ئیسرائیل زیندانی ئێڤینی بۆردوومان كرد
لە بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كەمێك پێش ئێستا زیندانی ئێڤین بۆردوومان كرا کە چەندین چالاکوانی ئازادیخوازی تێدایە.

ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری ئێران وایری ئێران لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین لە تارانی پاتەختی ئێران ڕایگەیاند، كەمێك پێش ئێستا زیندانی ئێڤین لە شاری تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و زیان بە زیندانییەکە گەیەندراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانییەکە، کارەبا پچڕاوە و پەنجەرەکانی سەرجەم هۆڵەكانی زیندانەکە و بنکەی تەندرووستییەکە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگای دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران و پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـی ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج، هەروەها بەرەبەیانی یەكشەمە ئەمریكا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی بۆردوومان كرد، كە بریتین لە فۆردو، نەتەنز و ئەسفەهان.