یونیسێف لەبارەی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر منداڵان هۆشداری دەدات

یونیسێف وێڕای هۆشداریدان لەوەی لەو ناوچانەی لەشەڕدان زیاتر لە ٥٢ ملیۆن منداڵ لە خویندن دەرچوون جەختی لەوە کردەوە کە جیهان دەبێت زیاتر هاوکاری ئەو منداڵانە بکات کە تێوەگلاون لەم ململانێیانەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٨ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف"، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردەوە کە ساڵی٢٠٢٤، یەکێک بووە لە خراپترین ساڵەکان کە لە ڕووی کاریگەریی ململانێکان لەسەر منداڵان، کە لە مێژووی ئەم ڕێکخراوەدا تۆمار کراوە، هەروەها ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی شەڕدا دەژیان یان بە زۆر ئاوارە بوون بەهۆی ململانێ و توندوتیژی، گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە.

 

زیادبوونی ئاوارەبوونی منداڵان

بەپێی ڕگەیەندراوەکەدا، نزیکەی لە ٨٠%ی هەموو پێداویستییەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا پەیوەندییان بە ململانێیەوە هەیە، ئەمەش دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی سەلامەت، خۆراک و چاودێری تەندروستی تێکدەدات، بە پێی ئەو ئامارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویان کردۆتەوە، نزیکەی لە هەر ٥ منداڵێک لە جیهاندا یەکێکیان لەو ناوچانە دەژی کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە ٤٧٣ ملیۆن منداڵ بەدەست خراپترین ئاستی توندوتیژی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەناڵێنن.

 

یونیسێف ڕایگەیاند، ڕێژەی ئەو منداڵانە کە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەژین لە سەرانسەری جیهاندا لە ١٠% لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆ نزیکەی لە ١٩% زیادیکردووە و هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەم زیادبوونە گەورەیەی زیانەکانی منداڵان نابێت ببنەوە بابەتێکی ئاسایی.

 

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ٤٧ ملیۆن منداڵ بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بوون و پێشبینی دەکرێت ئەم ڕەوتە ئەمساڵ بەردەوام بێت لەگەڵ زیادبوونی ململانێکان لە ناوچەکانی وەک هایتی، لوبنان، میانمار، فەلەستین و سودان، هەرچەندە منداڵان لە ٣٠% دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام نزیکەی لە ٤٠%ی دانیشتووانی پەنابەران و لە ٤٩%ی ئاوارەکانی ناوخۆ پێکدەهێنن.

 

ساڵی ٢٠٢٤ یەکێکە لە خراپترین ساڵەکان کە لەلایەن یونیسێفەوە تۆمارکراوە

یونیسێف بە تایبەتی سەرنجی بۆ دۆخی نالەباری ژنان و منداڵانی کچ ڕاکێشا، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە بەرفراوانەکانی ئازاردانی و توندوتیژی سێکسی لە ململانێکاندا بڵاوکراونەتەوە.  لە هایتی، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان بە ڕێژەی لە ١٠٠٠% زیادی کردووە.

 

هەروەها یونیسێف ئاماژەی بەوەدا کە منداڵان بە تایبەتی لە کاتی شەڕدا تووشی بەدخۆراکی دەبن، کە ئەمەش مەترسییەکی تایبەتە لە سودان و غەززە، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە ٥ وڵاتی زیانلێکەوتووی شەڕ بەدەست برسێتی دەناڵێنن.

 

بێ بەشبوون لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و پەروەردە

هەروەها ململانێکان کاریگەری جددی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندنی منداڵان هەیە. لە ٤٠%ی منداڵانی کوتان نەکراو، لەو وڵاتانە دەژین کە بە تەواوی یان بەشێکی کاریگەری ململانێیان لەسەرە؛ ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک سورێژە و ئیفلیجی منداڵان ببنەوە.

 

لە مانگی تەمموزدا نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە دەستنیشانکرا، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی ٢٥ ساڵدا ڤایرۆسەکە لەوێ دەربکەوێت، هەڵمەتێکی کوتان بە سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەهۆی زنجیرەیەک ئاگربەستی کاتی و بەشەکییەوە بوو، توانی زیاتر لە ٩٠%ی دانیشتووانی منداڵان بگرێتەوە.

 

یونیسێف هەروەها ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٥٢ ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی زیانلێکەوتووی ململانێدا لە خوێندن دەرچوون و ڕایگەیاندووە، زۆربەی منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان لە سودان زیاتر لە ساڵێکە لە خوێندن دەرچوون. لە وڵاتانی دیکەی زیانلێکەوتوو، لەوانە ئۆکرانیا و کۆنگۆ، قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە، لەناوچوون یان گۆڕاون، بەمەش ملیۆنان منداڵ دەستیان بە فێربوون نەگەیشتووە.

 

کاریگەری ململانێکان لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵان

توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی "War Child" لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە لە ٩٦%ی منداڵانی غەززە هەست دەکەن مردنیان نزیکە و نزیکەی نیوەیان دەیانەوێت لە ئەنجامی ئەو برینانەی کە تووشی بوون بمرن.

 

کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف، وتی: منداڵانی ناوچە جەنگییەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی ململانێیەک دەبنەوە کە لە تێپەڕاندنی ژیانی منداڵیی بێبەشیان دەکات؛ قوتابخانەکانیان بۆردومان دەکرێت، ماڵەکان وێران دەکرێن و خێزانەکان لەیەکتر پەرتەوازە دەبن؛ نەک هەر ئاسایش و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لەدەست دەدەن، بەڵکو شانسی یاریکردن و فێربوون و بە سادەیی منداڵبوون لەدەست دەدەن.

 

هەروەها کاترین ڕوسیل وتی: جیهان شکست دەهێنێت لە پاراستنی ئەم منداڵانە؛ لە کاتێکدا کە چاومان لە ساڵی ٢٠٢٥وە هەیە، پێویستە بۆ گۆڕینی ڕەوتەکە و ڕزگارکردن و باشترکردنی ژیانی منداڵان، هەوڵەکانمان زیاتر بکەین.