"زیندانەکانی ئێران ناوەندی بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسانە"
ژنانی چالاکوان و بە تایبەت ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کوشتن و سێدارەدان دەبنەوە، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: ئەو پەتەی دەکرێتە ملی ژنان، هەمان فکری چەکدارانی داعشە.
"زیندانەکانی ئێران ناوەندی بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسانە"
ژنانی چالاکوان و بە تایبەت ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کوشتن و سێدارەدان دەبنەوە، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: ئەو پەتەی دەکرێتە ملی ژنان، هەمان فکری چەکدارانی داعشە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەستە بەو سیاسەتەی لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت، میکانیزمی کارکردنی سیاسەتمەداران لە باشووری کوردستاندا بار و گوزەرانی ڕۆژنامەنووسانمان بۆ دەردەخات، بەردەوام هێرش بۆسەر رۆژنامەنووسانی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبیندرێت، ئەو لایەنە سیاسیانەی لە ناوچەکاندا حکومڕانی دەکەن بەردەوامن لە ئاریشە و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانمان، پێشێلکاری مافەکانی ڕۆژنامەنووسانی ئازادیش بە تایبەت و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات و ئاستەنگی و گرتن و کوشتنیان ڕوو لە هەڵکشانە.
"لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ژنانی ئازادیخواز ڕووبەڕووی سزای لە سێدارەدان دەبنەوە"
شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس، باس لەوەدەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیانێکی قۆرخکارانە بەڕێوەدەچێت، وڵاتێکی وەکو ئێران، تەنها ئەو یاسا و سیاسەتەی تیادا قبوڵکراوە، کە دەوڵەت دەیسەپێنێت بەسەر خەڵکدا، کاتێک نووسەرێکی ئازاد یان ئازادیخوازێک بە فکرێکی جیاواز دەنگ هەڵدەبڕێت لەلایەن دەسەڵاتەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەکەن، دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە دوای شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی، ژنانی ڕۆژنامەنووس و نووسەر ڕووبەڕووی ئاستەنگی و لە سێدارەدانی سیاسەتی رژیمی داگیرکەری ئێران دەبنەوە، سزای لە سێدارەدانی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ئێستادا نیگەرانی دروستکردووە، دەبینین لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە ژنانی فکر ئازاد لەناو زیندانەکاندا بەبێ بوونی ئاگایی پارێزەر و خانەوادەکانیان دەهێڵدرێنەوە یان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەردەکەن، هەبوونی ئەو سەرکوتکارییە بۆ مانەوەی دەسەڵات و زوڵم و ستەمەکانییەتی لە ناوچەکەدا.
ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: ئێمەی ڕۆژنامەنووس پێویستە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ژنان لە زیندانەکاندا بکەین، سەرەڕای ئەو دۆخە سەرکوتکارییەی ژنانی ئازاد لە زیندانەکانی ئێراندا بەسەری دەبەن، لە دوای سزای سێدارەی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی و سزای بەغی وریشە مورادی چالاکوانی ژنان، دژی سیاسەتی ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت، لەناو زیندانیشدا یەکڕیزی و مانگرتن دژی سزای لە سێدارە بەڕێوەدەچێت، لە ئێستادا زیندانەکانی ڕۆژهەڵات بوونەتە جێگای بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز و چالاکوانان، هەبوونی بەرخۆدانی زیندانیان هاوشێوەی ڕۆژهەڵات لە باکووری کوردستان و تورکیادا بەدی دەکرێت، ئەو ئازادیەی ژنانی ئازادیخواز لە زیندانەکاندا ئامادەکردنی مانیفێستۆیەکە لەم ناوچەیەدا بەڕێوەی دەبەن.
"هەرچەندە مەترسییەکان زیاتر ببێت، دەبێت دەنگە ئازادەکان لەلایەن ژنانەوە زیاتر ببێت"
شۆخان میرزا، لە درێژەی بابەتەکەدا جەختی لەوە کردەوە، پشتگیری ژنانی زیندانیان هەموو جێگایەک دەگرێتەوە، لە باشووری کوردستاندا ژنان و ئازادیخوازان بەردەوام دەنگی ئازادی و هەبوونی مافیان بۆ زیندانیانی ئازادیخواز هەڵدەبڕن، دەشڵێت: ئەو پەتەی دەکرێتە ملی ژنانی ئازادیخواز لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، هەمان فکری چەکدارانی داعشە کە سەری ژنانی دەپەڕاند و دەستیان دەکردە سەریان، هەروەها نێرگز محەمەدی چالاکوانی مافی ژنان لەپێناو کار کردن بۆ ئازادبوونی ژنان ڕووبەڕووی زیندان کرایەوە، ئەم شێوازی هەڵسوکەوتکردنە لە لایەن دیکتاتۆرانەوە بەرامبەر ژنانی بەلوچ و فارسیش ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە هیندستاندا بە هۆکاری دەستدرێژی کردنە سەر ژنێکی پزیشک بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەو دەستدرێژی و ئەقڵیەتەی لە ناوچەکەدا بەرامبەر ژنان دەگوزەرێت، شەرمەزار کرا، هەبوونی ئەو بەرخۆدانەی ژنان لە تەواوی ناوچەکان کارێکی گرنگە.
شۆخانی ڕۆژنامەنووس لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگا سیاسییەکان دەزگایەکی میدیایی بۆ بەرژەوەندی فکری خۆیان دروست دەکەن، بەڵام دەزگای میدیایی ئازاد رۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەرخستنی چەوتیەکانی دەزگا و سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتداران لە ناوچەکەدا، وتیشی: پێویستە هەرچەندە مەترسییەکان زیاتر ببێت، دەنگە ئازادەکانیش لەلایەن ژنانەوە زیاتر ببێت، پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئازادیخواز کارەکانیان بەڕێکخستن بکەن.