ئەزموونی وێژەی نووسەرێک لە شەڕی غەززە
نووسەر ڕەشا فەرحات ئاماژەی بەوەدا کە نووسین، لەو شوێنەی کە داگیرکاری هەیە، بەشێکە لە خەباتی ژنان و لە هەمانکاتدا یەکێکە لە ڕێگاکانی بەرخۆدانی گەلانی ستەملێکراو، هەموو ڕستەیەک گوزارشت لە ئازاری ئەم ئەزموونە دەکات.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- ئەو شەڕەی کە ماوەی ٣٣ مانگە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر ئەزموونی وێژەی ژنانی فەلەستینی هەبووە، ئەزموونە سەختەکانی وەک کۆچ و برسێتی و خەبات بۆ پاراستنی بنەماڵەکانیان و ژیانیان کاریگەری لەسەر نوسینەکانیان هەبووە، ئەم ئەزموونانە ڕژانە سەر کاغەز و یەک بە یەک بوون بە چیرۆک، بۆ ئەوەی جیهان بیخوێنێتەوە.
نووسەر ڕەشا فەرحات ڕایگەیاندووە، هەرچەندە شەڕی غەززە وەستاوە، بەڵام ڕووداوەکانی ژیانی کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر بووە و ئەم ڕووداوانەی لە بەرهەمی "تەنیا لە غەززە"دا بەڵگەدار کردووە، ئەم بەرهەمە کە لە ماوەی مانگێکدا نووسراوە، پڕە لە ئازاری ئەزموونە کەسییەکانی ئەو سەردەمە.
ڕەشا فەرحات ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئەستەمە هەموو وردەکارییەکانی شەڕەکە باس بکرێت، بەڵام هەستێکی دروستکرد کە هێزی نووسینەکەی زیاتر کرد، بەو پێیە نووسینەکەی؛ بەشێکە لە خەباتی ژنە نووسەران کە خاکەکانیان لەژێر داگیرکاریدایە و شێوازێکە بۆ دەربڕینی ستەم و خەم و پەژارەی خەڵک.
‘نووسین بەشێکە لە دەربڕینی ناوەوە’
ڕەشا فەرحات ڕایگەیاند کە گەورەترین هەست کە لە کاتی نووسینی کۆمەڵە چیرۆکەکەیدا هەستی پێکردووە، هەستی چەوساندنەوە بووە و هەروەها وتی: هەستم بە بێدەسەڵاتی دەکرد، ویستم شتێک بکەم بەڵام نەمتوانی، لەو دۆخەدا ڕووم کردە پێنووسەکەم کە هەرگیز لە نیوەی ڕێگادا بەجێم نەهێشتووە، نووسینم وەک جۆرێک لە چارەسەر دەبینی کاتێک باری دەروونیم خراپ بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆم دەرکەوت کە ئەوەی دەیکەم ئەرکێکە بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەکەم.
ڕەشا فەرحات ڕوونیکردەوە کە یەکەم چیرۆک کە نووسیویەتی قورسترینە لە کۆمەڵەکەدا، چونکە چیرۆکی کۆچی زۆرەملێی ۱۳ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳ ی گێڕاوەتەوە، لەو کاتەدا ماڵەکەی بەجێهێشتبوو، بەرەو باکوور چووبووە کەرتی غەززە و دواتر ناچار بوو بچێتە میسر،هەر جارێک ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە، ئەو خەم و پەژارەی بیردەخاتەوە کە هەستی پێکردبوو کاتێک زێدی خۆی بەجێهێشت و بەرەو ئایندەیەکی نادیار ڕۆیشت.
"چیرۆکەکان تابلۆ نەبوون، کارەساتی ژیان بوون"
ڕەشا فەرحات باسی لەوەشکرد، ئەو ۲٦چیرۆکەی نووسیویەتی تابلۆکانی ژیان نەبوون، بەڵکو کارەساتیان پیشانداوە و وتیشی: ئەم کارەساتانە هەندێکجار لەسەر ژنێک و هەندێکجاریش لەسەر پیاوێک بوون٫ لە نووسینەکانمدا لە لایەنە سەیرەکاندا قووڵتر بوومەوە، هەرچەندە نەمدەویست واز لە نووسین بهێنم، بەڵام چیرۆکەکان منیان گەیاندبووە خاڵێک کە ماندوو بووم، بۆیە چوومە دەزگایەکی بڵاوکردنەوە، ویستم لەم بارگرانییە ئازاربەخشە ڕزگارم بێت.
ڕەشا فەرحات ڕوونی دەکاتەوە کە کۆمەڵە چیرۆکەکان ۲۰۰ لاپەڕەی تێپەڕاندووە و زیاتری نەنووسیوە، چونکە دەبوو لە فۆرماتی کورتە چیرۆکدا بوایە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەزموونەکانی گەلی فەلەستین نەدەبوو لەبیر بکرێن، نەیتوانیوە بیانگێڕێتەوە بە تەنها چەند لاپەڕەیەک، بۆیە بەردەوام بوو لە نووسین و ویستی زیاتر بڵێت و ئەو شتەی هاتۆتە ناو ژیانیان لەبیری جیهاندا بیهێڵێتەوە.
"ڕاستی لە خەیاڵ تێپەڕیوە"
ڕەشا فەرحات باسی لەوەکرد کە ویستوویەتی بە شێوەیەکی واقیعی کارەساتەکانی ئەزموونکراو بگێڕێتەوە و ڕوونیکردەوە کە چیرۆکی دایکێکی نووسیوە کە ئێسکی کوڕەکەی کۆکردۆتەوە و لە کفنێکدا پێچایەوە وتی: چیرۆکی لەو جۆرە بەبێ پێویستی ڕووداوەکان دەگێڕدرێنەوە ئەگەر شەڕێک ڕوویدا، زۆربەی ئەو چیرۆکانەم لە ئەزموونەکانم وەرگرتووە و نووسیومە، هەرچەندە ئەم چیرۆکانە ڕەنگە بۆ خوێنەر وەک فانتازیا دەرکەون، بەڵام ڕووداوی ڕاستەقینەن و خەیاڵیان تێپەڕاندووە.
"پێشبڕکێ لەگەڵ کات"
ڕەشا فەرحات ئاماژەی بەوەشکرد،لەکاتی نووسیندا هەستیکردووە لە پێشبڕکێیەکدایە لەگەڵ کاتدا، هەوڵیداوە هەموو چیرۆکێک بنووسێت و وەریبگێڕێت، هەندێک چیرۆکی وەرگێڕاوە و هەندێکیشی لەگەڵ هاوڕێکانیدا باسکردووە و وتیشی: لەکاتی نووسیندا هەستم دەکرد وەک سەربازێکم لە ناوەڕاستی شەڕێکدا، چونکە نووسینەکە بووبوو بە چەکی من، هەر بۆیە تا لە ژیاندا بم لەسەر هێرشە جینۆسایدەکانی سەر غەززە دەنووسم.
"سەختییەکان لە پرۆسەی نووسیندا"
ڕەشا فەرحات وتی هەرچەندە من لە کەرتی غەززە بووم، کێشەم هەبوو چونکە لە شاری غەززە دوور بووم، تۆڕی تەلەفۆن و ئینتەرنێتیش لەکارکەوتبوو، هەروەها وتیشی: بۆیە هەست و بیرکردنەوەکانم لە دەفتەرێکدا نووسیبووەوە و دواتر دەستم بە نووسین کرد، هەرچەندە ویستم لەگەڵ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی فەلەستینی لە غەززە کاربکەم، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانەوە نەمتوانی پەیوەندییان پێوە بکەم.