ژنێکی گەنج لە کەرکوک بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا

یەكەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە شارەدێی ڕیازی سەر بە پارێزگای كەركوك تۆماركرا، کە ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بووەو دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوتووە ئەو ژنە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ٤٠%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن گیان لەدەستدەدەن.

 

سەباح نوری حەسەن، بەرپرسی كارگێڕی نەخۆشخانەی ڤێرتێرنەرى كەركوك لە بارەی گیان لەدەستدانى ژنێك بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بۆ میدیا ناوخۆییەكان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ ٣١ی ئایار، یەكەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی تای خوێنبەربوون لە كەركووك تۆماركرا و ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (ش، م، م)ە، تەمەن ٢٥ ساڵ بووەو خەڵكی شاردەێی ڕیازی سەر بە شارۆچكەی حەویجە بووە.

 

وتیشى: دوای ئەنجامدانی پشكنینی "RT-PCR CCHF" تای خوێنبەربوون بۆ تووشبووەكە ئەنجامەكە پۆزەتیڤ بووە و دەركەوتووە ئەو ژنە تووشی تای خوێنبەربوون بووە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، كارمەندانى نەخۆشخانەكە دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چڕ و پڕی ڕشاندنی دەرمان لە شارەدێی ڕیاز.