ژنانی کۆچبەر لە عەفرین: ئیرادەی گەلەکەمان لە گەڕەکە گەمارۆدراوەکاندا ناشکێت
ژنانی کۆچبەری عەفرین کە ئێستا لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن، ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد کە جیهادیەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب دەستیان پێکرد، دەڵێن: ئیرادەی گەلەکەمان ناشکێت.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ- هێرشەکانی جیهادیەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەبی سووریا، لە ٦ی کانوونی دووەم، لە ئەنجامدا دوو منداڵ و دوو ژن و هەشت هاوڵاتی دیکەی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەی زیاتر لە ٥٥ کەسیش برینداربوون کە ژمارەیەکی زۆر منداڵیشیان تێدایە.
لە چەند شارێکی سووریا، هاوڵاتیانی مەدەنی ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ شەرمەزارکردنی هەڵکشانی سەربازیی هەتەشە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب بە "شەرمەزارکەر" پێناسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە بەردەوامییەکەی سووریا بەرەوڕووی مەترسی زیاتر دەکەوێت.
ژنانی کۆچبەرانی عەفرین کە ئێستا لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن، ئەم هەڵچوونەیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لەو گەڕەکانە ڕاگەیاند.
"هەرچەندە هێرشەکان چڕ بن، بەرخۆدانمان زیاتر پەرەپێدەدەین"
سەوسەن خلی ئاماژەی بەوەدا، کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید بە چڕی دانیشتووانی مەدەنین، لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی بەردەوامیان لەسەرە، وتی: گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە داگیرکاری تورکیا ئەم هێرشانە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستپێدەکەن، ئەمەش جارێکی دیکە بێتوانایی حکومەتی کاتی سووریا لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک دەسەلمێنێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەردوو هەتەشە و داگیرکەری تورکیا بە شێوەیەکی کۆردیناسیۆن ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن، ئەم هێرشانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و لەڕێگەی ئەوانەوە هەنگاوی لەڕادەبەدەر مەترسیدار دەگیرێتەبەر، وتی: هیچ وڵاتێک لە جیهاندا ئەو جۆرە هێرش و پێشێلکارییانە قبوڵ ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گروپانە لەبەرچاوی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ئەنجامدانیان.
دووپاتی کردەوە٫ کە دانیشتووانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید هەموویان هاوڵاتی مەدەنین و هیچ شوێنێکی سەربازیش نییە کە بتوانرێت بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنیان بەکاربهێنرێت، وتی: هاوڵاتیانی نیشتەجێی ئەوێ ڕۆژانە ئیرادەیان زیاتر دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە، هەرچەند هێرشەکان چڕبن، بەرخۆدانمان زیاتر پەرەپێدەدەین، هەروەها دەبێت جیهادییەکانی هەتەشە و داگیرکەری تورکیا لەوە تێبگەن کە ئێمە لە بەرخۆدانەکەمان پاشەکشە ناکەین، هەرچەندە بارودۆخەکە خراپ بێت، وەک ژنانی کورد، لە هەموو شوێنێک، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە خۆمان، ڕێگە نادەین دوژمن ئیرادەمان بشکێنێت یان کەمی بکاتەوە.
"جارێکی تر کۆچکردن بەسەر کۆچبەرەکاندا دەسەپێندرێت"
فەوزیە حەسۆ دووپاتی کردەوە، ئەوەی چەند ڕۆژێکە ڕوودەدات، بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگرییە، وتیشی: بە توندی شەرمەزاری ئەو هێرشانە دەکەین کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەیدیان کردە ئامانج، هاوڵاتیانی لە عەفرین و شەهبا کۆچیانکرد لەو گەڕەکانەدا پەناگەیەکی ئارامیان دۆزیەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین جارێکی دیکە هێرشەکان دەستپێدەکرێنەوە، هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، وەک ئەوەی کۆچکردن بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێتەوە کە پێشتر کۆچیانکردووە، چی لەم گەلە دەوێت؟
ڕوونیشیکردەوە، چەند ڕۆژێکە گەڕەکەکان گەمارۆدراون، وتیشی: لە دوێنێوە بێ وەستان درێژەیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە داوە، منداڵان و ژنان و بەتەمەنەکان لەوێ دەکوژرێن، بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دژی ئەو هێرشانە هەنگاو نانێت؟ تا کەی ئەم ئاوارەبوونە بەردەوام دەبێت؟ ئێمە وەک ژنانی عەفرین کە کۆچمانکرد بۆ جزیرە، لەگەڵ گەلەکەماندا دەوەستین، ئیرادەیان بەهێز دەکەین، هەموو شتێکی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی ئەم کۆچکردنە دووبارە نەبێتەوە، وتی: هەموو سەرکەوتنێک هەمیشە بۆ گەلی کورد دەبێت، ئێمە گەلێکی خۆڕاگرین، شەو و ڕۆژ بەردەوام دەبین لە خەبات و وازناهێنین لە گەڕەکەکانمان، هەرچەندە بارودۆخەکە خراپ بێت.
"ئیرادەی گەل بەهێزترە لە گەمارۆدان و بۆردوومان"
ئامینە ڕۆستەم شەرمەزای ئەو هێرشانەی کرد بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب کە زۆرینەیان کوردن، وتی: بە توندی شەرمەزاری ئەو هێرشانە دەکەین. سەرەڕای نەبوونی هیچ شوێنێکی سەربازی لەگەڕەکان، هەموو دانیشتووانیان هاوڵاتیانی مەدەنین، بەڵام لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە گەمارۆ دەدرێن و بۆردوومان دەکرێن، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ڕووبەڕووی زستانێکی سەخت بوونەتەوە بەبێ گەرمکردنەوە و خواردن و کارەبا، ئەوان بە گەمارۆدانیان ڕازی نین، بە هەمان شێوە بەردەوامن لە بۆردوومانکردنیان، چییان لەم گەلە دەوێت؟
دووپاتیکردەوە، کە سەرەڕای ئەم هەموو بارودۆخە سەختانە، هاوڵاتیانی ئەوێ دەستیان بە ئیرادەی خۆیانەوە گرتووە، هەرچەنده بۆردوومان دەکرێن، بەڵام لە کوچە و کۆڵانەکاندا هەڵدەپەڕا و بەرخۆدانییان نیشان دەدەن، گەلێک کە لە ژێر بۆردووماندا هەڵپەڕێت، گەلێکە بۆ ئازادی هەڵدەپەڕێت، تا کۆتایی بەردەوام دەبن لە بەرخۆدانی خۆیان، وتی: وەک دایکانی کورد هەمیشە لە ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە تەنیشت گەلەکەمانەوە دەوەستین و ملکەچی هیچ دەسەڵاتێک نابین، سەرەنجام سەرکەوتن هی ئێمە دەبێت.