زیندانی ژنانی قەرچەک لە سیستمی گەرمکەرەوە بێبەشە

سیستمی گەرمکەرەوەی زیندانی ژنانی قەرچەکی وەرامین سەرەڕای سەرما لەم ڕۆژانەدا پچڕاوە و بارودۆخی نالەباری بۆ زیندانییەکان دروست کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەم ڕۆژانە پلەکانی گەرما لە ئێران نزم بوونەتەوە، سیستمی گەرمکەرەوەی زیندانی ژنانی قەرچەکی وەرامین  پچڕاوە و زیندانیانی ئەم زیندانە لە بارودۆخێکی سەخت و نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن.

 

پێویستە باس لەوە بکرێت کە سەرەڕای پچڕانی سیستەمی گەرمکەرەوە و سەرمای توند و بارودۆخی زیندانییەکان، هێشتا بەرپرسانی زیندان نەیانهێشتووە کەسوکاری ئەو زیندانیانە جلوبەرگی گەرم بگەیەننە دەستی زیندانییەکان.

 

ژیلا بەنی یەعقوب، ڕۆژنامەنووس و زیندانی سیاسی پێشوو، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تؤڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە بڵاوکرنەوەی پۆستێک، نەبوونی سیستمی گەرمکەرەوە لە زیندانی قەرچەک پشتڕاستکردووتەوە و نووسیویەتی: لەکاتێکدا ئەم پێشانگا و زۆرێک لە باڵەخانە حکومییەکان پلەکانی گەرمایان بەرزکردۆتەوە، بەڵام زیندانیان زیندانی ژنانی قەرچەک لە شەوی ڕابردووەوە بەهۆی سەرما دەلەرزن، نەک تەنها سیستمی گەرمکەرەوەی زیندانی قەرچەک بە تەواوی پچڕاوە، بەڵکو بنەماڵەی زیندانییەکان بۆیان نییە جلوبەرگی گەرمی زیاتریان بۆ ببەن.

 

نەبوونی سیستمی گەرمکەرەوەی زیندانی ژنانی قەرچەکی وەرامین لە دۆخێکدا ڕووی داوە کە ڕژێمی ئێران زۆرێک لە خوێندنگە و فەرمانگە حکومییەکانی بەهۆی سەرمای زۆر لەم ڕۆژانەدا داخستووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە زیندانی ژنانی قەرچەکی وەرامین یەکێکە لە بەدناوترین زیندانەکانی ئێران، کە تەنانەت ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، ئەم زیندانەی بە "جەهەنەمێک بۆ ژنان و منداڵان" پێناسە کرد و داوای داخستنی ئەم زیندانەی کرد.