ناڕەزایەتییەکانی "سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان" دەچنە هەفتەی ١٢٥هەمییانەوە
هەڵمەتی "سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان" بەردەوامە لە ناڕەزایەتییەکانی خۆی لە ناو زیندانەکانی ئێراندا، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە خێرایی لەسێدارەدانەکان بۆ ئاستێکی بێ وێنە خێراتر بووە.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ هەر ڕاپۆرتێکی نوێی مافی مرۆڤ، وێنەیەکی تاریکی دەردەکەوێ لە ڕادەی پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە سزای لەسێدارەدان لە ئێران، چ لە ڕووی ژمارەی سزاکانی دەرچوو و جێبەجێکردن، نەبوونی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە یان بە ئامانجگرتنی چینە بەرفراوانەکانی زیندانیانی سیاسی، ناڕازییان و کەسانی پەراوێزخراو.
هەڵمەتی "سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان" بەردەوامە لە ناڕەزایەتییەکانی خۆی لە ناو زیندانەکانی ئێران، ١٦ی حوزەیران، هەفتەی ١٢٥ی خۆپیشاندانەکان لە ٥٦ زیندانی سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا شەپۆلی لەسێدارەدانەکان بە ڕێژەیەکی بێ وێنە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەرەی سەندووە.
ڕاگەیاندراوی هەڵمەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە لانیکەم ١٧٧حاڵەتی لەسێدارەدانیان ئەنجامداوە، هاوکات سزای نوێش بەردەوامە لە دەرکردن و جێبەجێکردن، کە هەندێکیان لەم دواییانەدا لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکراونەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی گواستنەوەی ژمارەیەک لە زیندانییەکان بۆ زیندانی قەزڵ حسار کە بە ناوەندی سەرەکی لەسێدارەدان ناسراوە لە پارێزگای تاران.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ڕوونکراوەتەوە کە زیندانی قەزڵ حسار یەکێکە لە زیندانە مەترسیدارەکانە بۆ ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، بەو پێیەی بەزۆری بۆ نیشتەجێکردنی ئەو زیندانیانەیە کە سزاکانیان نزیکە لە لەسێدارەدان، ئەمەش گواستنەوەی هەر زیندانییەک بۆ ئەوێ دەکاتە ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا سزاکە جێبەجێ بکرێت.
بانگەواز بۆ کردەوەی بەکۆمەڵ
هەڵمەتی "سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان" دووپاتی کردەوە، کە گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بەبێ پاراستنی مافی ژیان بەدی نایەت، لەسێدارەدان بە "ئامرازێکی سەرکوتکردن" دەزانی کە دەسەڵاتداران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی توڕەیی گشتی بەهۆی نادادپەروەری و ستەم و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە بەکاریدەهێنن.
داوای لە هەموو چالاکوانانی سیاسی، مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان و هەروەها هەموو کەسانی خاوەن ویژدان کردووە، شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانەکان بکەن و هەنگاوی جددی بنێن بۆ وەستاندنی، جەختی لەسەر پێویستی هاودەنگی و هەنگاوی هاوبەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی "پێکهاتەی دەسەڵاتخوازانە" و کۆتاییهێنان بە "سوڕی گیان بردن" کردەوە.