"دەبێت ڕێگەی دیکە بۆ چارەسەری دۆخی خەڵک بگیرێتە بەر"

خراپی کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەهلیەکان دانیشتووانی گەڕەکەکانی بێزار کردووە، بڕینی کارەبا لەم دۆخە سەختەی ئابووریدا، چەندین ئامێری ناوماڵی سووتاندووە، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەکانیش دەڵێت: لە ڕێگەی ژمارەی سکاڵاکردنەوە دەتوانن هاوڵاتیان سکاڵا بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- خراپی کارەبایی نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان، لە وەرزی زستان و نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە دۆخی هاوڵاتیانی سەخت کردووە، کارەبای نیشتمانی کەم بووەتەوە بۆ نزیکەی ٤ کاتژمێر و هەرچی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانە بەهۆی فشاری بەرزی بەکارهێنانی کارەبا لە گەڕەکەکان و درێژی ئەو ماوەیەی کە کارەبا دەدات، لە زۆرینەی گەڕەکەکان خراپە و بە پێی پێویستی ئەمپێرەکان کارەبا نادات، یاخود لە ماوەی هەبوونیدا چەندین جار دەکوژێتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی سووتاندنی بەشێک لە ئامێرەکانی ناوماڵ و زیانی ماددی بە خەڵک گەیاندووە.

 

نوژنها پەیوەندی بە سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەکانەوە کرد تا نیشانی بدات کە چۆن بتوانن لە کاتی خراپی مۆلیدە ئەهلییەکاندا پەیوەندی بکەن و چەند یاسایەکی لە بارەی کارکردنی مۆلیدە ئەهلیەکانەوە خستەڕوو، ئەوانیش؛

-بە پێی یاسایی مۆلیدە ئەهلیەکان لە ساڵی ٢٠٠٧دا ئاماژەی پێدراوە و هەتا ئێستەش کاری پێدەکرێت، دەبێت مۆلیدە بە کات بێت، چەوری و پیسی لە دەوری مۆلیدەکان نەبێت، ١٢ مەتر لە ماڵەکانەوە دوور بێت، خاوەن مۆلیدەکە لە کاتی دیاریکراودا لە مۆلیدەکە بێت، ڤۆڵتی نابێت لە ١٩٠ کەمتر بێت، بڕی پارەی مۆلیدەکان بەپێی کاتژمێری کارکردنی مۆلیدە ئەهلیەکانە و بە گشتی لە ١٠ هەزارەوە تا ١٦ هەزارە، هەتا ٣ مانگ هەر خاوەن ماڵێک پارەی نەدا بێبەش دەبێت لە کارەبایی مۆلیدەی ئەهلی، لە کاتی شکانی مۆلیدەکاندا بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر دەتواندرێت کارەبا نەبێت، دوای ئەوە کاتە دیاری کراوە بە بڕی ٥٠٠ هەزار خاوەن مۆلیدەکان سەرپێچی دەکرێن و هەروەها لە یاساکەدا باس لەوەشکراوە، ئەگەر لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا مۆلیدەکە چوار جار شکا و ماوەی ٢٠ کاتژمێر کارەبای پێویستی نەدا، دەبێت مۆلیدەیەکی دیکە بهێنێتە جێگەی، ئەگەر پابەند نەبوو تووشی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

 

وتیشی: هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی پسووڵەی مۆلیدەکانیان کە ژمارەی سکاڵاکاری لەسەرە، بە بەڵگەوە سکاڵاکانیان بکەن، ئێمەش بۆ پشتڕاستکردنەوەی سکاڵاکان بە لیژنە سەردانی مۆلیدەکە دەکەین، بەپێی سەرپێچیکردنەکە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

 

سەرەڕای خراپی کارەبایی نیشتیمانی، مۆلیدە ئەهلیەکانیش بونەتە هۆی نیگەرانکردنی هاوڵاتیان کە لە چەند گەڕەکێک هاوڵاتیان ناڕەزای دەردەبڕن، ژنان لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانییەوە بۆ ئاژانسی نوژنها باسیان لە خراپی مۆلیدە ئەهلیەکانیان کرد، کە بووەتە هۆکاری سووتاندنی چەندین ئامێری ماڵەکانیان.

 

"خاوەن مۆلیدەکان دەڵێن پارەی زیاترمان پێبدەن ڤۆڵتییەتان بدەینێ"

خۆشی عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، خراپی مۆلیدە ئەهلیەکان بۆتە هۆکاری نیگەرانکردنی هاوڵاتیان و سوتاندنی ئامێری کارەبای ناو ماڵەکان، وتیشی: لە کاتی سکاڵاکردنی هاوڵاتیاندا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام دواتر وەک پێشووی لێدێتەوە، کاتێک هاوڵاتیان داوای مافی خۆیان دەکەن لە مۆلیدە ئەهلیەکان بیانووی نەبوونی مۆلیدەی یەدەگ دەهێننەوە، بۆیە ئەرکی حکومەتە کە کارەبایی نیشتیمانی باش بداتە هاوڵاتیان، هەتا هاوڵاتیان پێویستیان بە مۆلیدە ئەهلیەکان نەبێت، حکومەت هیچ هەوڵی چارەسەرکردنی نادات و هەر لەسەر ئەم سیستمە کۆنەی مۆلیدەی گەڕەکەکان بەردەوامە.

 

دەریا فازیل لەو بارەیەوە وتی: سەرەڕای نەبوونی موچەی فەرمانبەران و خراپی بارودۆخی هاوڵاتیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٣ ساڵە لە حکومڕانیدایە و نەیتوانیوە کێشەی کارەبا بە چارەسەر بگەیەنێت، لە زۆربەی گەڕەکەکاندا بۆ ماوەی یەک دوو کاتژمێر کارەبایی نیشتیمانی دەدرێت، کارەبایی مۆلیدە ئەهلیەکانیش وەک پێویست نادرێت بە هاوڵاتیان تا بتوانن کاری ڕۆژانەی خۆیان لە ماڵەکانیاندا ئەنجام بدەن، مۆلیدە ئەهلیەکان نرخی ئەمپێڕەکانیان جێگیر نەکردووە، هەر مانگە و بە نرخێکە کە لەلایەن خۆیانەوە دیاری دەکەن بۆ هاوڵاتیان، کاتێک داوای چاککردنی کارەبا لە خاوەن مۆلیدەکان دەکەین، دەڵێن پارەی زیاترمان بەنێ با ڤۆڵتی زیاترتان پێبدەین.

 

"کارەبای مۆلیدە ناتوانین هیچی پێ بەکاربهێنین"

سروە عەلی وتی: گەڕەکی ئێمە لە کاتژمێر ١١ی بەیانیدا کارەبایی مۆلیدە هەڵدەکات، لەکاتێکدا دەبێت وادەی هەڵکردنەکەی زووتر بێت، کاتێکیش کارەبایی مۆلیدە یەتەوە ناتوانین پێداویستیەکانی ناوماڵ کار پێبکەین بە شووڵێک هیتەر هەڵدەستێتەوە، لە کاتی پەیوەندی کردن بە مۆلیدە ئەهلیەکانەوە زۆر درەنگ بەدەم داواکاری هاوڵاتیانەوە دەچن، لەم بارودۆخەشدا حکومەت هیچ بەرپرسیارێتیەک ناگرێتە ئەستۆ، سەرەڕای نەبوونی کارەبا کە هاوڵاتیان ناتوانن گەرمکەرەوە بەکاربهێنن، نەبونی مووچەش بووەتە هۆکاری ئەوەی هاوڵاتیان نەتوانن سوتەمەنی دابین بکەن بۆ خۆگەرمکردنەوە.

 

هێشوو عەلی وتی: سەرەڕای نەدانی مووچەی فەرمانبەران و پەک کەوتنی خوێندن لەمساڵدا، نەدانی کارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بووەتە بارگرانیەکی دیکە بۆ هاوڵاتیان، لەم کاتەدا بەهۆی نەبوونی کارەبایی نیشتیمانیەوە لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی لە ٪٨٠ کارەبایی ئەهلی بە هاوڵاتیان دەدرێت، کارەبایی ئەهلی تەنها توانای ڕووناک کردنەوەی ماڵەکانی هەیە، ناتوانین کاروباری ڕۆژانەی خۆمانی پێ ئەنجام بدەین، سەرەڕای ئەو هەموو کەمووکوڕیەی مۆلیدە ئەهلیەکانیش هەیانە، خراپی پێدانی کارەبایی نیشتیمانی وای لە هاوڵاتیان کردووە، پێدانی کارەبایی مۆلیدە ئەهلیەکان بە باشتر بزانن.

 

هێشوو عەلی نەبوونی کارەبای بە نەبوونی خوێندنی ئەمساڵ بەراورد کرد و وتی: نەبوونی کارەبا زۆر خۆشترە لە نەبوونی خوێندن، ڕوناکی گڵۆپێک چیە هەمانبێت بەراورد بە خوێندن و نەخوێندەواری، هیچ چارەسەرێک نابیندرێت، ئەگەریش هەر ڕێگەیەکی تازە هەیە دەبێت تاقی بکەینەوە و ڕێگەی دیکەی بگرینەبەر.