ژنانی مامۆستاو خوێندکارانی کۆبانێ: نابێت زمانی کوردی بۆ سێ کاتژمێر سنوردار بکرێت

ژنانی شاری کۆبانێ، بە وتنی “وەک گەلی کورد مافی ڕەوای خۆمان هەیە بە زمانی خۆمان بخوێنین و پەروەردە بین” لە بەرامبەر سنوردارکردنی زمانی کوردی لە پەروەردەدا ناڕەزایەتییان نیشان دا.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ – حکومەتی کاتی لە ٢٧ی ئابدا بڕیارنامەی پەیوەندیدار بە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی بە زمانی کوردی لە سووریا ڕاگەیاند.

 

لە ناوەڕۆکی بڕیارنامەکەدا، زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی پەسەند کرا، بەڵام ئەوەی کە ناڕەزایەتی گەلی کوردی لە بەرامبەر بەرز کردەوە، ئەوە بوو کە زمانی کوردی وەک ماددەیەک لە درێژایی هەفتەدا سێ کاتژمێری پێدرا، لەبەر ئەوە لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا، بووە هۆی تووڕەبوون و قبوڵنەکردنێکی گەورەی گەل، مامۆستا و خوێندکاران.لە ناو کۆمەڵگەدا، داواکاری سەرەکی بۆ پەروەردەی بە زمانی دایک ئەوەیە کە منداڵان لە هەموو ئاستەکانی ژیانی پەروەردەییاندا بە زمانی خۆیان بخوێنن، ئاژانسەکەمان سەبارەت بەو بابەتی ڕای ژنانی کۆبانێی لەسەر بڕیاری پەیوەندیدار بە زمانی کوردی وەرگر.

 

”خوێندکارانمان ئەم ١٤ ساڵەیە لەسەر بنەمای زمانی دایکیان پەروەردە دەبن”

مامۆستا جاکلین شێخ خدر ئەوەی خستە ڕوو کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا خەونەکانی تەواوی گەلی کورد هاتنە دی وتی: خوێندن و فێربوونی بە زمانی کوردی وەک گەل، بۆ ئێمەو خەونەکانی ساڵان. بە شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە وەک شۆڕشی زمانیش دەناسرێت، بووە بنەمایەک کە بەردەوامی بە خەونەکانمان بدەین، ئەمەش بە تێکۆشانێکی گەورەی قارەمانانی ئازادی و خۆشەویستانی زمانی دایک پێکهات و لە باخچەی منداڵان، قوتابخانە، پەیمانگا و زانکۆکاندا سیستەم دامەزرا، خوێندکارانمان ١٤ ساڵە لەسەر بنەمای زمانی دایکیان پەروەردە دەبن، لەبەر ئەمەش زۆر سەختە کە منداڵ و گەنجەکانمان وانەکانیان بە زمانێکی جیاواز بخوێنن.

 

”هەموو کۆمەڵگەیەک مافی ئەوەی هەیە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت”

جاکلین شێخ خدر، ئاماژەی بەوەشکرد، ژە مافی منداڵانی کوردیش وەک منداڵانی عەرەب هەیە. سەرنجی خستە سەر بڕیارەکانی دراون و وتی: دوای پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە نێوان خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتیدا، بەتایبەت لە باری مافی خوێندنی بە زمانی کوردی، چاوەڕوانییەکانمان زۆر گەورە بوون. بەڵام بە مخابنییەوە دەبینین کە زمانی کوردی بە سێ کاتژمێر سنوردار کراوە کە ئەم هەنگاوە بۆ خەونەکانمان بەشدلر نییە، وەک گەلی کورد مافی ئەوەمان هەیە کە بە زمانی خۆمان بخوێنین و پەروەردە ببین، چۆن کە مافی منداڵانی عەرەبە بە زمانی خۆیان بخوێنن، مافی منداڵانی کوردیش، بۆ ئەمەش دەبێت هەموو کەسێکی زمانەوان، لە بەرامبەر ئەم بڕیارانە بێهەڵوێست نەبێت.

 

”بۆ مافی خۆمان دەتوانین خوێندنیش بایکۆت بکەین”

شیرین مستەفا، خوێندکاری زانکۆی کۆبانێ ڕاگەیاند کە ١٢ ساڵە خوێندنەکەی بە زمانی کوردی بووە و وتی: ئێستا خوێندکاری زانکۆم، وەک گەنجێکی کورد قەبوڵی ناکەم کە لە جێگەی کوردی هیچ زمانێکی جیاواز بەسەرماندا بسەپێنرێت و هەتا ئەو بابەتەی کە لە هەفتەدا زمانی کوردی سێ کاتژمێر وانە بوترێتەوە هەر قەبوڵی ناکەین، ئێمە ئێستا لە زانکۆین، بەڵام ئایا منداڵان لە قوتابخانەکاندا چۆن دوای ئەو هەموو ساڵە بە زمانێکی تر پەروەردە دەبن؟ هەتا بابەتەکە ئەوە نییە کە ئێمە دەتوانین بە زمانێکی جیاواز فێر ببین، بابەتەکە ئەوەیە کە کوردی زمانی ڕەوای خۆمانە و هەتا کۆتایی مافی خۆمانە، ئێمە ئەو هەموو تێکۆشان و قوربانییەمان بۆ سێ کاتژمێر نەداوە، لەبەر ئەوە ئەگەر ببێت، ئێمە ئامادەین کە خوێندن بە تەواوی بایکۆت بکەین و داوای مافی خۆمان بکەین.

 

”زمانی کوردی وەک زمانەکانی تری بیانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”

لەیلا ئەحمەدیش، دیاری کرد کە زمانی کوردی وەک زمانی بیانی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و وتی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سیستەمی خوێندن بەپێی زمان، مێژوو و کولتووری هەر نەتەوەیەک ڕێکخرابوو و دامەزرا بوو، هیوادار بووین کە حکومەتی کاتیش بە هەمان هەستیاری و تێگەیشتن سیستەمی خوێندن بەپێی تایبەتمەندی ناوچەکان ساز بکات، بەڵام چی ڕوویدا؟ دەبینین کە کوردی وەک زمانەکانی تری بیانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆ خوێندنی کاتی دیاریکراو تەرخان کراوە. هەتا لەگەڵ زمانەوانیشدا، مێژوو، کولتوور و جوگرافیای کوردان هەبوو، دوای ئەوە هەموو پەروەردە، فێربوون و خوێندن ئایا ئاسانە، وانە و بوارەکان بەپێی زمانێکی جیاواز دیاری بکەن؟

 

”مافی گەلی کوردی بۆ خوێندن بە زمانی خۆی سنوردار دەکرێت”

لەیلا ئەحمەد وتی: لە ئاستی جیهاندا یاسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەن کە مافی هەر نەتەوەیەکە کە بە زمانی دایکی خۆی پەروەردە بێت، سووریاش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئەم هاوپەیمانییەی پەسەند کردووە و واژۆی کردووە، بەڵام ئێمە ئێستا دەبینین کە هاوپەیمانییەکانیش پێشێل دەبن و مافی گەلی کوردی بۆ خوێندن بە زمانی دایکی خۆی سنوردار دەکرێت.