”ژنانی ڕۆژنامەنووس دەنگی شۆڕش و ڕاستین”

ڕۆژنامەنووسان یارا محەمەد و بێریڤان قاسم بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ژنی کورد لە بارەی گرنگی ڕۆڵی ژنان لە میدیادا قسەیان کرد، سەرنجیان ڕاکێشا بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کارەکانیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ- ژنە ڕۆژنامەنووسەکان نەک هەر نەبوونەتە دەنگی ژنان و کۆمەڵگە، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕاپۆرتکردنی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگەکان، بەڵام سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، ژنانی ڕۆژنامەنووس هێشتا لە کارەکانیاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، هەر بۆیە ٧ی تشرینی یەکەم وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کورد ناسێندرا، بێگومان ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی کار و دەستکەوتەکانی ژنان لە میدیاکاندا، سەبارەت بە گرنگی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کورد، ڕۆژنامەنووسان یارا میحەمەد و بێریڤان قاسم سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە میدیادا قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا، بێریڤان قاسم، جیهان بیلگین، غوربەتلی ئارسۆز و هەموو شەهیدە ژنەکانی بەبیرهێنایەوە و وتی: دامەزراندنی کەناڵی جین تیڤی، ئاژانسی نوژنها و ڕادیۆی ستار ئێف ئێم بەشێک لە بەرهەمەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، لەم ساڵانەی شۆڕشدا ژنانی ڕۆژنامەنووس توانیان دەنگی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە جیهان بگەیەنن، لە سەختترین بارودۆخدا، ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە مەیدانەکاندا بوون، ڕاپۆرت و بەڵگەنامەیان بۆ ڕووداوەکان دەکرد، بە کامێرا و پێنوسەکانیان توانیان ببنە دەنگی ڕاستی و ئازار و مەینەتیەکانی کۆمەڵگەکەیان بگەیەنن، بێگومان ئەم دەسەڵاتەش یەکێک بوو لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان.

 

”ئێمە هەمیشە شوێن دەنگ و هەوڵەکانی ژنان دەکەوین و دەیانهێنینە جیهان”

بێریڤان قاسم سەرنجی بۆ دۆخی ژنان لە سووریا ڕاکێشا و وتی: لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ژنان لە زۆر بواردا دوورخرانەوە، لەگەڵ هاتنی حکومەتی کاتیش دووبارە ئەم کارە دەکەنەوە و دەیانەوێت ڕۆڵی ژنان لەناوببەن، ئەو ژنانەی کە بەدرێژایی ساڵان لە زۆر بواردا خۆیان سەلماندووە و ژنانی ڕۆژنامەنووس مافی ڕەوای خۆیان لە بواری پەیوەندییەکان بەدەست نەهێناوە، هەروەها ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوای کوردستان، جەختلەوە دەکەینەوە کە هەمیشە شوێن دەنگ و هەوڵی ژنان دەکەوێت و بە جیهان دەیانناسێنین.

 

”بێگومان ئێمە هەمیشە بە شوێنپێی ئەوان دەڕۆین”

ڕۆژنامەنووس یارا محەمەد هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کورد، یەکەمین ژنە ڕۆژنامەنووس کە بوو بە سەرنوسەر لە ڕۆژنامەگەریدا، یادی غوربەتلی ئارسۆزی کرد و وتی: هەموو ئەو هاوڕێیانەمان لەبیرە کە لە ڕێگای خەباتی ژنان و پەیوەندیی ئازاددا گەیشتوونەتە ئاستی شەهیدبوون، بێگومان ئێمە هەمیشە لە گەشتەکەماندا بەردەوام دەبین لەسەر شوێنپێی ئەوان.

 

”ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی ڕاستیەکی سەخت دەبنەوە”

یارا محەمەد سەرنجی بۆ ئەو ئاستەنگانە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە بواری ڕاگەیاندن و وتی: بێگومان ژنان لە هەموو بوارێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، بە تایبەتیش لە بواری ڕاگەیاندندا، ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی تێڕوانینێکی توند دەبنەوە، هەروەها هەندێک کەس هێشتا دەیانەوێت ژنان لەم بوارەدا دوور بخەنەوە، لە مێژوودا ژنان لە بواری ڕاگەیاندندا بە شێوەیەکی سنووردار کاریان کردووە و ڕۆڵێکی بچووکیان پێدراوە، بە واتایەکی تر تێڕوانینێک لەسەر بنەمای ڕەگەزی بونیاد نراوە و بەو پێیەش جێگای ژن تەنها لە ماڵدایە و ئەرکەکانی پەروەردەکردنی منداڵانە.

 

”ژنانی ڕۆژنامەنووس متمانەیان بە یەکتر هەیە”

یارا محەمەد باسی لە ڕۆڵی ژنانی ڕۆژنامەنووسان کرد لە بەڵگەنامەکردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: بەڵام لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاقای کوردستان کە لە لایەن ژنانەوە ڕابەرایەتی دەکرا، دەرگای نوێ بۆ ژنانی کورد کرایەوە کە ڕاپۆرت لەسەر خەباتی ژنان بدەن، بە کامێرا و پێنوسی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەستکەوتەکانی شۆڕش بەڵگە و پارێزراو بوون، بێگومان ژنانی ناو کۆمەڵگەش متمانەیان بە ژنانی ڕۆژنامەنووس هەیە بۆ ئەوەی دەنگ و خەبات و دەستکەوتەکانیان بگەیەننە ڕای گشتی.

 

”ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێنە ئامانج”

یارا محمەد سەرنجی بۆ ئەو فشار و هێرشانە ڕاکێشا کە ژنانی ڕۆژنامەنووس بەم قسانە ڕووبەڕووی دەبنەوە: بێگومان ژنان ملکەچی فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەبن و ئەمڕۆش لە مەیدانی سیاسیدا هێرش دەکرێتە سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس، جگە لەوەش لە پێناو بێدەنگکردنی دەنگی ژنانی ڕۆژنامەنووس، ڕۆژنامەنووسانی ژن لە دیجیتاڵ میدیادا بە شێوازی نەشیاو دەکرێنە ئامانج، کە ئامانج لێی بێ بەهاکردن و بەفیڕۆدانی کارەکانیانە، بێگومان ئەمە تەنها کێشەیەکی تویبەتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئەقڵیەتێکی پیس کە ژن تەنها وەک کەرەستە دەبینێت و دەیەوێت بەکاریبهێنێت، چونکە ژنان لە بواری پەیوەندیکردندا خۆیان سەلماندووە و بوونەتە دەنگ و چاوی ژنان لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا بوەستن و درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن.

 

”ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستیان بە یاسا و میکانیزمی پاراستن هەیە”

یارا محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە گرنگی پاراستنی مافی ژنانی ڕۆژنامەنووس کردەوە و وتی: لە بواری پەیوەندییەکان کە بە موڵکی چوارەم دادەنرێت، پێویستە ژنان جێگەی خۆیان بگرنەوە، بۆیە ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستیان بە یاسا و میکانیزمی پاراستن هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و پارێزراویان، هەروەها ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستیان بە کارێکی ئازادانە لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەیە و دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت، تەنها بەو کارە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر مافەکانی ژنان بپارێزن و مسۆگەری بکەن.