شەقامێک بەناوی شەهیدان "گوڵستان و هێرۆ" وە کرا
لە دوای ئەوەی لە ۲۳ی ئابی ۲۰۲٤، لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان، هەردوو ڕۆژنامەنووس، "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" گیانیان لەدەستدا، لەلایەن هاوڵاتییانەوە شەقامەکەیان بەناوەوە کرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ، گەلی وڵاتپارێز لەسەر ڕێگای تەپەڕەشی نزیک شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، تابلۆیەکیان بەناوی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین"، لەسەر ئەو ڕێگایە دانا کە تێیدا گیانیان لەدەستدا و شەقامەکەیان بەناوی ئەوانەوە کرد.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ڕۆژی ۲۳ی ئابی ۲۰۲٤ لە نزیک گوندی تەپەڕەشی نزیک شارچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی بەئامانجگرت و لە ئەنجامدا هەردوو ڕۆژنامەنووس "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" گیانیان لەدەستا و ڕۆژنامەنووس "ڕێبین بەکر" یش بریندار بوو.
"بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانە"
لە کاتی مەڕاسیمی بەناوکردنەکە و دانانی تابلۆکە و هاوکات یادکردنەوەی ڕۆژنامەنووسانی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" کۆمپانیای ڕاگەیاندنی چەتر، بە ڕاگەیەندراوێک باسیان لەوە کردوو کە ڕۆژنامەنووسان "گوڵستان و هێرۆ" بەهۆی هەوڵدان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بەئامانج گیرابوون و تێشیدا هاتبوو: لەهەر شوێنێک ڕۆژنامەنووسێک بکوژرێت، دیارە کە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەک دەدرێت، لە ئێستادا زیاتر لە هەرکات جیهان و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە دەستکەوتنی هەواڵ و زانیاری درووست هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا دێت فشارەکانی کوشتن و گرتن و لێدان و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبێت و حوکمەتە تۆتالیتارەکان هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان ئەدەن لەو ڕێگەیەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، سوپاسی گەلی وڵاتپارێز و هەموو ئامادەبووانی ئەو یادەکرابوو و هاوکات بەڵێن درابوو کە تا کۆتایی ڕێگەکە ئەوان دەبنە دەنگ و ڕەنگی ڕاستییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ۲۷ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە نزیک شاری ڕانییە ئۆتۆمبێلێکی تر لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەئامانج گیرا و لە ئەنجامدا ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلۆئۆغڵو، گیانی لەدەستدا.