"با بۆیان بخوێنینەوە"؛ دەستپێشخەرییەک بۆ هاندانی خوێندنەوە لە غەززە

لەناو ئەو ڕاستیە سەختەی کە ڕووبەڕووی ژنانی غەززە دەبێتەوە، دەستپێشخەریی "با بۆیان بخوێنینەوە" هەوڵدەدات پەنجەرەیەک بەڕووی ئەدەب و زانست و زانیاریدا بکاتەوە، پەیوەندی ژنان لەگەڵ ئەو پەرتوکانەدا زیندوو دەکاتەوە کە ئەزموونەکانیان دەردەبڕن.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە – نووسەر سابرین ئەبو عەسکەر دەستپێشخەریی "با بۆیان بخوێنینەوە" دەستپێکرد بۆ هاندانی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی نووسەرانی غەززە لە نێو منداڵانی کچ و ژنان و ژنانی گەنجدا لە شوێنە جیاوازەکانی وەک کامپ و قوتابخانە و زانکۆ و قاوە خانەکان، ئەم دەستپێشخەرییە بە تایبەتی لە دوای لەناوچوونی پەرتوکخانە گشتییەکان و بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی بێواتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا گرنگە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان بۆ کولتوورە هەمەچەشنەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە ماف و پێداویستییەکانیان.

 

دەستپێشخەری ڕۆشنبیری "با بۆیان بخوێنینەوە"، بە وتەی نووسەر سابرین ئەبو عەسکەر، نەک تەنها ژن و منداڵانی کچ، بەڵکو ژنانی نووسەر و گەنجەکانی کەرتی غەززەش دەگرێتەوە. ئامانجی تاوتوێکردنی بەرهەمە ئەدەبییە بڵاوکراوەکانی ئەم دواییە و داڕشتنی پێشنیارەکانە لەسەر بابەتگەلێکی گرنگ کە پێویستە تیشکیان بخرێتە سەر، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە و ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەریان دەکرێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە ئەدەبیانەی ئێستا دەخوێندرێنەوە و بڵاودەکرێنەوە، لە دەرەوەی وڵاتەوە بەرەوپێش دەچن و زۆرجاریش شکست دەهێنن لە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی ژنان و منداڵانی کچ یان ڕەنگدانەوەی ڕاستی کۆمەڵگە ناوخۆییەکانن، هەروەها بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی خوێندنەوە و ئەم دیمۆگرافیایە چی بخوێنێننەوە، چونکە کەسایەتی و ناسنامەی داهاتوویان لە قاڵب دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستپێشخەرییەکە پێش هێرشەکە بوونی هەبووە، ڕۆژانی دیاریکراو بۆ ژنانی گەنج و منداڵان لە قوتابخانەکاندا دیاریکراون. ئێستا، بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن دەستپێشخەرییەکە فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی ژنان لە کامپەکاندا بگرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختەی کە بەرگەی دەگرن، وتی: هەرچەندە بارودۆخەکە سەخت بێت، ژنان هەرگیز نابێت واز لە خوێندنەوە بهێنن.

 

سەبارەت بە هۆکاری دووبارە دەستپێکردنەوەی دەستپێشخەرییەکە، وتی: ئەو ئەدەبیاتەی کە من گەورە بووم و دەیخوێنمەوە، لەلایەن گەورەکانی ئەدەبیاتی عەرەبی و بیانییەوە، جیاوازە لەوەی خوێنەران ئەمڕۆ بەکاریدەهێنن، نەوەیەک سەریهەڵداوە کە دەقی سارد و ڕووکەش دەنووسێت، خاڵی لە چوارچێوەی مێژوویی، هیچ گەڕانێکی نییە بۆ لایەنی مرۆیی کارەکتەرەکان یان تەنانەت بەکارهێنانی تەکنیکە جوانکاری و ڕیتۆریکییەکان، پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئەدەبیات لە سەرچاوەکەیەوە ئەزموون ناکەن بە خوێندنەوەی کورتەیەک لە پەرتوکێک و باسکردنی لە دیالۆگێکی کراوەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان گلەیی لە خوێندنەوە دەکەن لەسەر بابەتگەلێکی هاوشێوە، وەک مێژووی فەڵەستین و ڕووداوەکانی ئێستا، وتیشی: بەڵام ئەگەر لەسەر مێژووی وڵاتەکەمان و خاکەکەمان نەخوێنینەوە، چۆن دەتوانین لە مەترسی بپارێزین یان منداڵەکانمان پەروەردە بکەین؟ هەروەها نموونە زۆرن، بەتایبەتی ژنان، کە پێویستە لێکۆڵینەوە لە ژیاننامەیان بکرێت، پێویستە لە خەبات و دەستکەوتەکانیان فێربکرێن، بۆ ئەوەی ئەم کەسایەتیانە بتوانن وەک چرای ڕێنماییکار خزمەت بکەن.

 

لای سابرین ئەبو عەسکەر پێوانەی سەرکەوتن فراوانبوونی بازنەی ئەو ژنانەیە کە لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە کاتێک دەست بە خوێندنەوە و گفتوگۆ دەکات، تەنانەت ئەگەر تەنها ژنێکی تریش بێت، هیوادارە بۆ ڕۆمانە نوێیەکەی ڕووبەڕووی پاڵەوانی نوێ ببێتەوە، ڕاستی و ئازارەکانیان لە ڕێگەی ئەدەبێکەوە بگرێت کە بە قووڵی دەنگ دەداتەوە و دەتوانرێت وەربگێڕدرێتە سەر چەند زمانێک، هەروەها لە یەکەم دانیشتنیدا پێشتر میوانداری یەکێک لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانی داهاتووی کردووە.

 

سابرین ئەبو عەسکەر میوانداری پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان دەکات، لەوانە سیاسەتمەداران، ڕەخنەگران، خوێندکارانی کاری کۆمەڵایەتی، ئەم دانیشتنانە بە پلەی یەکەم پەروەردەییە، ئامانجیان بەهێزکردنی ژنانە بۆ پەروەردەکردن و گۆڕینی خۆیان پێش ئەوەی هەوڵی گۆڕینی کۆمەڵگەکانیان بدەن، ئەمەش بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی پەرتوکخانە گشتییەکان زۆر گرنگە، چونکە هەموو کەسێک توانای کڕینی پەرتوکی چاپکراوی نییە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیانەوە. وتی: دەتوانین خۆمان ئاوەدان بکەینەوە و لەڕێگەی خوێندنەوە کاتەکانی لەدەستچوو قەرەبوو بکەینەوە.

 

هۆشیاری کۆمەڵگە و مافی مرۆڤ زۆر پێویستە

مەجدولین مەهنا، یەکێک لە ئامادەبووانی بازنەی خوێندنەوە، ئاماژەی بەوەدا، کە خوێندنەوە وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ تێگەیشتن لە خۆی و ڕاستی بە نرخ دەزانێت، بەتایبەتی کاتێک باس لە نووسینەکانی ئەو کەسانە دەکرێت کە ئازار و سەختی هاوشێوەیان بەسەر هاتووە، هەروەها یەکەم هەوڵی بۆ خوێندنەوە دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی بووە کە نەخۆشییەکی دەگمەنی مێشکی هەبووە، دەستی کرد بە گەڕان لە ڕێگەی پەرتوک و ماڵپەڕەکانەوە بۆ ئەوەی یارمەتی خۆی بدات، ئەمە جگە لەوەی ڕاوێژکاری لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ کرد.

 

ڕوونیکردەوە، کە خوێندنەوەی لەسەر بابەتەکانی وەک توندوتیژی خێزانی، مافەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکاری و پرسە دەروونییەکان پێ باشترە، هەروەها ژنان پێویستە زیاتر بخوێننەوە دەربارەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ ئەوەی باشتر چارەسەری زۆربەی ئەو کێشانە بکەن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی سووتانی جەستە، هەروەها جەخت لەسەر بوونی خۆیان بکەنەوە وەک هێزێک بۆ گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەکانیاندا.

 

جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەو بارودۆخە سەختەی ژنان تووشی دەبن، بگۆڕدرێن بۆ پاڵنەرێکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی خود و بەهێزکردنی، هەروەها خوێندنەوە پەیوەندی بە فێربوونەوە هەیە و قۆناغێک نییە لە ژیانی ژندا، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانیدا، بەهێزی دەکات بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی توانای گۆڕانکاری و فێربوون لە هەڵەکانی ئەوانی تر، دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوەیان، پەەتوکەکان سەدان چیرۆکی ئیلهامبەخشی ئەو ژنانەیان تێدایە کە ژیانیان هەڵبژاردووە و سەرلەنوێ دەستپێ دەکەنەوە.