لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتیی ڕاگەیەندرا
ئەمڕۆ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانییکردنی خۆپیشاندەرانی گەلانی ئێران دەست بە مانگرتنی گشتی کرا و هەموو بازار و شوێنە گشتییەکان داخراون.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و تا ئێستا بەردەوامە و دوو هەزار و ٢١٧ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و ٣٤خۆپیشاندەر کوژراون، کە لەو ژمارەیە پێنج کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدان.
بەپێی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان، ئەمڕۆ لە شارەکانی سنە، ئیلام، دیواندەر، مەریوان، بۆکان، ڕوانسەر، کرماشان، مەهاباد، بانە، کامیاران و لوڕستان، هاوڵاتییان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ڕژێمی ئیران دەستیان بە مانگرتنی گشتی کردووە و هەموو دوکان و بازار و شوێنە گشتییەکان داخستووە.
هەروەها مانگرتنە گشتییەکە بۆ داكۆكی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی گەلانی ئێران و ئیدانەکردنی سەرکوتکردنەکانی ڕژێمی ئێرانە بەرامبەر خۆپیشاندەرەکان.