ئەو پارێزەرەی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر گۆشەگیری، بە زۆر برایە دانیشتنی دادگا

مەرڤە نوردۆغان، پارێزەری دەستگیرکراو ئامادە نەبوو بەشداری دانیشتنی دادگا بکات و بەزۆر برایە دانیشتنەکە، سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

مەرڤە نوردۆغان، پارێزەر لە ژووری پارێزەرانی ئامەد لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستبەسەر کرا، دانیشتنی بڕیار لەسەر دۆسیەی مەرڤە نوردۆغان بەڕێوەچوو.

 

 دانیشتنەکە لە ١٠یەمین دادگای تاوانە قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا پارێزەران دۆغان عادل سەلمان و سەرڤێت ئۆزن و ناهید ئەرەن، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بەشدارییان کرد،  مەرڤە نوردۆغان کە لە زیندانی ژنانی تارسوس ڕاگیراوە، دوێنێ داواکارییەکی نووسی و ڕایگەیاند کە بەشداری دانیشتنەکە ناکات، دادگا بڕیاریدا بەزۆر بیباتە دانیشتنی دادگا و بەشداری لە دانیشتنەکەی سیستمی دەنگ و بینین "SEGBÍS" بکات، لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە ئەمڕۆ مەرڤە نوردۆگان برایە دانیشتنەکە.

 

"گۆشەگیری شەرمەزار دەکەم"

مەرڤە نوردۆغان لە دانیشتنەکەدا بە زمانی کوردی قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەو گۆشەگیرییە توندەی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد قبوڵ نییە، بڕیاریدا بەشداری دانیشتنەکە نەکات، مەرڤە نوردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بڕیارێکی دادگا سەبارەت بە ناوبراو قبوڵ ناکات و وتی: گۆشەگیریی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان شەرمەزار دەکەم و قبوڵی ناکەم، هەر بۆیە نەمدەویست بەشداری دانیشتنەکە بکەم، بەڵام بە زۆر هێناویانمی ئەمە قبوڵ ناکەم  و پاراستن ناکەم.

 

هەروەها داواکاری گشتی داوایکردووە مەرڤە نوردۆغان سزا بدرێت، پارێزەران ڕایانگەیاندووە کە قبوڵ ناکرێت بریکارنامەکەیان بە زۆر ببرێتە ژووری دەنگ و ڕەنگ و ئەمەش پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.

 

 

دادگا بە بیانووی "ئەندامێتی ڕێکخراو" سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەر مەرڤە نور دۆغاندا سەپاندو مەرڤە نور دۆغان بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بەو سزایە.