چیرۆکی ژنانی سوتاو؛ بەزۆر بەشوودان هۆکارە

کێشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، بەزۆر بەشودان و گاڵتە پێکردن لەلایەن کۆمەڵگەوە وایکردووە ژنان خۆیان بسوتێنن و چیرۆکی خۆسوتاندنی ژنان زیاد بکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خۆسوتاندن وەک ناڕەزایەتی دەربڕینە لەلایەن ژنانەوە، زۆربەی ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ناتوانن لەژێر ئەو گوشارەدا بمێننەوە، بۆیە پەنا دەبەنەبەر خۆسوتاندن، کە ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، وەک کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، بەزۆر بەشوودان یان هەندێکجار لەبەرئەوەی لەلایەن خێزانەکەیەوە پشتگیری لێناکرێت و پشتی تێدەکرێت، ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەمە ژنان ناچاری خۆسوتاندن دەکات، زۆرجار خۆسوتاندنی ژنان لەلایەن خێزان یان بنەماڵەوە دەشاردرێتەوە بۆ ئەوەی لە ئابڕوچوون بەدووربن، بۆیە لە پشت هەر ژنێکی سوتاوەوە چیرۆکێکی خەمناک هەیە.

 

هەڤین کەمال، پزیشک لە نەخۆشخانەی سوتاوی و پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازار شکاندن، باسی لە چیرۆکەکانی ژنانی سوتاو کرد کە بەزۆر بەشوودان، گەڵتەپێکردنیان لەلایەن کۆمەڵگە و کێشەکانی تری کۆمەڵگە وایکردوە کە ناچار بە خۆسوتاندن ببن.

 

"گاڵتەیان پێ کردم بۆیە خۆمم سوتاند"

هەڤین کەمال، باسی لە چیرۆکی ژنێک کرد کە تەمەنی نزیکەی ١٥ ساڵ دەبوو، بەهۆی ئەوەی گاڵتەیان پێکردووە، خۆی سوتاندووە، بەمشێوەیە چیرۆکەکەی گێڕایەوە؛

 

"ڕۆژێکی ئاسایی بوو، لەجیاتی چوون بۆ کلینیکەکەم، ڕووم کردە نەخۆشخانە، کاتێک گەشتمە نەخۆشخانە پزیشکێکی هاوڕێم پێی وتم، ژنێکی گەنجی ١٥ ساڵیان هێناوە کە خۆی سوتاندوە و دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت، خێزانەکەی بە بێ هیوایی لە دەرەوە چاوەڕێ بوون، پرسیارم لە خێزانەکەی کرد کە بە چی سوتاوە، هەرزوو خێزانەکەی وتیان خواردنی دروستکردووە و سوتاوە.

 

دواتر خۆم ڕۆشتمە ژوورەوە بۆ لای ژنە گەنجە سوتاوەکە، کە چاوە ڕەشەکانیم بینی، پڕ بوون لە زۆر هیوای بەدینەهاتوو، خۆم پێنەگیرا و پرسیارم لێکرد کە چۆن سوتاوی؟ بە هۆی ئەوەی ٩٠٪ی سوتابوو بە ئەستەم دەیتوانی قسە بکات، ئەو دەستیکرد بە گریان و وتی، 'من تەنها کێشم زۆر بوو، هەموو ڕۆژێک لە قوتابخانە هاوڕێکانم گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیان وت تۆ قەڵەویت و ناشیرینی، منیش خۆم سوتاند، چونکە وامدەزانی بەمە چارەسەر دەبێت'.

 

پزیشکەکە وتی: ئێمە بڕیارماندا نەشتەرگەریەکەی بۆ بکەین، هەرچەندە دەمانزانی کە چاک نابێتەوە، بەڵام لە دوای نەشتەرگەرییەکەی، بەهۆی زۆری سوتاویەکەی و کێشی زۆرییەوە، تووشی جۆرێک لە جەڵدە بوو و گیانی لەدەستدا، لەگەڵ خۆیدا هەموو هیواکانیشی ڕۆشتن و چاوەکانی داخران.

 

"بەمنداڵی و بەزۆر بەشوودرام، بۆیە خۆمم سوتاند"

هەڤین کەمال، باسی چیرۆکێکی تری کرد کە سوتانی ژنێک بوو بەهۆی بەزۆر بەشودانەوە بووە لە تەمەنێکی منداڵدا، ئەو پزیشکە چیرۆکەکەی بەمشێوەیە گێڕایەوە؛

 

"ڕۆژێکیان کەشوهەوا سارد بوو، لە کلینیکەکەمدا دانیشتبووم چاوەڕێ بووم نەخۆش بێتە ژوورەوە، لەوکاتەدا ژنێک دای لە دەرگا و هاتە ژوورەوە و لەسەر کورسییەکە دانیشت تا لە جۆری نەخۆشییەکەی ئاگادارم بکاتەوە، پێش ئەوەی من دەست بکەم بە چارەسەر کردن، ژنەکە دەستیکرد بە گریان و داوای منداڵەکانی کرد، پرسیم بۆچی دەگریت؟، بۆچی خۆتت سوتاندوە؟، ژنەکە هەناسەیەکی قوڵی هەڵکیشا و وتی 'من لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەشوودرام ئەوکات لە زۆر شتی ژیان تێنەدەگەشتم و کەسیش گوێی لێ نەدەگرتم، ڕاوبۆچوونی منیان لا گرنگ نەبوو، هاوسەرگیریم کرد، لەگەڵ هاوژینەکەمدا لەگەڵ ماڵی خەزورم دەژیاین، بەڵام ماڵە خەزورانم خراپ بوون لە گەڵمدا و هاوژینەکەشم تا دەهات خراپ دەبوو لەگەڵمدا، لەگەڵ خیزانەکەمدا قسەم کرد و وتم کە هاوژینەکەم و ماڵی خەزوورم خراپن، بەڵام خێزانەکەم هیچ گوێیان بە قسەکانم نەداو وتیان ئێمە هەقمان بەسەرتەوە نییە'.

 

دواتر کە تەمەنم بوو بە ٢٠ ساڵ بووم بە خاوەنی دوو منداڵ، هەرچەندە منداڵەکانم خۆشدەویست، بەڵام بەهۆی زیاتر بوونی کێشە لەگەڵ هاوژین و ماڵی خەزورمدا و پاڵپشتی نەکردنم لەلایەن خێزانەکەمەوە خۆم سوتاند، دوای خۆسوتاندنم بە هۆی قوڵبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ هاوژینەکەمدا لە یەک جیابووینەوە و ماڵی خەزورم بە هۆی ئەوەی کە جەستەم بە سوتاویەکە تێکچوبوو منداڵەکانیان لێسەندمەوە، توانای دارایم باش نەبوو، نەمتوانی داوای منداڵەکانم بکەمەوە، ئێستاش لەبەرئەوەی لە ماڵی براکەم دەژیم، براکەم ناهێڵێت منداڵەکانم ببینم و دەڵێت منداڵی کەسێک کە بووە هۆی خۆسوتاندنت، نابێت بیبینیت".

 

پزیشک هەڤین کەمال لە درێژەی باسکردنی چیرۆکی ئەو ژنەدا وتی: ئەم نەخۆشە بەردەوام دەهات بۆ لام بۆ چارەسەر وەرگرتن، هەرجارێک پێش ئەوەی بێهۆشکاری بۆ ئەم ژنە بکەم، داوای بینینی منداڵەکانی دەکرد، ئەمە ئەوە دەردەخات کە زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالار وایکردووە کە ژنان لە هەردوو لاوە زەرەرمەند بن لە بینینی منداڵەکانیان و بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی خۆشیان.

 

چیرۆکەکانی ناچار بەخۆسوتاندنی ژنان، هەزارانن، بەڵام هیچ یەکێک لەو ژنانەی خۆیان دەسوتێنن ناتوانن چارەسەری کێشەکانیان بکەن، بەڵکو تەنها وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون بەکاری دەهێنن، بێئاگا لەوەی دەیان و هەزاران کێشەی دیکە بۆ ژیانی خۆیان دروستدەکەن، مرۆڤ لە بێ چارەییدا، چارەسەر و لە بێ هیواییدا هیوا دەخوڵقێنێت، بۆ هەر کێشەیەک لە ژیانی ژندا، بەو پێیەی ژن خوڵقکارە، دوور لە ئازاردانی جەستەی خۆی و سەندنەوەی ڕۆح لە خۆی، دەکرێت ڕێگەی دیکە بۆ ڕزگاربوون، بخوڵقێنێت.