ژنان لە قامیشلۆ دژی پیلانی ١٥ی شوبات ڕێپێوانیان کرد

لە قامیشلۆی کانتۆنی جزیرە ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی ڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە ١٥ی شوبات بەڕێوەچوو.

قامیشلۆ

 

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ پیلانێکی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد و دوای چوار مانگ و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕادەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٦ ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات، چالاکیی و گردبوونەوە و ڕێپێوان لە سەرانسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچێت.

 

لە شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی کۆنگرە ستار لە دژی پیلانگێڕیەکەی ١٥ی شوبات ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. ڕێپێوانەکە، بە بەشداری هەزاران کەس و لایەنە سیاسییەکان، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، دەزگای بنەماڵەی شەهیدان، دامەزراوە و تاکەکانی سەربەخۆ، لە بەردەم بازنەی سیروان لە شارەکە دەستیپێکرد و تا یاریگای هەیسەم کیچۆ بەردەوام بوو.

 

لە میانی ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دروشمی "بێ ڕێبەر ژیان نییە" و پانکارت کە لەسەری نووسرابوو "ئازادی ژن و بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک هەوێنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆن" بەرزکرانەوە.

 

دوای خولەکێک بێدەنگی، ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

 

"بەرخۆدانی مێژوویی جارێکی دیکە لە سەدەی بیست و یەکەمدا جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێهێشتووە"

ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار قسەی کرد و ڕایگەیاند کە بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد ماوەی ٢٦ سالە لە دورگەی ئیمرالی بەردەوامە و وتیشی: بەرخۆدانی مێژوویی جارێکی دیکە لە سەدەی ٢١دا جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێهێشت، ویستیان جارێکی دیکە بێ ئیرادە و ناسنامە بین، لەو سەدەیەدا، بە پێشەنگایەتی ڕێبەرەکەمان، بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، گەلانی ئازادیخواز جارێکی دیکە بەرخۆدان و تێکۆشانیان دژی دەسەڵات و فاشیزم کرد. سەدەی ٢١ سەدەی هەموو گەلانی ئازادیخواز دەبێت، ئەو کەسەی کە ئەمەی بۆ هەموو جیهان ڕوون کردەوە، ڕێبەر ئاپۆیە. پیلانێکی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن فاشیزم و ٣٤ وڵاتی پیلانگێڕەوە دەستیپێکرد، ئەوان دەیانویست بە پیلانگێڕی کۆتایی بە خەبات و ڕێگای ئازادی بهێنن.

 

"ژنانی سوریا ساڵانێکە لەسەرپێی خۆیانن"

هەروەها ئەناهید قەسەبیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان قسەی کرد و وتی: ساڵانێکە ژنان لە ناوخۆی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پێی خۆیان بوون و بەڵێنیان داوە تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت لە خەباتی خۆیان ڕاناگرن. ڕێبەر ئاپۆ لە چوار دیواردا بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجامدا و ڕادەستی پیلانگێڕان نەبوو، ناتوانن فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و ئیرادەی ژنان لەناوببەن.

 

'ئێمە واز لە ڕێبەر ئاپۆ و ئیرادەی ئازاد ناهێنین'

خەبات بۆ ڕاستی ماوەی ٢٦ ساڵە بەردەوامە، وەک ژنانی ئەرمەنی، بە خوێندنەوەی پارێزنامەکانی سەرۆکایەتی، زانیاریمان لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە سەرانسەری جیهاندا لە دژی گەلی ئەرمەنستان ئەنجام دراون وەرگرت، هەروەها ئەم ڕۆژە پەیوەستە بە مێژووی ئێمەوە، ئەمڕۆ ئازادی ڕۆژئاوا ئازادی ئێمەیە، بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، ئازادی ڕێبەرەکەمان مسۆگەر دەکەین.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بێ ڕێبەر ژیان نییە" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ" کۆتایی هات.