یەپەژە: هێرشکردنەسەر تابلۆی 'کەزی ژن'ـی شاری حەسەکە هێرشە بۆ سەر ژنان و ئارامی ناوچەکە
ڕوکسەن محەمەد وتەبێژی یەپەژە سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری حەسەکە و هێرشکردنە سەر تابلۆی 'کەزی ژن' دەڵێت: ئەمە کارێکی ڕێکەوتی نەبوو، بەڵکوو نیشانەی عەقڵییەتێکی هێرشبەر بوو کە دەیەوێت ئارامی تێکبدات و هێرشە بۆ سەر پێکەوەژیان و ژیانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری حەسەکە و هێرشکردنە سەر تابلۆی 'کەزی ژن' لە لایەن خۆپیشاندەرانی گەڕە عەرەبنشینەکانی شاری حەسەکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی یەپەژە قسەی کردو ئاماژەی بەوەکرد کە ژنان بە تێکۆشان و بەشداریی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەیی و سەربازیی خۆیان، توانای خۆیان بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی سەلماندووە. هەروەها سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ئەزموونی ژنان لە ڕۆژئاوا و ڕۆڵی سەرەکییان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و ئارامدا کە ڕێز لە فرەیی و جیاوازییەکانی خۆی دەگرێت.
ڕوکسەن لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە هێرشکردنە سەر بەها، بوون و ئیرادەی ژنان عەقڵییەتێک نیشان دەدات کە دەیەوێت کۆمەڵگە لاواز بکات و پەیوەندییەکانی نێوان گەلان تێکبشکێنێت و وتی: ئەمانە کردارێکی ڕێکەوتی نین، بەڵکوو پەیامگەلێکن کە هەڕەشە لە هاوپشتی کۆمەڵایەتی، ئاسایش و ئارامی دەکەن، بەئامانجگرتنی ژنانی کورد و پێگەکەیان، هەڕەشە لە ژیانی پێکەوەیی نێوان گەلانی ناوچەکە دەکات و دەرگا لەبەردەم ئاڵۆزی و دابەشبوونی زیاتردا دەکاتەوە.
ڕوکسەن محەمەد ڕایگەیاند،داننان بە بوون، ناسنامە و ئیرادەی ژنان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر هەنگاوێکی جدی بەرەو گۆڕانکارییەکی دیموکراتیانە لە سووریادا. هەروەها بانگەوازی کرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و مسۆگەرکردنی بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتییان، بەبێ دوورستکردنی پەراوێزخستن و جیاکاری.
ڕوکسەن داوای کرد کە هێرشبەران و بەرپرسانی ئەو هەڕەشانە دەستگیربکرێن و ڕێوشوێنی جددی بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی ئاشتیی کۆمەڵایتی بپارێزرێت و ڕێگری لە گەورەبوونی پێکدادانەکان بکرێت.
ڕوکسەن محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "تێکۆشانی ژنان بەردەوام دەبێت، فیداکاری و خەباتی ئەوان دەبێتە هۆکارێک کە ناسنامە، ماف و پێگەی خۆیان بپارێزن و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆیان و بەهێزکردنی ئاسایش، ئارامی و ژیانی پێکەوەیی لە کۆمەڵگەی سووریادا کار بکەن