لە سلێمانی دیالۆگێک لەبارەی کارکردنی ژنان بەڕێوەچوو
لە شاری سلێمانی دیالۆگێک لەبارەی کارکردنی ژنان لە ماڵەوە و جیهانی کاردا لە لایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بەڕێوەچوو، باس لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی و گرنگی و ڕۆڵی ژنان لە جیهانی کارکردندا کرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٧ی کانوونی دووەم، لە شاری سلێمانی لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان دیالۆگێک سەبارەت بە فشارە دەروونییەکانی ژنان لە نێوان ئەرکی ماڵەوە و ژینگەی کاردا لە لایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاگوزاری نەرویجی بەڕێوەچوو و تێیدا ئاماژە بە فشاری دەروونی ژنان لە نێوان دوو بەرپرسیاریەتیدا کرا، ئەرکی ژنان لە ماڵ و بەرپرسیاریەتیان لە جیهانی کاردا خڕایەڕوو.
پزیشک نەشمیل ڕەسول، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ژیانی ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا و وتی، لە ساڵانی ڕابردوودا ژنان زیاتر کاری ماڵەوەیان کردووە و کاری دەرەوە بۆ ژنان بە نەگونجاو زانراوە، زیاتر پیاوان کاری دەرەوەیان کردووە، بەڵام بە تیپەڕبوونی کات گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ کاریگەری لەسەر شێوازی پۆشینی جلوبەرگی ژنان درووست کردووە و بە پێی گونجاندنی شوێنەکە لەبەر دەکرێت، هەروەها بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی کارکردنی ژنان لە ماڵەوە و لە دەرەوە بەرپرسیاریەتی لەسەر ژنان زیادی کردووە و ئەوەش وایکردووە جەستەیان هیلاک بێت و فشاری دەروونیان زیاد بکات، نەبوونی پاڵپشتی خێزان یەکێکە لە هۆکارەکان کە دەبێتە هۆی درووستبوونی دڵەراوکێ لە کاتی کارکردندا.
گوڵی وشیار وەک ژنێکی ماڵەوە دەڵێت، لە یەک کاتدا کارکردن لە ماڵەوە و دەرەوە قورسە و بەرپرسیاریەتی زۆری لەسەرە، ئەو ژنانەی لە ماڵەوە کار دەکەن تەنها ماڵەوە بە هاوڕێ دەزانن و تووشی فشاری دەروونی دەبنەوە لەبەر ئەوەی ژینگەی دەرەوە نابینن.
ەهار مونزیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، لە جیهانی کاردا بۆشاییەک هەیە کە ڕێژەی پیاوان لە ژنان زیاترە، چونکە هیچ لایەنێک نییە پارێزگاری لە مافی ژنان بکات. هەروەها لە ئێستادا لە هەوڵداین بۆ ئاسانکردنی کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵەکان.
وتیشی، ژنان بە بەراورد بە پیاوان زیاتر بەرپرسیاریەتییان لەسەرە و بەتایبەتی لەنێو ژینگەی کارکردنی ماڵەوەدا.
هەروەها لە کۆتایی گفتوگۆکاندا کەوسەر حەسەن چالاکوان لە بواری ژنان باسی لە فشارە دەروونییەکان و هاوسەنگ راگرتنی کارکردنی کرد و دەڵێت، پێویستە ژنان بەهێز بن و گوێ لە توانجەکانی خەڵک نەگرن.