دایکی کوبرا یازۆک: تەنیا داواکاری من دادپەروەرییە

کادەر توشەک دایکی کوبرا یازۆک، کە لەلایەن محەمەد عەلی یورت، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی سیستماتیکی بووەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد تاوانبار دەستگیر نەکراوە و داوای دادپەروەری کرد.

ئامەد

 

کوبرا یازۆک، تەمەن ٢٢ ساڵ، کە لە ناوچەی سوری ئامەد دەژی، لە ڕۆژی ٤ی تەمموز لە نهۆمی چوارەمی ماڵەکەی خۆیەوە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە محەمەد عەلی یورت فڕێدرایە خوارەوەو ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی سیستماتیکی بووەوە، ڕووداوەکە بە "خۆکوشتن" ناسێندرا، بەڵام بە وەرگرتنی وتە لە کوبرا یازۆک لە بەشی چاودێری چڕ وتی "عەلی فڕێیدام"، چارەسەری کوبرا لە نەخۆشخانە بەردەوامەو محەمەد عەلی یورت، هێشتا دەستگیر نەکراوە، خزمەکانی هەڕەشەیان لە کوبرا و دایکی کرد و خێزانەکە لە نەخۆشخانە داوایان کرد پارێزگارییان لێبکرێت لەبەر ئەوەی ژیانیان پارێزراو نییە.

 

خۆی ڕاستییەکەی ئاشکرا کرد

کوبرا یازۆک، کە بە درێژایی حەوت ساڵی هاوسەرگیرییەکەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، چەند جارێک هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە لەلایەن تاوانبار محەمەد عەلی یورت، دوای سێ مانگ لە جیابوونەوە کوبرا یازۆک، کە داوای وەرگرتنی سێ منداڵەکەی کردو دۆسیەی کردەوە، لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا، بە گومانەوە لە نهۆمی چوارەمی ماڵەکەی خۆی لە سوری ئامەد کەوتە خوارەوە، محەمەد عەلی یورت، کە لە کاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵەوە بوو، لە بنکەی پۆلیس وتەی لێوەرگیراو ئازاد کرا.

 

بکەر هێشتا دەستگیر نەکراوە

کوبرا یازۆک، دوای ئەوەی لەلایەن خزمەکانیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، زانرا زیانێکی زۆر بە ئەندامە ناوخۆییەکانی گەیشتووە و پشتی شکاوە، کوبرا ئاماژەی بەوەکرد ڕووداوەکە هەوڵێک نەبووە بۆ خۆکوشتن و دوای ئەوەی بەشی چاودێری چڕی بەجێهێشت سکاڵای لەسەر بکەرەکە محەمەد عەلی یورت و باوکی تۆمارکرد، دایکی کوبرا کە ناوی کادەر توشەکە ئاماژەی بەوەکرد هێشتا محەمەد دەستگیر نەکراوە و داوای دادپەروەری دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە ژیانیان پارێزراو نییە.

 

"پێویستە دەستبەجێ دەستگیربکرێت و واز لەکەیسەکەم ناهێنم"

کادەر توشەک ئاماژەی بەوەکرد، لەلایەن خزمەکانی محەمەدەوە هەڕەشەیان لێکراوەو ژیانیان هیچ پارێزراو نییە، وتی: ئەو پیاوە هێشتا دەستگیر نەکراوە، هەرچی ڕوودەدات، تا کۆتایی واز لە کەیسەکەم ناهێنم، ئێستا منداڵەکانی کچەکەم لەوێن، من ئەم دۆخە قبوڵ ناکەم، هەرچی پێویستە بکرێت، با دادپەروەری جێبەجێ بکرێت، دەبێت ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن.