڵێکی سەرەکی لە مێژووی سەرەتای نیشتەجێبوون لەم ناوچەیەدا هەبووە، لە ڕاستیدا، پشتگوێخستنی پاراستنی، یەکسانە بە پشتگوێخستنی میراسی کولتووری و مێژووی پارێزگاکە.

 

نەبوونی پلانی چاکسازی و پێویستی بە کردەوەی مەدەنی

سەرەڕای هۆشداری دووبارەی شارەزایانی ژینگە، هێشتا هیچ پلانێکی تۆکمە و کردەی بۆ نۆژەنکردنەوەی چەمی قەرەسوو نەخراوەتەڕوو، ئەم پلانە بەشەکی و بێ ئەزموونانە نەک هەر نەیانتوانیوە دۆخەکە باشتر بکەن، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا، قەیرانەکەیان گەورەتر کردووە، هەروەها نەبوونی چاودێری کاریگەر و لاوازی جێبەجێکردنی یاساکانی ژینگە و نەبوونی لێپرسینەوە لە دامودەزگا بەرپرسیارەکان، هەموویان نیشاندەری قەیرانی پێکهاتەی لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانی پارێزگاکە و دۆخی ئێستای چەمی قەرەسوو لەم هەلومەرجەدا ڕۆڵی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانی ژینگەپارێزی لە هەموو کاتێک گرنگتر دەبێت، لەگەڵ هۆشیاری گشتی و بەڵگەنامەکردنی بارودۆخی ناجێگیری ڕووبارەکە دەتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی تەواوەتی ئەم ڕووبارە بەنرخە، ڕووبارێک کە ڕۆژێک لە بنی ژیاندا دەڕژا، ئێستا لەبری تیشکی خۆر بەرەو لەناوچوون دەڕوات.