خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی؛ یاسا چۆن ژنان دەپارێزێت؟
دەریا فەتاح، پارێزەری دادگای هەڵەبجە، لەبارەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و ڕێکارە یاساییەکانی پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ژنان یەکێکن لە گرووپە زیانلێکەوتووەکان.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-هەمیشە ژنان زیانبەرکەوتووی عەقڵیەتی پیاوسالارین، ئەم عەقڵیەتە لەهەر بوارێک و شوێنێکدا ژنان دەکاتە ئامانج، نوێترین بە ئامانج گرتنەکان لەڕێی ئامێرە ئەلیکترۆنیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، کە زۆر جار بکەران نادیارن و یاسا ناتوانێت بە باشی کاری لەسەر بکات، بەم شێوەیە تاوانباران بەردەوام دەبن لە بە ئامانج گرتن و هەراسانکردنی ژنان.
دەریا فەتاح، پارێزەری دادگای هەڵەبجە سەبارەت بەم پرسە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد کە هەر تاوانێک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام بدرێت، دەکرێت لە چوارچێوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی پشکنینی بۆ بکرێت، ئەمەش دەتوانێت تاوانەکانی وەک هەڕەشەکردن، تەشهیرکردن و ناردنی نامە یان کۆمێنتی ناشیاو لەخۆ بگرێت.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، ئەوەی لە ڕووبەڕوودا ڕوودەدات، لە ڕووی شێوازی ئەنجامدانیەوە جیاوازە لەوەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت. بۆیە، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەنجامدانی تاوان، دەتوانێت ببێتە هۆی بەدواداچوونی یاسایی و لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو کردارەدا.
"یاسا بۆ پاراستنی مافەکانە"
دەریا فەتاح ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم یاسایە تایبەت بە ژن یان پیاو نییە، بەڵکو مافەکانی هەردووکیان دەپارێزێت. بۆیە، ئەگەر کەسێک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ بکرێت یان ڕووبەڕووی تەشهیرکردن و سووکایەتی بێت، دەتوانێت بە ڕێگەی یاسایی داوای مافەکانی بکات، لە دادگای هەڵەبجەش کەیسەکانی سکاڵا لە تەشهیرکردن و هەڕەشەکردن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەن، لە هەندێک دۆخدا بەدواداچوونی یاسایی دەتوانێت ببێتە هۆی وەرگرتنەوەی قەرەبوو بۆ کەسی زیانلێکەوتوو، بە پێی بارودۆخی کەیسەکە و بڕیاری دادگا.
"ژنان یەکێکن لە گرووپە زیانلێکەوتووەکان"
دەریا فەتاح وتیشی: ژنان، بە تایبەتی ئەوانەی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەسییەکاندا دەبن، لەوانەیە ڕووبەڕووی هەڕەشە و فشار لە ڕێگەی نامە و پەیامە ئەلیکترۆنییەکانەوە ببن، ئەم جۆرە کردارە دەتوانێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماف و ئاسوودەیی کەسییەکە، لە هەمانکاتدا، پیاوانیش دەتوانن ڕووبەڕووی هەمان جۆرە تاوان ببن. بۆیە، گرنگە هەر کەسێک کە ڕووبەڕووی هەڕەشە، تەشهیرکردن یان سووکایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێت، بە مافە یاساییەکانی خۆی ئاشنا بێت و لە دۆخی پێویستدا ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
"ئەکاونتی ساختە نابێتە هۆی لەبەرچاونەگرتنی تاوان"
دەریا فەتاح ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک کەس لە ڕێگەی پۆست، کۆمێنت، نامە و هەژماری ساختەوە هەوڵ دەدەن هەڕەشە بکەن یان زیان بە کەسانی تر بگەیەنن. بەڵام، بەکارهێنانی ناوی ساختە یان ئەکاونتی فەیک بە واتای ئەوە نییە کە کەسەکە لە لێپرسینەوەی یاسایی دەرباز دەبێت؛ دۆزینەوەی بەرپرسیار لەوانەیە لە ڕێگەی بەدواداچوونی پێویستەوە بکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئاشنابوون بە مافە یاساییەکان و ئاگاداری لە شێوازەکانی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی تاکەکان لە هەڕەشە و تەشهیرکردن، هەر کەسێکیش کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کردارە دەبێت، دەتوانێت لە ڕێگەی یاساییەوە داوای مافەکانی بکات.