ژنانی چالاکوان بەردەوام لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزا دەدرێن

لە دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم عاتیفە ڕەنگڕیز دەستبەسەر کرایەوە، لە لقی یەکی دادگای گشتی و شۆڕش لە شاری دامغان دادگایی کراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاهرود.

ناوەندی هەواڵ

 

عاتیفە ڕەنگڕیز، نووسەر و وەرگێڕ و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، دانیشتووی شاری دامغان سەر بە پارێزگای سمنان، لە پاش دەستبەسەرکردنەوەی بۆ جاری دووەم، دوێنێ لە لقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری دامغان دانیشتنی دادگایی کردنی بەڕێوەچووەو سێ تۆمەتی جیاوازی ئاڕاستەکراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاهرود.

 

عاتفە ڕەنگریز لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دامغان دەستبەسەر و گواسترابووەوە بۆ ئیتلاعاتی سمنان، لەدوای تەواوبوونی لێپرسینەوە گواسترابووەوە بۆ زیندانی شاهرود و لە ٢١ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی دارایی بەشێوەی کاتی ئازادکرا بوو.

 

لە دانیشتنی دادگاکەدا تۆمەتی "پێکهێنانی گروپ بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات"، "پرۆپاگەندە لە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی" ئاڕاستەی عاتیفە ڕەنگڕیز کراوە.