ژنانی دەم پارتی لە وان کۆنفرانسێکیان ئەنجام دا
لە وان، بە ناونیشانی "بە تێکۆشانی ئازادیی ژنانەوە بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ژنان لە پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و پلانڕێژی بۆ داهاتووی تێکۆشانی ژنان، ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی کۆنفرانسێکی ئەنجام دا.
ناوەندی هەواڵ
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی دەم پارتی لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا، لە هۆڵی کۆنفرانسی تاهیر ئەلچی وان، بە ناونیشانی "بە تێکۆشانی ئازادیی ژنانەوە بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ژنان لە پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی، ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی کۆنفرانسی گشتیی ژنانی شارەکانی وان، بەدلیس، مووش و جۆلەمێرگ ئەنجام دا.
لە کۆنفرانسەکەدا، هاوسەرۆکانی ژنانی دەم پارتی و دەبەپەی شار و ناوچەکان، چالاکوانانی تەژەئا، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی دەم پارتی و ئەندام و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە کۆمەڵایتییەکان بەشداربوون، کە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان تەرخان کرا.
لە وتار پێشکەشکردنی کۆنفرانسەکەدا، هاوسەرۆکی وانی دەم پارتی گوڵشەن کوورت قسەی کرد و جەختی لە پێشەنگیی ژنان بۆ ئاشتی و بەدەستهێنانی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە.
هاوكات، سودان گوڤەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی گشتیی ژنانی دەم پارتی، ڕەخنەی توندی لە شێوازی ڕاپەڕاندنی کارەکانی ژنان گرت و ڕایگەیاند: "ئێمە لەم قۆناغەدا خۆمان بە باشی ڕێکنەخست و نەبووینە وەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؛ نەمانتوانی بگەیەینە هەموو گوند، کۆڵان و تەواوی ژنان و لە چوارچێوەی خۆماندا سنووردار ماینەوە، تەنانەت لە پەرلەمانیشدا سیاسەتی ژنمان بەهێزی بەڕێوە نەبرد.
کۆنفرانسەکە، دواتر دوور لە چاوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی کار و پرۆژەکانی داهاتووی ژنان، بەردەوام بوو.