ژنانی پەنابەری فەڵەستینی: ئیسرائیل هەوڵدەدات یادەوەری فەڵەستین بسڕێتەوە

ژنانی پەنابەری فەڵەستینی لە لوبنان داوای هەڵوێستی جددییان کرد سەبارەت بەو کۆمەڵکوژیەی کە فەڵەستینییەکان تووشی دەبن، جەختیان لەسەر پێویستی وەستاندنی جێبەجێکردنی پلانە ئایدیۆلۆژییەکەی ئیسرائیل کردەوە کە ئامانجیەتی بە تەواوی یادەوەری فەڵەستین بسڕێتەوە.

فادیە جومعە

 

بەیروت - ئازارەکانی ژنانی فەڵەستینی لە کامپەکانی لوبنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، ئەمڕۆ لە ئازار و ناڕەحەتی و کۆمەڵکوژی شەڕی فەڵەستیندان، بەڵام لە لایەکی ترەوە دەبینیت ژنانی غەززە لە چادرەکانی ئاوارەبووندا لە بەرامبەر مردن و وێرانکاریدا چەسپاون.

 

سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان لە کامپەکان ئەمال شیهابی، پەنابەر لە کامپی عەین ئەلحلوە لە باشووری لوبنان، وتی: ژنان لە کامپەکانی فەڵەستین ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبنەوە، و بەدەست توندوتیژییەکانەوە دەناڵێنن، پەنابەر بوون لە کامپەکاندا گەورەترین توندوتیژییە کە بەسەر ژنان و خێزانەکەدا بەگشتی دەکرێت، سەبارەت بە ژنانی فەلەستینی لە ناوەوە، ڕووبەڕووی دوو توندوتیژی دەبنەوە، کەرتی غەززە لە سەرەتای شەڕەوە هەموو پێکهاتە مرۆییەکانی تێدا نەماوە.

 

"غەززە شایەتحاڵی جینۆسایدێکە تەواوی خێزانەکان کوژران"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی فەڵەستینی زۆر ئازار دەچێژن لە ژێر ڕۆشنایی شەڕەکەدا، ناچاربوون بەرپرسیارێتی خێزانەکە لە ئەستۆ بگرن، لە سەردەمێکدا کە هیچ ئامڕازێکی ژیان و ئاوی خواردنەوە نەبوو، ئەمەش بەشداربووە لە بڵاوبوونەوەی مێرووەکان لە هاویندا کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ئێستاش زستان نزیک بووەتەوە و زۆربەی چادرەکان لە کەنار دەریاکەدان مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئاو بچێتە ناو چادرەکانەوە، هەروەها جەستەی شیبووەوە لە ژێر و سەرووی داروپەردوودا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکانی وەک پەتای جگەر، کەرتی غەززە شایەتحاڵی دەرکەوتنی یەکەم حاڵەتی ئیفلیجی منداڵانە، شایەتحاڵی جینۆسایدێکە تەواوی خێزانەکان کوژران.

 

سەبارەت بە کردەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو شەڕەی لە فەڵەستین ڕوودەدات، ئەمال شیهابی وتی: دوو ستاندارد هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان گەلی فەڵەستین هەموو مافەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێل کراوە، لە هەمووی گرنگتر مافی چارەی خۆنووسین و دامەزرانی دەوڵەتەکەیان، ئەوەی لە بارەی ئازادی و مافەکانەوە دەگوزەرێت، هیچ نییە جگە لە دروشم، ئەو مافانە لە کوێدان، ئێستا هەموو وڵاتان چاویان لەوەیە کە چۆن فەلەستینییەکان دەکوژرێن، بەڵام ناتوانن ئەو هێزە ئیسرائیلییە بوەستێنن کەڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و ڕێککەوتننامەی مافی زیندانییەکانی پشتگوێ خستووە، کە لەناو زیندانەکاندا تووشی جۆرەها ئەشکەنجەدان دەبنەوە.

"ئەم شەڕە ئامانجی برسیکردن و کوشتن و ئاوارەکردنی گەلەکەمانە"

زەهرە ڕەبیح ئەلوەکال کە بەرپرسی نوسینگەکانی ژنانی بزوتنەوەی فەتحە لە لوبنان، لە کامپی بورجی شەمالی نیشتەجێیە، ڕایگەیاند، ئەوەی لە کەرتی غەززە ڕوودەدات لە ڕووی کۆمەڵکوژی، تاوانی جەنگ، جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا ڕووی نەداوە، و کە زۆر خراپترە لە نەکبەی ساڵی ١٩٤٨، ئەم شەڕە ئامانجی برسیکردن و کوشتن و ئاوارەکردنی گەلەکەمانە و لەناوبردنی پڕۆژەی نیشتمانی و خەونی فەلەستینییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی تەواو سەروەرە و قودس وەک پایتەختەکەی.

"ژنان شەڕی مانەوە دەکەن"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی فەڵەستینی لە ئەنجامی ئاوارەبوونی بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان لەدەستداوە، ئێستا لە چادردا دەژین و دارەکان دەبڕن بۆ خۆراکدان و گەرمکردنەوەی خۆیان، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی ژیانی زۆرێک لە ژن و منداڵەکان، سەرەڕای ئازارە ترسناکەکان و نەبوونی ئاسایش و خۆراک و چاودێری پزیشکی، ژنانی غەززە بەرگەی ئازارەکانیان گرتووە لەژێر بۆردومان و کوشتن و ئەشکەنجەدان و ئاوارەبووندا و لێرەدا شەڕی مانەوە دەکەن.

 

سەوسەن کەعوشر، چالاکوانی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ و کولتووری کە لە "کۆمەڵەی سنوورەکانی ئاسمانی ئێمە" کاردەکات، وتی: بارودۆخی غەززە کارەساتبارە و ڕۆژانە خەڵک تووشی جینۆساید دەبن لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ئەم جینۆسایدە لد ساڵی ١٩٤٨ەوە بەردەوامە، گەلی فەلەستین سەختترین کارەسات بەخۆیەوە دەبینێت و ژنانی غەززە ئەمڕۆ لەبەردەم چاویاندا ژیانی گەلی خۆیان لەدەست دەدەن.

 

"منداڵەکانمان لەسەر مافی گەڕانەوە پەروەردە دەکەین"

وتیشی: ئێمەی ژنانی فەڵەستینی لە کاەمپەکانی ڕەوەند لە لوبنان هەست بەو شتە دەکەین کە ژنان لە فەڵەستین بەدەستییەوە دەناڵێنن، ئازارەکانیان ئازاری هەموومانە، دۆزی ئەوانیش دۆزی ئێمەیە، هیوادارین ئەم کابوسە کۆتایی پێبێت، خەریکی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆمانین، ئێمە منداڵەکانمان لەسەر مافی گەڕانەوە پەروەردە دەکەین، و هەرگیز فەلەستین لەبیر ناکەین، چونکە مافی خۆمانە و خاکی خۆمانە و دەبێت ڕزگاری بکەین و ڕێگری بکەین لە جێبەجێکردنی پلانە ئایدیۆلۆژییەکەی ئیسرائیل کە ئامانجی سڕینەوەی یادەوەری فەڵەستینە بە تەواوی.

 

 سەوسان کەعوشر پەیامێکی بۆ هەموو جیهان نارد و داوای لێکردن گرنگی بەو شتانە بدەن کە لە غەززە ڕوودەدەن.