ئەو ژنەی لە دهۆک بە دەستی براکەی سووتێندرا گیانی لەدەستدا

ئەو ژنەی لە دهۆک لەلایەن براکەیەوە ئەشکەنجەدرا و دواتر سووتێندرا، لە پاش مانەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران، لە پارێزگای دهۆک ژنێک لەلایەن براکەیەوە ئەشکەنجەدرا و پاشان سووتێندرا، بەڵام بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەوە، ئەمڕۆ لە پاش مانەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

 

کوفان نوری تاهیر، کە تەمەنی ٣٥ ساڵە و دایکی سێ منداڵ بوو، نیشتەجێی گەڕەکی مالتای ناوەندی پارێزگای دهۆک بوو، لە ناو ماڵەکەیدا لەلایەن براکەیەوە سووتێندرا.

 

کوفان نوری کە ٨٠٪ی جەستەی سووتابوو، بەیانی ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیران، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاووییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

 لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا و دوای چەند کاتژمێرێک لە شارەدێی چەمانکێ لە سنووری ئامێدی تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.