بێ کاری گەنجانی نائومێد کردووە و حکومەت خۆی بە بەرپرسیار نابینێت

کەموکورتی دەسەڵات و سیستمی حکومڕانی بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ نائومێدی گەنجان، ژنێکی گەنجیش دەڵێت: شوێنە ناحکومییەکان، نەبوونی کاری گەنجانیان قۆزتووەتەوە و مافی تەواو بەو گەنجانە نادەن کاریان لەلا دەکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستان گەنجان بەشێکی بە خوێندنەوە سەرقاڵن، بەشێکی دیکەیان ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان کار دەکەن، بەڵام بەشێكی گەنجانیش هەن کە بێ کارن و لە پاش تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە دانەمەزراون، ئەم دۆخی بێ کاری و بەرزی ڕێژەی هەژارییە، گەنجانی نائومێد کردووە.

 

گەنجان داینەمۆی کۆمەڵگە و بەشی سەرەکی و چالاکی کۆمەڵگەن، کە لە ئێستادا پاسیڤ کراون، بەڵام ئەوەی گرنگە گەنجان درکی پێبکەن وزەی ناخی خۆیانە، هەموو گەنجان توانای بەرەوپێشبردنی خۆیان هەیە لە ڕێی خۆپەروەردەکردن و کارکردنەوە، بۆ دۆزینەوەی خۆیان مەرج نییە پاڵپشتێکیان هەبێت، تەنها هەبوونی ئیرادە بەسە بۆ گەنجێک، تا بتوانێت سەرکەتووبێت لە ژیانیدا، دەستپێکردن لە خاڵێکەوە کردنەوەی دەرگای سەرکەوتنیانە.

 

"هەرچەند حکومەت هاوکار نەبێت، نابێت گەنجان ساردببنەوە لە هەوڵەکانیان"

ڕۆز بەختیار، گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و ئاماژەی بەوەدا ئومێدی گەنجان پەیوەندیدار نییە بە کۆمەڵگەوە، یاخود بەوەی حکومەت دامەزراندن ڕاناگەیەنێت، بەڵکو بەستراوەیە بەوەی گەنجان خۆیان بۆ خۆیان ببنە ئومێد، چاوەڕێی ئەوە نەبن حکومەت دەستیان بگرێت و دایانبمەزرێنێت. ڕۆز نکۆڵی لەوە ناکات کە حکومەت هاوکاری گەنجان ناکات، بەڵام بە پێویستی دەزانێت گەنجان خۆیان ببنە ئومێد و سەرچاوی بژێوی ژیانی خۆیان.

 

ئاماژەی بەوەکرد، لەپاش تەواوکردنی خوێندن مەرج نییە ڕاستەوخۆ کارت دەستبکەوێت لە بوارەکەی خۆتدا، دەکرێت خۆبەخشی بکەیت یاخود لە بوارێکی دیکەدا کار بکەیت بۆ ئەوەی ئەزموونی کار کۆبکەیتەوە، دەشڵێت "چونکە گەنجان وزەی شاراوەیان هەیە و پێویست ناکات لە شتانی بێ سوود بەهەدەری بدەن".

 

باسی لە یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی گەنجان کرد بەوەی لە شوێنە ناحکومییەکاندا کار دەکەن بە کاتی زۆر و بڕە پارەیەکی کەم، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی مامەڵەی شوێنە ناحکومییەکان کە دەرفەتی نەبوونی کاری گەنجانیان قۆزتووەتەوە و مافی خۆیان پێنادەن، وتیشی: سەرەڕای ئەمەش دەبێت گەنجان لە ماڵەوە دانەنیشن، چونکە جوڵە بۆ گەنجان باشترین دەستپێکە.

 

"گرنگە گەنجان لە خاڵێکەوە دەست بکەن بە هەوڵەکانیان"

سومەییە جەمال، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دەربارەی دۆخی گەنجان لە باشووری کوردستان ڕوونیکردەوە، دۆخی گەنجان لە باشوور بە هەمان شێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە دۆخێکی خراپدان، تەواوی ئەو گەنجانەی خوێندن تەواو دەکەن، کاری سەربەخۆ دەکەن و لە بواری خۆیاندا کاریان دەستنەکەوتووە.

 

سومەییە دۆخی گەنجانی گەڕاندەوە بۆ خراپی سیستمی حکومەت و نەبوونی توانای گەنجان بۆ کارکردن، وەک ئاماژەی پێکرد هەندێک گەنج خولیای کارکردنیان نییە و تەنها چاوەڕێی دەستی حکومەتن، وتیشی: "گەنجان پێویستە لە خاڵێکەوە دەستپێبکەن و بە کەم ڕازی بن تا دەگەنە ئامانجە گەورەکەی خۆیان"، بەشێکی تەمبەڵی گەنجانی گەڕاندەوە بۆ خوپێوەگرتن بە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک بەردەوام چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و یاری دەکەن و دووریان دەخاتەوە لە کارکردن و بەرەوپێشچوونی خۆیان.

 

"حکومەت بەرپرسیارە لە نائومێدی گەنجان"

هاژە شوان، کوردە و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپایە، بە سەردان هاتووەتەوە کوردستان بەڵام ئەوەی بەدیکردووە لە گەنجانی باشووری کوردستان کە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و پێیوایە گەنجان نائومێد بوون بەرامبەر بە ژیان، چونکە نە کاریان هەیە نە توانیویانە ژیانی خۆیان ڕێکبخەن.

 

باسی لەوەکرد، گەنج زۆرە بەڵام سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنیش نییە، دامەزراوە گەورەکانیش کەمن و شوێنی ئەو هەموو گەنجە بێکارەی تێدا نابێتەوە، یاخود هەندێک لە کۆمپانیاکان داوای گەنجانی خاوەن ئەزموون دەکەن، لە کاتێکدا هیچ کام لە گەنجەکان خاوەن ئەو ئەزموونە نین کە کۆمپانیاکان داوای دەکەن، دەشڵێت: "هەندێک لەو گەنجانەی دەخوێنن ساردبوونەتەوە لە خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، پێیان وایە هیچ سودێکی نییە، بەڵام من پێم باشە گەنجان نەوەستن لە هەوڵدان و هەوڵ بدەن خۆیان هەلی کار بۆ خۆیان بڕەخسێنن".