پارێزگاری هەڵەبجە وردەکارییەکانی فێستیڤاڵی هەنار دەخاتەڕوو

نوخشە ناسیح، پاریزگاری هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان سەبارەت بە فێستیڤاڵی هەنار بڵاو کردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، فێستیڤاڵەکە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠ی بەیانی، بەڕووی گەشتیاران و میواناندا دەکرێتەوە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

میهرەبان سەلام 

 

هەڵەبجە- ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نوخشە ناسیح، پاریزگاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی قایمقامی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان، ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان سەبارەت بە فێستیڤاڵی هەنار بڵاو کردەوەو وتی: ئێمە وەک لیژنەی باڵا، خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە ڕوونکردنەوە لەسەر فێستیڤاڵێک بدەین کە ساڵانە زۆرترین سەردانکەری هەیە و گرنگییەکی گەشتیاری، ئابووری و کشتوکاڵی هەیە.

 

بەپێی بڕیارەکە، فێستیڤاڵەکە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠ی بەیانی، بەڕووی گەشتیاران و میواناندا دەکرێتەوە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

سەبارەت بە هۆکاری دیاریکردنی ڕێکەوتی ٢٨ی مانگ و ئەوەی بۆچی فێستیڤاڵەکە پێشتر نەکراوەتەوە، نوخشە ناسیح ڕوونی کردەوە کە هەنار، وەک بەرهەمێکی کشتوکاڵیی گرنگ، لە وەرزی پاییزدا دەگاتە پێگەیشتنی تەواو. بەرهەمی هەنار لەم دوو هەفتەیەدا بە تەواوی پێدەگات و ناوچەکانی هەڵەبجە و هەورامانیش بەرهەمی هەناریان شایەنی ناساندن و پێشکەشکردنە.

 

ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکەوتی فێستیڤاڵەکە بە هاوبەشیی لیژنەی باڵا دیاری کراوە و لە دوایین گفتوگۆیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم، بۆچوونی کەشوهەواشیان لەبەرچاو گرتووە. بەپێی ئەو پێشبینییە، دوو ڕۆژی سەرەتای فێستیڤاڵەکە کەشوهەوا خۆش دەبێت و باران نابارێت، بەڵام لە ڕۆژانی دواتردا ئەگەری بارینی باران هەیە.

 

نوخشە ناسیح ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەفتەکانی داهاتوودا پێشبینیی بارینی باران هەیە و لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران دەست پێ دەکەن. بۆیە، بە گرنگیان زانیوە ئەم زانیارییانە لەبەرچاو بگرن و ڕوونکردنەوەی پێویست بۆ ڕای گشتی پێشکەش بکەن.

 

سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، نوخشە ناسیح ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی چوار ڕۆژدا، چالاکییەکی جۆراوجۆری هونەری، گۆرانی و میوزیک پێشکەش بە بەشداربووان و سەردانکەران دەکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئامادەکارییە لۆجستییەکان ئەنجام دراون و هاتوچۆ و ڕێگاوبانەکانیش بۆ وەرگرتنی میوانان ئامادە کراون. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە فێستیڤاڵی هەنار ساڵ بە ساڵ گەشە دەکات و گرنگییەکی زیاتر لە بواری گەشتیاری، ئابووری و کشتوکاڵیدا بەدەستدەهێنێت.