ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ: مردن و دابڕانی خێزان ژیانی منداڵانی لە ئۆکرانیا پێچەوانە کردەوە

ڕاپۆرتێکی مافی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە مردن و جیابوونەوەی هەمیشەیی خێزانەکان لەناو ئەو ڕووداوە زەبربەخشانەن کە ژیانی منداڵانی لە ئۆکرانیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەڵوەشاندەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەئەنجامی شەڕی ساڵانی ڕوسیا و ئۆکرانیا، منداڵان لە ئۆکرانیا لەئەنجامی ئەو شەڕە دوژمنایەتییەدا ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی بەرفراوان بوونەتەوە و سەدان کەسیش کوژراون و برینداربوون.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ٢١ی ئادار لەلایەن فەرمانگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، مردن و جیابوونەوەی هەمیشەیی خێزانەکان لەنێو ئەو ڕووداوە زەبربەخشانەن کە لە ماوەی سێ ساڵی دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا ژیانی منداڵانی لە ئۆکرانیا هەڵوەشاندووەتەوە.

 

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە شەڕی بەردەوامی و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا پێشێلکاری بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و ئازاری نەگێڕدراوی بەسەر ملیۆنان منداڵدا گەیاندووە، مافی منداڵان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا تێکچووە و شوێنەواری قووڵی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بەجێهێشتووە.

 

لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی ٦٦٩ منداڵ و برینداربوونی هەزارو ٨٣٣ کەسی دیکەی بەڵگەدار کردووە، کە بەشێکی زۆریان لە ئەنجامی بەکارهێنانی بەرفراوانی چەکی تەقەمەنی لە ناوچە دانیشتووەکاندا کوژراون، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٥٢١ منداڵ کوژراون و هزارو ٥٢٩  منداڵی دیکەش لە خاکی ژێر کۆنترۆڵی ئۆکرانیادا کوژراون و ٣٠٤ کەسی دیکە لە خاکی ئۆکرانیا کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە بریندار بوون، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ڕاستەقینەی مردنی منداڵان زۆر زیاتر بێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە مەزەندەکردن ٧٣٧ هەزار منداڵ لە ناوخۆدا ئاوارە بوون بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، هەروەها یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵ پەنابەر بوون، کە زۆربەیان لە دایک و باوکیان جیابوونەتەوە.

 

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ڕوونە کە منداڵانی ئۆکرانیا لە کاتی شەڕدا تووشی ئەزموونی جۆراوجۆر بوون کە هەموو ئەمانە لێکەوتەی جددییان هەبووە، هەندێکیان لە ئەوروپا بوون بە پەنابەر، هەندێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ قوربانی بوون لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی بۆردومانکردندا.