ژنانی ئاوارەی یەمەن ڕووبەڕووی شەڕ و برسێتی دەبنەوە

لافاوەکانی ئەم دواییە کە ڕووبەڕووی یەمەن بووەتەوە، ئازاری ژنانی ئاوارەی زیاتر کردووە، کە چادرەکانیان سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی تێدا نییە و لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.

هالە حاشدی

 

یەمەن- ژنانی ئاوارە لە یەمەن دووپاتیان کردەوە بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئەو وڵاتە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون، ڕووبەڕووی لافاو و بارانی بەخوڕ دەبنەوە لەناو چادرەکاندا کە لە سەرمای زستان یان گەرمای هاوین نایانپارێزێت .

 

ژنانی ئاوارە لە یەمەن ڕووبەڕووی دۆخێکی کارەساتبار دەبنەوە کە بەهۆی قەیرانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی برسێتی و شەڕەوە ژیانیان سەخت بووە، ژنان لە ژێر ئەم بارودۆخە سەختانەدا فشارێکی گەورەیان لەسەرە، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات و ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دەخاتە مەترسییەکی بەردەوامەوە، ئەمەش وایان لێدەکات کە نەتوانن بە سەلامەتی بژین.

 

ژنانی ئاوارە بەهۆی بەردەوامی شەڕەکانەوە بەدەست کەمیی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن، بەهۆی ئەمەشەوە فشارە دەروونی و جەستەییەکان لەسەریان زیادی کردووە، بەدخۆراکی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئاستی مەترسیدار لە نائاسایشی خۆراک، لە نێوان ئەم قەیرانانەدا ژنان خۆیان لەبەردەم چەندین جۆری توندوتیژی و دەستدرێژیدا دەبیننەوە، چ لە ناو کامپەکان و چ لە دەرەوەی کامپەکانیش بێت.

 

لە چوارچێوەی کارەساتە سروشتییەکان، وەکو ئەو لافاوانەی کە زۆرێک لە شارەکانی یەمەنیان گرتەوە، ژنانی ئەو شارانە بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر بوو، چونکە

بەهۆی ئەو لافاوەی لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ ڕووبەڕوویان بووەوە لە ٪٧٠ی هاوڵاتیان زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووە هۆی وێرانکردنی ژمارەیەکی زۆر ماڵ و ئاوارەبوونی ٢٧٥ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا زیانە مادییەکان زۆر بوون، بەو پێیەی زۆرێک لە خانووەکان ڕووخاون و ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە کەوتۆتە مەترسییەوە.

 

لە شاری تەعز، لافاوەکەی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بووە هۆی ئاوارەبوونی ٢٦ خێزان، ئێستا ئەو خێزانانە لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن و ژنان و منداڵانیش زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢٣، ٢٩ کەس لە زۆرێک لە شارەکان گیانیان لەدەستداوە، لەوانە (ئبین، محویت، زمار، ڕیمە، سنعا، و شەبوە)، و نزیکەی ٢٨ هەزار خێزان تووشی نەخۆشیی بوون، ئەمەش قەیرانی مرۆیی لە یەمەن زیاد دەکات و تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلەی پشتیوانی تایبەتمەند کە سەرنجی لەسەر پاراستنی زۆرترین گروپە زیانلێکەوتووەکان بێت.

 

"ژیانیان تا بێت قورستر دەبێت"

نیعمە عەبدوڵا، دەڵێت: لە ئەنجامی شەڕەکەدا، ڕووبەڕووی دۆخێکی ناخۆش بووینەتەوە، ئێمە زۆر پێویستمان بە بنەماکانی ژیانی ڕۆژانە هەیە، وەکو بەتانی و ئامرازە بنەڕەتییەکان بۆ مانەوەمان، ئێمە برسیین و هیچمان نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژیانیان زۆر سەختە بەهۆی ئاوارەبوون و ئەو شەڕەی کە ساڵانێکە بەردەوامە، بەو پێیەی بەدەست باران و بارودۆخی ژیانی سەختەوە دەناڵێنن وتی: ئێمە بەدەست سەرمایەکی زۆرەوە لە زستان و گەرمای هاوین دەناڵێنین، کە کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی ژیانی ئێمە دروستکردووە.

 

مەلەک سەرحان، وتی: ئێمە لەژێر سەرمای تاڵی زستان و باراندا دەژین، بەدەست ماندوێتی و نەخۆشییەوە دەناڵێنین، تەنانەت چادرێکیشمان نییە بۆ پەناگەمان، بارودۆخمان زۆر خراپە و پێویستمان بە پاڵپشتی خێرا هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بارودۆخە سەختانەدا.