هاوسه‌رگیری لە تەمەنی کەمدا هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە

بوونی کێشە خێزانییەکان کە سەرچاوەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبێت، هۆکارە بۆ جیابوونەوەی هاوژینەکان بە ڕێژەیەکی زیاتر بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە-ڕۆژانە گوێبیستی کێشە خێزانەکان و جیابوونەوەی هاوژینەکان دەبین، ئەم کێشانە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەیە و هەندێکیان پەیوەستن بە ناهۆشیاری تاک و ئاگادارنەبوونیان لەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان، یاخود هەندێک لە خێزانەکان لە تەمەنێکی کەمدا منداڵەکانیان دەدەن بە شوو، ئەمەش گرفت و کێشەیان بۆ دروست دەکات، لەو پڕۆسانەدا پیاوان توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن، کە هەندێک کات بە کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن کۆتایی دێت، یاخود هەندێک کات جیابوونەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

ئاشتی عەبدوڵا، پارێزه‌ر له‌ دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ کە چه‌ندین دۆسیه‌ی هاوژینانی لایه و‌ جیابوونەتەوە‌، وتی: چەندین هۆکار هەن بۆ جیابوونەوەی هاوژینان، بە تایبەت ئەو هاوژینانەی خوار ته‌مه‌نی ١٨ ساڵن، چونكه‌ تا ئیستا زانیاریان نییه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری، لە کاتێکدا پێویسته‌ بزانن ماف و ئەرکیان چییە لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

 

تۆڕی کۆمەڵایەتی و خیانه‌ت هۆكارێكی ترن بۆ جیابوونه‌وه

ئه‌و پارێزه‌ره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، خیانەت یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌‌ی كه‌ لە ئێستادا هۆکاری سەرەکییە بۆ جیابوونەوەی هاوژینەکان لەیەکتر، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، کە کات نادەن بە یەکتر و تەنها سەرقاڵی تۆڕە میدیان و ویستی پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانیان هەیە، بۆیە پەنا دەبەنەبەر قسەکردن لەگەڵ کەسانی نەناسراودا و لە دواجاردا دەبێتە خیانەت.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، کە چەندین هاوژین هەن بەهۆی نەبوونی منداڵەوە جیابوونەتەوە، چونکە کۆمەڵگە و دەوروبەر تانە و توانجیان لێدەدەن و بەهۆی ڕه‌خنه‌گرتن لێیان ناچار ده‌كرێن جیاببنه‌وه، وتی: هەندێک کات دەستێوەردانی کەسی سێهەم لە کێشە خێزانییەکاندا دەبێتە هۆی جیابوونەوەیان.

 

"پێویسته‌ حكومه‌ت و لایه‌نی پەیوەندیدار ڕێگەچارەسەری دابنێت"

ئاشتی عەبدوڵا، بە پێویستی دەزانێت پلانی پێشوەختە هەبێت بۆ ئەو ژن و پیاوانەی دەچنە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، ئامادەیان بکەن لە ڕووی فکرەوە و هۆشیاریان پێبدەن دەربارەی خۆیان و ڕەگەزی بەرامبەریان، بەڵام نەبوونی پلانی لەو شێوەیە لە هەڵەبجە بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی کێشەی خێزانی و جیابوونەوەی هاوژینان.

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، کە پێویستە هاوژینەکان ڕێز لە یەکتر بگرن، لەکاتی بوونی کێشەدا هەوڵی چارەسەری بدەن، نەک کێشەکان گەورە بکەنەوە، وتیشی: گرنگە ژنان ئەرک و مافەکانیان لەیەکتر جیابکەنەوە، هۆشیاریان هەبێت و خۆیان هۆشیار بکەنەوە دەربارەی یاساکان و مافەکانیان.