تایلەند، لە ٢٠٢٣دا ١٠ ملیۆن کەس داوای چارەسەری نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە پیسبوونی ژینگەیان کردووە

زیاتر لە ١٠ ملیۆن تایلەندی لە ساڵی 2023دا داوای چارەسەریان کردووە بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە پیسبوونی هەواوە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

سووتانی بەربڵاوی کێڵگە و ئاگری دارستانەکان بەتایبەتی لە باکووری تایلەند، زۆرجار دووکەڵێکی زیانبەخش دروست دەکات، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە پیسبوونی ژینگە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبووەتەوە.

 

ئامارەکانی ئەنجومەنی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی نیشتمانی "NESDC" ئاشکرایدەکات، لە ١.٣ ملیۆن کەسەوە لە ٩ هەفتەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە پیسبووندا دەگەڕێن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ١.٦ ملیۆن زیادی کردووە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی تایلاند نزیکەی ٧٢ ملیۆن کەسە.

 

حاڵەتەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک شێرپەنجەی سییەکان، هەوکردنی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و ئەم نیشانانە لەوانەیە گەورەتر بن بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر نەخۆشی دڵ یان سییەکانیان هەبووە.

 

هەندێک لە شارەکانی باکووری تایلەند بە پیسترین شارەکانی جیهان ناسراون، پیسبوونی هەوای تایلەند کێشەیەکە لە وەرزی وشکدا کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە مانگی تشرینی دووەم تا ئادار بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی سووتانی وەرزی جوتیارانەوە کە کێڵگەی شەکر و برنج پاک دەکەنەوە.

 

هەفتەی ڕابردوو وڵاتەکە پلانی بڵاوکردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ٣٠ فڕۆکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بۆ تۆوکردنی هەورەکان بۆ ئەوەی باران ببارێت و پیسبوونی کەم بکاتەوە.

 

لە مانگی شوباتدا بەرپرسانی بانکۆک داوایان لە کارمەندەکانیان کرد بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ماڵەکانیانەوە کار بکەن لە کاتێکدا ئاستی پیسبوونی ژینگە لە پایتەخت و پارێزگاکانی دەوروبەری گەیشتە ئاستێکی ناتەندروست.

 

هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دانیشتوان و گروپە ژینگەییەکان لە تایلاند سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە بۆ داواکردنی هەنگاوی حکومەت دژی پیسبوون.

 

لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی هەزارو ٧٠٠ کەس لە چیانگ مای سکاڵایەکیان دژی سەرۆک وەزیرانی پێشوو پرایوت چان ئۆ چا و دوو دەزگای دەوڵەتی تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان جێبەجێ نەکردووە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە لە باکوور، کە دەڵێن ژیانیان بۆ نزیکەی ٥ ساڵ کورت دەکاتەوە.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، دادگایەکی چیانگ مای فەرمانی بە حکومەت کرد پلانێکی بەپەلە بۆ باشترکردنی جۆری هەوا لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا دابنێت.