کاتێک زیانبەرکەوتووەکە ئاشکرا دەکرێت و بکوژەکە دەپارێزرێت... چۆن ڕایگەیاندن توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە؟
ئاشکراکردنی ناسنامەی زیانبەرکەوتووەکە بە تەواوی لە کاتێکدا بکوژەکە لە ڕووماڵە ڕاگەیاندنەکانی ژنکوژییەکاندا دەشارێتەوە، سیستەمی پیاوسالاری بەرهەم دەهێنێتەوە و پارێزبەندی کۆمەڵایەتی بە تاوانباران دەبەخشێت.
نەسیم ئەحمەدی
کرماشان-ڕاگەیاندبەکان وێنە و ناو و ناونیشان و تەمەن و هەموو وردەکارییەکانی ژیانی زیانبەرکەوتووەکە ئاشکرا دەکەن، لە کاتێکدا زۆرجار ناوی بکوژەکە لە پشت زاراوەوە دەشاردرێتەوە، ئەم دژایەتیە ڕەنگدانەوەی ڕاستی ژنانە کە بەناو "کوشتنی شەرەف"دا کوژراون، ئەو ژنانەی کە ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە و پارێزراو نین، لە کاتێکدا ناسنامەی بکوژەکە بە بێدەنگی ڕایگەیاندب پۆشراوە.
زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن مامەڵە لەگەڵ ژنکوژییەکان دەکەن وەک مانشێتێکی هەستیار تەنها بۆ ڕاکێشانی بینەران، نەک قووڵبوونەوە لە قووڵایی پرسەکە و سەرهەڵدانی ئەم جۆرە تاوانە، وەک ئەوە وایە بەهای هەواڵێک بە توانای وروژاندنی کنجکاوی بپێورێت نەک بە ئاشکراکردنی ئەو پێکهاتانەی کە ژنان دەکەنە ئامراز لە دەستی پیاوسالاری و توندوتیژی پیاوان.
لە ساڵانی ڕابردوودا هەواڵی کوژرانی ژنان لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە نزیکەی ڕۆژانە بووەتە ڕووداوێک، هەرجارەیەک دەستبەجێ ناسنامە و وردەکاری ژیانی زیانبەرکەوتووەکە بڵاودەکرێتەوە، لە هەمان کاتدا وێنە و ناوی بکوژەکە دەشاردرێتەوە، وەک ئەوەی کۆمەڵگە زیاتر خەمی پاراستنی ناوبانگەکەی بێت نەک پاراستنی ژیانی ژنان.
ئەم هاوبەشییە ڕاگەیاندنییە نەک هەر سووڕی توندوتیژی بەردەوام دەکات بەڵکو جۆرێک لە پارێزبەندی کۆمەڵایەتیش بە تاوانباران دەبەخشێت، ڕاگەیاندنەکان لەبری ئەوەی بخەنە ژێر پرسیارەوە لە ڕەگ و ڕیشەی کولتووری پیاوسالاری و لۆژیکی شەرەف کە سووتەمەنی ئەو تاوانانە دەدات، بەبێ ئەوەی بزانن بەرهەمیان دەهێننەوە و بەهێزیان دەکەن.
"پەراوێزخستنی ڕاگەیاندن بۆ تاوانەکان... شێوسزێکی نوێی توندوتیژی"
بەم شێوەیە ژنانی زیانبەرکەوتوو تووشی شێوازێکی نوێی توندوتیژی دەبنەوە، ئەمجارەیان لە ڕێگەی پەراوێزخستنی ڕاگەیاندنی و بێدەنگکردنی دەنگەکانیانەوە، دووجار کوشتنیان: جارێک لەسەر دەستی تاوانبارەکە، دووەم جار لە گێڕانەوەی ڕاگەیاندنی نادادپەروەرانەدا.
لەوبارەیەوە غەزال.ل، ڕۆژنامەنووس لە کرماشانەوە وتی: بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی زیانبەرکەوتووەکە لە کوشتنی بەناو شەرەفدا مەبەست لێی بەرگریکردن نییە لە ژیانیان، بەڵکو زۆرجار بۆ بەهێزکردنی بیرۆکەی "فێربوونی وانە" بەکاردێت، هەموو هەواڵێک پێش بڵاوکردنەوە بە چەندین فلتەردا تێدەپەڕێت، بەهێزترینیان سیستەمی پیاوسالارییە، کە ڕووداوەکان دەنووسێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە بەرپرسیارێتی بێبەری بکات، بە کولتوورێک کە ئەو کەسانە شکۆمەند دەکات کە وەک 'پارێزەری شەرەف' پێشکەش دەکرێن، ڕایگەیاندن سەرکەوتوو دەبێت لە گۆڕینی کوشتنی ژنێک بۆ سەرکەوتنێک بۆ باڵادەستی پیاو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە خوومان گرتووە بە بینینی هەواڵی کوژرانی ژنان لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە هەرگیز ناوروژێنرێت: بۆچی ئەم تاوانانە تەنها وەک مانشێتێکی زوو تێپەڕ دەمێننەوە، بۆچی بکوژەکە بە ئاشکرا ئاشکرا نابێت، پێی وایە ئەم ڕێبازە ڕاگەیاندنییە کەموکوڕییە، وەک چۆن وێنەی ژنانی کوژراوەکان لە ژێر پەردەی دانانی وانەیەکدا بڵاودەکرێنەوە، پێویستە وێنەی بکوژەکەش بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی ناو و دەموچاوی لە یادەوەری بەکۆمەڵدا چەسپاوی بمێنێتەوە، ئەگەر ئامانجی پیشاندانی زیانبەرکەوتووەکە "فێربوونی وانە" بێت، ئەوا ئەرکی ئێمەیە کە بکوژەکە پیشانی بدەین، لەگەڵ شەرمەزاریی کارەکانیدا.
شێوازی ڕووماڵکردنی ڕاگەیاندنەکان بۆ کوشتنی شەرەف، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم دەزگایانە بێلایەن نین، بەڵکو بە ئاگاداری یان نائاگا بەشداری لە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی پیاوسالاریدا دەکەن، ئەگەر وێنە و ناوی بکوژەکە چەندین جار بڵاو بکرایەتەوە، کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ بەرپرسی توندوتیژییەکەی دەناسییەوە و فشاری کۆمەڵایەتی دەخرایە سەر بنەماڵەکەی و کۆمەڵگەکەی بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئاساییبوونەوەی تاوانەکە بکات.
پیشاندانی بکوژەکە لە ڕاگەیاندنەکان تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە؛ کردەوەیەکە کە هەوڵی بەدەستهێنانی دادپەروەری دەدات، کۆمەڵگە بیردەخاتەوە کە توندوتیژی دژی ژنان تاوانێکە ناتوانرێت پەردەپۆش بکرێت، بە گۆڕینی دیدگای ڕاگەیانیەکان، دەتوانرێت کوشتنی شەرەف لە "فێربوونی وانەوە بگۆڕدرێت بۆ "شەرمەزارییەک کە بە دوای بکوژەوە دەکەوێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە گێڕانەوەکەدا هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کولتووری توندوتیژی و باڵادەستی پیاو، ڕاگەیاندن دەبێ لە ڕۆڵی نەرێنی خۆی لە ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکان تێپەڕێت و بەرپرسیارێتی خۆی لە داڕشتنی هۆشیارییەکی گشتی کە توندوتیژی ڕەگەزی ڕەت بکاتەوە لە ئەستۆ بگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەڕانێکی سادەی ئینتەرنێت بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی پەیوەست بە زیانبەرکەوتووەکابی کوشتنی شەرەف ژمارەیەکی زۆر وێنەی ژنان ئاشکرا دەکات- دەموچاوەکانیان کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە یادەوەری ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوبوونەتەوە و چەسپاون- لەکاتێکدا وێنەی بکوژەکان بە تەواوی نەبوون، لەوەش بە ئازارتر ئەوەیە کە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەک تەنها وێنەکانیان دەشارنەوە، بەڵکو ناوەکانیان دەپارێزن، تەنها سەرەتای ناو یان پاشناویان بەکاردەهێنن، وەک ئەوەی ناسنامەی بکوژەکە نهێنییەک بێت کە بە وریاییەوە بشاردرێتەوە.
"لێپرسینەوە لە تاوانباران هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی توندوتیژی"
زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووماڵی ژنکوژییەکان دەکەن و زۆرجار ئەم ڕووداوانە ڕاستەوخۆ دوای ڕوودانیان دەبنە مانشێتی هەواڵ، شانبەشانی ئەم بەرژەوەندییە گشتییە، پلاتفۆرمی تایبەتمەندیش سەریان هەڵداوە کە بە تایبەتی سەرنجیان لەسەر ژنکوژییەکانە، بەتایبەتی کوشتنی بەناو "شەرەف".
لە کاتێکدا ئەم پلاتفۆرمانە ڕاپۆرتی وەرزی و ئاماری ساڵانە لەسەر ژنکوژییەکان بڵاودەکەنەوە- هەوڵێکی جێگەی دەستخۆشی کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر پرسێکی ڕاستی و زۆرجار پەراوێزخراو- پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکەکەیاندا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆربەی ئەو شتانەی بڵاوی دەکەنەوە لە وێنەی زیانبەرکەوتووەکان و وردەکارییەکانی تاوانەکان پێکدێت، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی ڕوون یان وێنەیەکی تاوانباران لەخۆ بگرێت.
زۆر گرنگە ئەم پلاتفۆرمانە شوێن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانباران تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەم تاکانە ببێتەوە کە زۆرجار ناو و ڕووخساریان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، ئاشکراکردنی بکوژەکە لە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکە کەمتر نییە، لە ڕاستیدا هەنگاوێکی بنەڕەتیە بەرەو لێپرسینەوەی ڕاستەقینە پێکدەهێنێت کە ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان.
ئەم جۆرە گێڕانەوەیە کە تەنها سەرنج دەخاتە سەر زیانبەرکەوتووەکە، لە کاتێکدا توانای ئاشکراکردنی ڕادەی توندوتیژییەکەی هەیە، بەڵام نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ڕێڕەوی ژنکوژیدا، زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش هەمان ڕێباز پەیڕەو دەکەن، ئەوان تەنها وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و زانیارییەکان سەبارەت بە زیانبەرکەوتووەکە دەخەنە ڕوو بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکی پێکهاتەیی یان بەردەوام لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دروست بکەن.
بۆ ئەوەی گێڕانەوەی ڕاگەیاندنی کاریگەر بێت، دەبێت تەنها بەڵگەنامەکردنی تاوانەکە تێپەڕێنێت و ببنە ئامرازێک بۆ لێپرسینەوەی کۆمەڵایەتی و شیکاری یاسایی و داواکارییە گشتیەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران، تەنها ڕاپۆرتکردنی هەواڵەکان وەک خۆی بە کردەوە سووڕی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە، چونکە بینەر بە لافاوێکی زانیاری ژێرئاوکەوتووە بەبێ ئەوەی ڕێگایەک بۆ گۆڕانکاری یان کردەوەی بەکۆمەڵ پێشکەش بکرێت.
لێرەوە دەبێتە پێویست بۆ ڕووماڵی ڕاگەیاندن بۆ چارەسەرکردنی کەلێنە یاساییەکان و سستی جێبەجێکردنی یاساکان، بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە توندوتیژی دژی ژنان ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پێکهاتە یاسایی و دامەزراوەییەکانە کە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و چاکسازی تێدا بکرێت.
بۆیە ڕۆڵی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕاپۆرتکردنی هەواڵەکاندا سنووردار نییە، درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێکی چالاک بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگەدا، ڕاگەیاندنەکان بە ئاشکراکردنی پەیوەندی نێوان ژنکوژی و کولتووری پیاوسالاری دەتوانن دیالۆگێکی گشتی بکەنەوە سەبارەت بە پێویستی گۆڕینی نۆرمەکان و دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، ئەمە جگە لەوەی سروشتی ڕاستەقینەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە ئاشکرا دەکات.
گێڕانەوەکانی ژنکوژی ناتوانن کاریگەر بن تا ناسنامەی بکوژەکەش ئاشکرا نەکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، هاوتەریب لەگەڵ هاوبەشکردنی شایەتحاڵی ڕزگاربووانی ژن و بنەماڵەی زیانبەرکەوتووەکان و چالاکوانان، چونکە ئەم دەنگانە توانای ئەوەیان هەیە ببنە هێزێکی بزوێنەری گۆڕانکاری.
هێزێکی لەو شێوەیە، لەپاڵ ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی بکوژەکە- کە پیاوسالاری بەهێزی کردووە و هانیداوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی- دەتوانێت سووڕی ژنکوژی ڕابگرێت و بەردەوامیی ئەم توندوتیژییە پێکهاتەییەش سنووردار بکات.