سۆلاڤ شەیدا، چالاکوان و ئەکتەر بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد

سۆلاڤ شەیدا، چالاکوان و ئەکتەری شانۆ و دراما بەهۆی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

سۆلاڤ حەمە غەریب ناسراو بە "سۆلاڤ شەیدا"، ئەکتەری شانۆ و درامای کوردی پاش دوو ساڵ تووشبوونی بە شێرپەنجەی خوێن، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٧ی تەمموز لە نەخۆشخانەی هیوا گیانی لەدەست دا.

 

سۆلاڤ شەیدا کە لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، سەرەتا بە شانۆ دەستی بە نواندن کرد، پاشان بۆ دراما و فیلم، هەروەها چالاکوانیش بووە.

 

شەیدا بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ سینه‌ما کردووە، خاوەنی چەند خەڵاتێكیشه‌، وەک باشترین سیناریۆ بۆ کورتە فیلمی "فرمێسک بۆ تارا" خەڵاتی لاوی ساڵ کە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە پێی بەخشراوە.