ژنانی یەمەن باجی ململانێکان دەدەن
ژنانی یەمەن بە باسکردنی ڕاستی سەختی خۆیان دوای پەرەسەندنی ئەم دواییە دەڵێن: ململانێکان ژیانی ئێمەی پێچەوانە کردووەتەوە، ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و نەخۆشی و پەککەوتنی پەروەردە دەبینەوەو خەبات بۆ پارێزەراوی و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن ـ لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە تەعز و ناوچەکانی تر، هەزاران خێزان ناچار بوون ئاوارە ببن و ماڵ و سەرچاوەی بژێوییان لە دواوە بەجێبهێڵن، لە کاتێکدا ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە لە شوێنەکانی ئاوارەییدا، پێداویستییەکانیان لە سایەی نەبوونی چاودێری تەندروستی، خوێندن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا زیاتر قورس دەبێت.
لە نیوەی شەوی ٨ی ئەیلوول، ئامینە سەیف تەمەن ٥٦ ساڵ، بەپەلە ماڵەکەی لە ناوچەشاری موخا لەگەڵ خێزانەکەی بەجێهێشت، دوای ئەوەی دەنگی چەکی قورس ناچاری کردبوون دەستبەرداری هەموو شتێک بن، نەیدەزانی بەرەو کوێ دەڕوات، تەنها شتێک کە بەدوایدا دەگەڕا شوێنێک بوو کە تا ڕادەیەک پارێزەراوی پێشکەش بە خێزانەکەی بکات.
لە ساتەوەختەکانی ئاوارەبووندا، ئامینە سەیف کەرەستە و کەلوپەلی ماڵەکەی بەجێهێشت و نەیتوانی هیچ هەڵبگرێت جگە لەو شتانەی کە لەو ساتەدا دەتوانرا هەڵبگیرێن، وتی: ئاوارە بووین بۆ ئەم شوێنەی کە هیچ بنەمایەکی ژیانی تێدا نییە.
پێش پەرەسەندنەکان، خێزانەکەی ژیانێکی ڕێژەیی سەقامگیریان هەبوو، وتی: ئێمە و منداڵەکانمان و خێزانەکەمان لە ئارامیدا بووین، منداڵەکانمان فێری خوێندن دەکرد و دۆخی بژێوی ژیانمان زۆر باش بوو، بەڵام ململانێ ژیانی بەرەوژێر کردەوە.
چیرۆکی ئامینە سەیف تەنها حاڵەتێکی دەگمەن نییە، لەوەتەی ململانێکان لە ٣ی ئەیلوولدا پەرەیان سەندوە، دەیان هەزار خێزان ناچار بوون ناوچەکانیان لە تەعز و ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی تر بەجێبهێڵن، لە شەپۆلێکی خێرای ئاوارەییدا کە ژنان و منداڵانی ناچار کرد ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ ببنەوە، زۆر جار بەبێ بوونی کاتی پێویست بۆ هەڵگرتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.
یەکەی جێبەجێکاری بەڕێوەبردن و کامپەکانی ئاوارەکان لە یەمەن تۆماری کردووە کە ١٧ هەزار و ٨٥٢ خێزان کە پێکدێن لە ١٢٢ هەزار و ٢٩٧ کەس لە هەشت شارەوانیدا لە نیوەی یەکەمی ئەیلوولدا بەهۆی پەرەسەندنی سەربازییەوە ئاوارە بوون، تەعز و لەحەج زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەندێک لە ئاوارەکان ناچار بوون بۆ جاری دووەم ئاوارە ببنەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ئازاری هاوڵاتییانی مەدەنییە.
لە ئامارێکی سەرەتاییدا، وەزارەتی مافی مرۆڤی حکومەتی یەمەنی دانیپێدراوی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کە پێشێلکارییەکانی ئەم مانگە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی تر لە تەعز، حودەیدە و مائرب.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەرەسەندنەکان گەیشتە دەرەوەی یەمەنیش، کە تێیدا داتاكانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری دەرخەری گەیشتنی نزیکەی دوو هەزار کەس بوون بۆ جیبوتی، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لەسەر فراوانبوونی قەبارەی جووڵەی ئاوارەبوون و پاشکۆ مرۆییەکانی.
ئازاری ژنانی ئاوارە تەنها لە لەدەستدانی ماڵ و حاڵ ناوەستێت، بەڵکو خۆیان دەبیننەوە لە بەردەم پێداویستی جیاوازدا کە پەیوەندییان بە خۆراک، ئاو، چاودێری تەندروستی و دەرمانەوە هەیە، لەگەڵ پێداویستی تایبەتی ژنان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی منداڵبوون، پاراستن و تایبەتمەندیدا.
ئەم پێداویستییانە بۆ دایکان ئاڵۆزتر دەبن ئەوانەی بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵ و دابینکردنی پێداویستییەکانیان لەئەستۆ گرتووە لە دۆخێکی ئاوارەییدا کە لە زۆر کاتدا بێبەشە لە بنەما سەرەتاییەکانی ژیان، لە کاتێکدا ئەو خێزانانەی کە ماڵ و سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە ڕووبەڕووی سەختی گەورەتر دەبنەوە بۆ بونیادنانەوەی ژیانیان.
دووگیانی بەبێ چاودێری
لە کامپی ناوچەی بەیرین، بدور ئەحمەد (٢٨ ساڵ) دادەنیشێت کە لە مانگی هەشتەمی دووگیانیدایە، ماڵەکەی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی لە ژێر بۆردووماندا جێهێشت، بەڵام دوای ئاوارەبوون خۆی لەبەردەم کێشەیەکی تردا بینییەوە: نەبوونی چاودێری تەندروستی کە پێویستی پێیەتی لەم قۆناغەی دووگیانیدا.
وتیشی: بەهۆی دووگیانی و ئاوارەبوونەوە نەخۆش کەوتم، تا ئێستاش بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنم، لێرە هیچ سەنتەرێک نییە کە بتوانین تێیدا چارەسەر وەرگرین.
بدور ئەحمەد و خێزانەکەی ناچار بوون ماڵەکەیان لەژێر کاریگەری مووشەکەکاندا جێبهێڵن، ماڵ، سەرچاوەی بژێوی و ئاژەڵەکانیان لە دواوە بەجێهێشت، هیچ شتێکیان لەگەڵ خۆیان نەبرد تەنها ئەوە نەبێت کە لە کاتی ڕاکردندا توانیویانە ڕزگاری بکەن.
بەپێی وتەی بەرپرسانی کامپەکە، کامپەکە بۆ پێشوازی لە خێزانە ئاوارەکان دروست کراوە، تا ئێستاش هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و پەروەردەیی تێدا نییە، ئەمەش ژیانی ئەو خێزانانە سەختتر دەکات کە گەیشتوونەتە ئەوێ، بەتایبەت ژنانی دووگیان و منداڵان.
منداڵانی بێ قوتابخانە و خوێندن
پاشکۆکانی ئاوارەبوون تەنها لە لەدەستدانی ماڵ و سەرچاوەی داهات یان سەختی بەدەستهێنانی چاودێری تەندروستیدا ناوەستن، بەڵکو منداڵی خێزانە ئاوارەکان خۆیان دەبیننەوە لەبەردەم پچڕانێکی نوێی خوێندن، لە سایەی نەبوونی قوتابخانە یان سەختی چوونە ناو قوتابخانە جێگرەوەکانەوە.
فەوزیە عەبدوڵا (٤٣ ساڵ) کە دایکی پێنج منداڵە، خۆی لەبەردەم ئەم کێشەیەدا بینییەوە، ئەو سوور بوو لەسەر فێرکردنی منداڵەکانی، خەونی بەوە دەبیند کە گەورەترین کوڕی ببینێت کە تەمەنی ١٧ ساڵە، خوێندنەکەی تەواو بکات و بگاتە قۆناغی ئامادەیی، بەڵام ململانێ و ئاوارەبوون ئەو ڕێگەیەیان پچڕاند، خوێندنیان لە مافێکی بەردەستەوە گۆڕی بۆ خەونێکی دواخراو.
وتیشی: من حەزم لە خوێندنە، و سوور بووم لەسەر ئەوەی منداڵەکانم فێری خوێندن بکەم، بەڵام دوای ئەوەی ناوچەکەمان جێهێشت و ئاوارە بووین، لە خوێندن دابڕان، لێرە هیچ قوتابخانەیەک نییە، گواستنەوەیان بۆ قوتابخانەکانی تر پێویستی بە دەرهێنانی ڕاپۆرتەکانی خوێندنیان پێشتریان هەیە، لە کاتێکدا قوتابخانەی یەکەمیان بەهۆی ململانێکانەوە داخرابووە.
ڕوونیکردەوە، کە خێزانەکە لەوەتەی گەیشتوونەتە ناوچەی ئاوارەیی، نەیانتوانیوە هیچ جێگرەوەیەکی پەروەردەیی بۆ منداڵەکانیان بدۆزنەوە، لە سایەی نەبوونی قوتابخانەی نزیک و ئاڵۆزییەکانی گواستنەوەی ڕاپۆرتەکانی خوێندنیان لەو قوتابخانەیەی کە پێش ئاوارەبوون تیایدا دەخوێندن.
فەوزیە عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، کە پچڕانی منداڵەکانی لە خوێندن تەنها وەستانێکی کاتی بۆ نەچوونە قوتابخانە نانوێنێت، بەڵکو سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانییە لەسەر داهاتوویان، بەتایبەت کوڕە گەورەکەی کە نزیک بووەوە لە قۆناغێکی گرنگی خوێندن.
لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنەکاندا، ژنان لە ناوەندی ئەم پاشکۆیانەدا دەمێننەوە، قورسایی خێزانەکانیان هەڵدەگرن و هەوڵ دەدەن ئەو ژیانە بپارێزن کە ماوەتەوە، لە کاتێکدا بژاردەکان لە بەردەمیاندا کەم دەبنەوە و داهاتووش بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە لە نێوان گەڕانەوە بۆ ماڵێک کە ئیتر پارێزراو نین، ماوەوە لە شوێنەکانی ئاوارەییدا کە بێبەشن لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان.