زیاتر لە ٤٢٠ ملیۆن هێکتار دارستان لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بڕدراونەتەوە

ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی دارستانەکانە و کەمکردنەوەی دارستانبڕین و نۆژەنکردنەوە و بەڕێوەبردنی دارستانەکان بە شێوەیەکی بەردەوام ڕێگایەکی گرنگن بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیهانییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠.

ناوەندی هەواڵ 

 

بەپێی بڕیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ وەك ڕۆژی جیهانی دارستانەکان دیاریكراوە و لەو بارەوە ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: کەمکردنەوەی دارستانبڕین و نۆژەنکردنەوە و بەڕێوەبردنی دارستانەکان بە شێوەیەکی بەردەوام ڕێگایەکی گرنگن بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیهانییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەی دارستانبڕین، زیاتر لە ٤٢٠ ملیۆن هێکتار دارستان لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بڕدراونەتەوە، کە ساڵانە ١٠ ملیۆن هێکتار زیانیان پێدەگات.

 

بۆ چارەسەرکردنی ئەم هەڕەشانە، ڕێکخراوی FAO بە بەشداری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و ئێرلەندای باکوور، بەرنامەیەکی “Aim4Forests”ی دەستپێکرد، کە بەرنامەیەکی پێنج ساڵەیە و ئامانجی بەهێزکردنی چاودێریکردنی دارستانەکانە بە تەکنیکە مۆدێرنەکان، داهێنانی تەکنیکی و بەکارهێنانی بنەماکانی بۆشایی ئاسمان داتا و هەستکردن لە دوورەوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٢ ئەنجومەنی گشتی ٢١ـی ئازاری وەک ڕۆژی جیهانی دارستانەکان ناساند، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگی هەموو جۆرە دارستانێک، لەگەڵ هەر ئاهەنگێکی ڕۆژی جیهانی دارستانەکان، وڵاتان هاندەدرێن هەوڵی زیاتری ناوخۆیی و نیشتمانی و نێودەوڵەتی بدەن بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانی پەیوەست بە دارستانەکان، وەک هەڵمەتەکانی زیادکردنی دارستان.

 

ڕێکخەرانی ئەم ئاهەنگانە بریتین لە: کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دارستانەکان و ڕێکخراوی FAO، بە هاوکاری حکومەت و هاوبەشەکانی پەیوەندیدار بە دارستان و ڕێکخراوەکانی دیکەی پەیوەست بەم بوارەوە.

 

زانیاری زیاتر….

دارستانەکان شوێنی ٨٠%ـی هەمەچەشنە زیندەوەرەکانن.

زیاتر لە ٣٠%ـی ئەو نەخۆشییە نوێیانەی، کە لە ساڵی ١٩٦٠ەوە تۆمارکراون، بەهۆی گۆڕانی بەکارهێنانی زەوییە، لەنێویاندا دارستان بڕین.

ساڵانە ڕووبەری ئەو دارستانانەی دەبڕدرێنەوە لە جیهاندا، هاوتایە بە نزیکەی ١٤ ملیۆن یاریگای تۆپی.

ئافاتەکانی مێروو ساڵانە نزیکەی ٣٥ ملیۆن هێکتار دارستان لەناو دەبەن.

٧٥%ـی ئاوی شیرین لە جیهاندا لە ناوچە دارستانییەکانن.