ژنێکی ئەفغانی سەرپێچی لە تابووەکان دەکات و هیوا بۆ نەوەی داهاتوو دروست دەکات
لەگەڵ سیستمی پیاوسالاری توند، تاڵیبان زاڵە بەسەر ژیانی ئەفغانستاندا، بەڵام ژنان بەردەوامن لە دەنگدان و خۆبەدەستەوەدان ڕەتدەکەنەوە.

بەهاران لەهیب
بامیان- ژنانی ئەفغانستان سەرەڕای ئەو ستەمکارییەی کە تاڵیبان ئەنجامی دەدەن، هەوڵدەدەن ڕۆڵێکی کارا لە کۆمەڵگەکەیاندا بگێڕن. هەرچەندە زۆرێکیان خوێندنی باڵایان تەواو کردووە، بەڵام لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا نەیانتوانیوە خەونەکانیان بەدیبهێنن. بەڵام کۆڵیان نەدا، ئەوان دەیانویست ڕێگە بۆ نەوەکانی داهاتوو خۆش بکەن، تەنانەت ئەگەر بە مانای قوربانیدانی ژیانیش بێت.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە تاڵیبان ڕێگەی بە ژنان دا بۆ چالاکییە ئابوورییەکان، وەرگرتنی باج بوو لێیان. بەڵام ژنانی ئەفغانی خوێندەوار ڕێگەیان نەدا چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان لە ئەفغانستان بوەستن. ئەوان فێربوون چۆن خەبات بۆ مافەکانیان بکەن و دەیانزانی کە دەبێت بەرامبەر هەر بڕیارێکی ناڕەوا بوەستنەوە.
عەلیا موتەهەری، سەرەڕای خوێندنی باڵا و ڕووبەڕووبوونەوەی سنووردارکردن، ئێستا دوکانێکی لە بازاڕێکی بامیان بەڕێوەدەبات، هەوڵدەدات بۆ بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی. وتی: من دەرچووی ئابووریم لە زانکۆی بامیان و ماوەی دوو ساڵە لە کەرتی پیشەسازی دەستی کاردەکەم، سەرنجی سەرەکیم لەسەر جلوبەرگی تەقلیدی ئەفغانستانە، بەتایبەتی قوماشی ئەفغانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیەم ئەوەیە کە پسپۆڕی ئابووری و کارگێڕی بازرگانیم هەیە،
دووەم: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، هیچ کارێک بۆ ژنان نییە، تاکە بژاردەیەک کە لەبەردەستماندایە کارکردنە لە بازرگانی و فرۆشگاکاندا.
سەبارەت بە وەبەرهێنانی سەرەتایی، ڕوونیدەکاتەوە، باوکم جووتیارە. ئەو زەویەکەی بە ڕەهن کردووە، لە ڕێگەی ئەوەوە پارەی ئەم پڕۆژەیەم دابین کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هاوڵاتیان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن وەک ژنێک لە بازاڕی کاردا، "
هاوڵاتیانی بامیان خاوەنی کەلتوورێکی ئاڵۆزە، بەڵام تاڵیبان هەندێک سنووردارکردنمان بەسەردا دەسەپێنن. ئەوان زۆر توندن لە باڵاپۆشی، تەنانەت ناچارمان دەکەن بورقا لەبەر بکەین.
جەختیشی لەوە کردەوە، نابێت هەرگیز ژنانی ئەفغانستان بێ هیوا بن، دەوترێت ئەگەر هەزار دەرگا دابخرێت، یەکێکیان دەکرێتەوە، ڕاستە لە زۆربەی هەلی کارەکان بێبەش بووین، بەڵام دەبێت سەرلەنوێ هەڵبستینەوە و ڕێگایەکی پیشەیی بۆ خۆمان بنیات بنێین. ئێمە ناتوانین بەتەنها لە ڕێگەی خوێندنەوە پێشبکەوین، بەڵام چالاکییە بازرگانییەکان، وەک بەڕێوەبردنی هۆتێلەکان، دەتوانن ڕێگەش بۆ پێشکەوتنی ژنان خۆش بکەن.
سەبارەت بەو باج و خەرجییانەی کە دەبێت بیدەن، عەلیا موتەهەری وتی: ئێمە سێ مانگ جارێک باج دەدەین، هەروەها پارە بە پاسەوانەکە دەدەین بۆ پاراستنی فرۆشگاکە، خۆیان باجەکان دیاری دەکەن، بە پشتبەستن بەو کاڵا بازرگانیانەی لە فرۆشگاکەدا بەردەستن، بڕە پارەکە دەخەمڵێنن، هەروەها بڕە پارەیەکی دیاریکراو دیاری دەکەن.
ژنانی ئەفغانستان ڕێگەی نوێیان بۆ مانەوە و خەبات بۆ مافەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی دڕندەی تاڵیبان دۆزیەوە. چیرۆکی عەلیا موتەهەری تەنها یەک نموونەی هەزاران ژنی ئەفغانییە کە سەرەڕای ئەو هەموو فشارە هێشتا دەستیان بە هیواوە گرتووە، ڕێگا بۆ کچانی سبەینێ خۆش دەکەن. ئەوان سەلماندوویانە کە بە ئیرادە و زانست و ماندووبوون تەنانەت تاریکترین ڕۆژەکانیش ڕووناک دەکرێنەوە.