ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ ١٠ خۆپیشاندەر دەرکرد
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەسفەهان، سزای لەسێدارەدان و ١١ ساڵ زیندانیی بۆ ١٠ خۆپیشاندەری ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەرکردو شەش خۆپیشاندەری دیکەی بە کۆی گشتی بە ٢٥٦ ساڵ زیندانیکردن سزا دا.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردنی هاووڵاتییانی ئەسفەهان لەلایەن دادگای ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: دەسەڵاتی دادوەریی ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ ١٠ خۆپیشاندەر و بە کۆی گشتی ٢٥٦ ساڵ زیندانی بۆ ١٦ زیندانی لە دۆسیەی (مەیدانی شوهەدای ئەسفەهان) دەرکرد.
ئاماژە بەوەشکراوە ئەم ١٦ کەسە لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون.
بەپێی بڕیارەکە، هەر یەک لە نەوید ئەلیاسی، ئابولفەزل دادگوستەر، مەهدی مەنسووری، ئهحمەدڕەزا سەعیدی، مێهرداد بوئێری، محەمەدمەهدی ئەسەدی، ئارمین غوڵامی، پارسا جەعفەری و مەهدی جەعفەری و لە ناویشیاندا ژنێک بە ناوی تەرانە ڕەحیمی، سزای لەسێدارەدان و هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانەکە ١١ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها ڕۆمینا ڕەحیمی، میلاد بوئێری، حامید مێهرعەلییان، سەتایش ساعیدی، سەجاد عابدی و عەلی بوئێری، سزای زیندانییان لە نێوان ١٦ تا ٣٦ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەرانا و وتەی پارێزەرانی دۆسیەکە، لە بەیاننامەی تاوانبارکردندا هیچ تۆمەتێکی ڕاستەوخۆی کوشتن ئاراستەی ئەم کەسانە نەکراوە و تۆمەتە سەرەکییەکە بریتی بووە لە کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ڕژێمی ئێران و پارێزەرانی دۆسیەکەش ڕەخنەیان لەوە گرتووە کە دەرفەتی پێویستیان پێنەدراوە بۆ لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بەڵگەنامەکانی ناو دۆسیەکە و دەڵێن کە بە دانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشکەنجە سزاکانیان سەپاندووە.
ئێستا ژنە دەستبەسەرکراوەکانی ئەم دۆسیەیە لە زیندانی دەوڵەتئاباد و پیاوانیش لە زیندانی دەستگردی ئەسفەهان ڕاگیراون، لە کاتێکدا سەپاندنی ئەم سزایانە بەشێکە لە شەپۆلی دادگاییکردنی بەکۆمەڵی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ـی لە ئێران.