ئیلهام ئەحمەد: دەبێت پشتیوانی لە ئاشتی بکەین

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند: ئەگەر تورکیا لەگەڵ سووریا ئاشتی بکات، ئەوا بەشێوەیەکی باشتر لە ڕۆژئاوا بەدی دێت.

ئیستەنبوڵ

 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ''دەم پارتی'' لە ناوەندی کولتووری جەم کاراجای ئەستەنبوڵ، "کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی بەڕێوە برد، کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، کۆنفرانسەکە، کە سەرنجێکی زۆری لەسەرە، کەسانێکی زۆر لە سیاسەتمەدار و پارێزەران، چالاکانی هەرێمی و جیهانی باسیان لە ئەزموونە جیهانییەکانیان و بەتایبەت پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە لە ٢٧ی شوباتەوە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە.

 

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند: "ئێستا لە سووریا بە قۆناغێکی جیاوازدا تێدەپەڕین، دوای ڕژێمی بەعس سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە، دەمانەوێت حکومەتێکی دیموکراتیک دابمەزرێنین، بەڵام کێشەکان زۆرن. لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان بە عەرەب، کورد و تورکمان لێرە دەژین. ئێمە هەموومان بەدەستی ڕژێمی بەعس کوژراومان داوە. بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوەمان هەیە بە ئاشتی بژین. پێویستمان بە دانوستان و گفتوگۆ هەیە. لە کاتی ڕژێمی بەعسدا ئێمە ''عەرەب، ئەرمەن، تورکمان'' پێکەوە سەبارەت بە زمان، کولتوور ڕێککەوتنێکمان واژۆ کرد، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ یەکسانی نێوان ژنان هەرچەندە لە هەر شوێنێک شەڕ هەبوو، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمە هێرشەکان زۆرتر بوو، بەڵام بەو سیستەمەوە بە هاوپەیمانی نێوان پێکهاتەکان، هەم خۆمان و هەم کولتووری خۆمان پاراست و ئازادیمان بەدی هێنا. بۆیە لەوباوەڕەین خۆبەڕێوەبەری بۆ سووریا زۆر گرنگە.

 

ئەگەرڕێککەوتنێکی دیموکراتیک بکرێت و دان بە مافەکاندا بنرێن، ئەم سیستەمە لە سەردەمی عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەلانی سووریا هەبوو. ئەگەر خۆبەڕێوەبەری ئەمڕۆ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، ئەوە بەهۆی ئەو کاریگەرییەوە هەیە. من ئەمڕۆ گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاشتی بە گرنگ دەزانم. بۆیە دەبێت بە ئیرادەوە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

کاتێک ئەم پرۆسەیە لە تورکیا دەستی پێکرد، یەکسەر کاریگەرییەکانی بینران، شەڕ کۆتایی هات. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندی و دیالۆگدا بین، با سنوورەکانمان بکرێتەوە ئەمە کاریگەری گرنگی هەیە. بۆیە ئێمە بە وردیی چاوەڕوانی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتین لە تورکیا.

 

دەبێت ئەوانەی کە هێشتا باسی شەڕ و ململانێ دەکەن، بێدەنگ بن. تورکیا دەتوانێت ئەم کارە جێبەجێ بکات. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە پشتیوانی بۆ ئاشتی زیاتر بکرێت. تورکیا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لە گفتوگۆدایە؛ لەگەڵ ئێمەدا ڕێگەیەک هەیە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێتەوە، ڕۆڵی تورکیا لێرەدا زۆر گرنگە. ئەگەر تورکیا لەگەڵ سووریا ئاشتی پێک بهێنێت، ئەم دۆخە دەگۆڕدرێت و دۆخێکی باشتر ڕوودەدات، بۆیە ئاشتی گرنگە، دەبێت بێ ترس و دوودڵی لە پێناو ئاشتیدا تێبکۆشین. ئێمە پشتیوانی لە دابەشبوونی وڵاتان ناکەین. ئێمە هیچ ئامانجێکی وامان نییە نە لە سووریا و نە هیچ شوێنێکی تر. ئێمە باوەڕمان بە پێکەوەژیان هەیە. ئێمە هەوڵ دەدەین پێکەوە لەگەڵ گەلانی تورکمان، عەرەب و کورد بژین، بۆیە لەو بارەوە تێدەکۆشین.

 

بەو بۆنەوە بانگەوازی لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکەین و دەڵێین، ''ئەگەر بەردەوام باسی ئاشتی دەکەن، پێویستە لە تورکیا و سووریاش هەوڵی هێنانەدی ئاشتی بدەن، بەڵام ئاشتییەکی مانادار، ئەمڕۆ ئەو دەڵێت، دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی بخەنە ئەستۆی خۆیان بۆ ئەوەی چیتر دایکان نەگرین و خوێن نەڕژرێت، بۆیە دەبێت ئێمە پشتیوانی لە ئاشتی بکەین"