"توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری لەژێر هەڕەشەدان لە هەرێمی کوردستان"
ژمارەیەک کەسایەتی سەبارەت بە چالاکییەکانی هونەرگەی وڵات لە سلێمانی کە دژایەتی کرا ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەندامان و لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی کوردستان، بە کارنامەیەکی دژەکوردانە سووکایەتی بەهەموو جوانیەکانی ئەم نیشتیمانە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
لە ئێوارەی ٢٧ی ئەیلوول، لە دیداری "کوردناسی" زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، تیپی "هونەرگەی وڵات" کۆمەڵێک ئاوازی ناوازەیان پێشکەش بە سەدان ئامادەبوو کرد. یەکێک لە نمایشەکان بە ناوی "ژیانەوە"، پێرفۆرمانسێکی ڕەمزی بوو کە گوزارشت لە ئازادبوونی ژنانی ڕۆژئاوا دەکرد لە ژێر جەور و ستەمی داعش، بەڵام ئەم نمایشە کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناو بە دژە ئیسلام و نمایشێکی نەشیاو پێناسە کرا.
لە وەڵامی ئەو قسە زبرانەی بەرامبەر "هونەرگەی وڵات" کرا، چەندین کەسایەتی دژی لێدوانە نەرێنییەکان وەستانەوەو هەروەها لە راگەیەندراوێکدا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستان و ڕۆژنامەنووسان بۆچوونی خۆیان دەربڕی و تێیدا هاتووە: لە ڕۆژانی ٢٥ بۆ ٢٧ی سێپتەمبەر، دامەزراوەی کەشکوڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دیداری (کوردناسیی) بۆ کۆمەڵێک لە توێژەران و شاعیران و هونەرمەندان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوە، ڕێکخست. سێ ڕۆژی پڕ لە گفتوگۆ و گوتاری گرنگ سەبارەت بە هۆنراوە، وێژە و کلتووری کوردی و پەیوەندی سۆفیزم بە هۆنراوەی کلاسیکەوە. لە هەمان کاتدا تیپی هونەرگەی وڵات لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بانگهێشت کرابوون، هەم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شێواز و بنەمای کارکردنیان، کە تەنها لە گۆرانی گوتندا کورتناکرێتەوە، بەڵکو ئەرشیفکردن و زیندووکردنەوەی کلتوور و هونەری کوردییە لە ڕۆژئاوای کورستان، لە کۆتا ئێوارەی دیدارەکەی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، تیپی "هونەرگەی وڵات" کۆمەڵێک ئاوازی ناوازەیان پێشکەش بە سەدان ئامادەبوو کرد. یەکێک لە نمایشەکان بە ناوی "ژیانەوە"، پێرفۆرمانسێکی ڕەمزی بوو کە گوزارشت لە ئازادبوونی ژنانی ڕۆژئاوا دەکرد لە ژێر جەور و ستەمی داعش. نمایشەکە 'داماڵینی بورقا' بوو، بە مانای داماڵینی بورقا و دەرکەوتنی جلی کوردی شەڕڤانان بوو، کە ڕەمزە بۆ خەباتی ژنان و پیاوانی گەریلا، کە بەو بەرگە کوردییەوە، شکستیان بە هێزی تاریکی داعش هێنا.
ئاماژە بەوەکراوە، جێی داخە بەشێک لە بانگخوازان و لایەنگرانیی ئیسلامیەکان هەر زوو کەوتنە هێرشبردن و ناوزڕاندن. لە هەموو ئەو کارە گرنگ و باشانەی کە لەو دیدارەدا ئەنجامدران، هیچ شتێک سەرنجی ئەوانی ڕانەکێشا، بۆ ستایش، یان ڕەخنەی ئەقڵانی، بەڵکو بە شێوەیەکی هیستیری و دوور لە هەموو بەهایەکی گفتوگۆی کراوەو مەدەنی، دەستیانکرد بە هەڕەشە و سکاڵا تۆمارکردن و ناوزڕاندنی زانکۆی ئەمریکی و گروپی هونەرگەی وڵات، جنێودان، هەڕەشەکردن، تەکفیرکردن و لەکەدارکردنی کەرامەتی ڕێکخەرانی دیدارەکە و ئەندامانی گرووپی هونەرگەی وڵات. لە هەمان کاتدا، چەواشەکردنی خەڵک، بەوەی ئەم گرووپە موقەدەساتی ئیسلامیان، کە بورقایە، لەکەدار کردووە. لە کاتێکدا ئەوە لای هەمووان ئاشکرایە کە لە هەموو مێژووی کوردستاندا، ژنانی کورد بورقایان نەپۆشیوە تا ئەم کۆمەڵە پیاوە ئیسلامییە بە نوێنەرایەتی ژنانی موسوڵمانی بورقاپۆشی کورد بێنە دەنگ و هەڕەشەکردن.
سووکایەتی بە دەنگی ئازادی، هونەر بووە بە پیشە
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەندامان و لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی کوردستان، بە کارنامەیەکی دژە کوردانە و بە ناوی موسوڵمانانی کوردستان، سووکایەتی بەهەموو جوانیەکانی ئەم نیشتیمانە بریندارە دەکەن: سووکایەتی بە دەنگی ئازادی، هونەر، توێژینەوەی زانستی، شیعر و وێژەی کوردی. هێرشەکانیان بۆ کار و چالاکی چاندی و فەرهەنگی کە لەدەرەوەی دنیابینی ئەوان بێت بووە بە پیشە و کاردانەوەیەکی باو کە ئامانج تیایدا لێدانە لە بەها کلتووری ومێژوویی و فەرهەنگییەکانی خەڵکی کوردستان. هەوڵی بە ناسیاسیکردنی کورد لە مێژوو و کۆنتێکستی سیاسەتی خۆی وەک کورد دەدرێت لە ڕێگەی یاریکردن بە هەست و سۆزی خەڵکی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی و کۆمەڵێک ئەجێندای تایبەت. دەرئەنجامی ئەم جۆرە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئیسلامی لەکوردخستنی موسڵمانانی کوردە.
مایەی نیگەرانییە هەندێک لە میدیا و ڕۆژنامەنووسان لەو کاتانەدا ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕن لە ورووژاندنی خەڵک
کوردستان و کوردبوون لەژێر کارنامەی داگیرکەراندا و بەتایبەت لە ڕێگەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکان و کارنامەکانیان دووچاری دووبەرەکی کۆمەڵایەتی و توندڕەوییەکی ئاینی ترسناک بووە. ئەم کارنامە ئیسلامییە مەبەستی ئاین نییە، بەڵکو مەبەستی کڕۆکی کوردبوونە، لە ڕێگەی گوتار و ڕەفتارەکانیان سوکایەتی بە شۆڕشەکانی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و دژی بیری توندڕەوی دەکەن، نمونەی وەک نزمنرخاندنی جلوبەرگی کوردی ئەندامانی گروپی هونەرگەی وڵات، کە شۆڕشی دژ بە ستەم و داگیرکاری ڕێکخراوی داعشی پێکراوە، ئەم جۆرە لە سوکایەتی و نزمنرخاندنە لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە لە زۆر چالاکی مرۆیی، فەرهەنگی، مەدەنی، هونەری و زانستی دا بەرجەستە دەبێتەوە، ئێمە وەکو کۆمەڵێک لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئەم هەڕەشە و داگیرکردنەی کایەی ئەکادیمی و هونەریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی کە لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، ڕەتدەکەینەوە. ئەرکی حکومەتی هەرێمە ڕێگەبگرێت لەم پاشاگەردانییە کلتووریی و سیاسییە. حکومەتی هەرێم و هەموو حیزبە سیاسیەکان بە بەرپرسیاری مێژوویی دەزانین بۆ ڕێگرتن لە هەوڵی تواندنەوەی شوناسی فەرهەنگیی خەڵکی کوردستان، وە هەروەها ڕێگرتن لە زاڵکردنی دەنگی جەهل و نەزانی بەسەر زانست و هونەر و داهێناندا. لە هەمانکاتدا، مافی ئازادی ڕادەربڕین و گوزارشت مافێکی ڕەوا و بنچینەییە و ئەرکی دادگا و هێزە سیاسییەکانە ئەم مافە لە قەوارەی هەرێم بپارێزن. لە هەمانکاتدا، مایەی نیگەرانییە هەندێک لە میدیا و ڕۆژنامەنووسان لەو کاتانەدا ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕن لە ورووژاندنی خەڵک و دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی و هاندانی توندوتیژی. ئەرکی میدیا و ڕۆژنامەنوسانە بەرپرسیارانە و ڕەوشتیانە و دوور لە لایەنداری مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن و نەبنە ئامڕازی بەرهەمهێنانی توندوتیژی.
هونەری و خەیاڵدانی هونەرمەند ئازادە، نابێت دەستوردان و هەڕەشە بکرێت
ئیدی دەبێت ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت و چیتر ڕێگە نەدرێت دادگاکان بۆ یەکلاکردنەوەی زۆرانبازییە بارگاویکراوەکان بە کارنامەی لایەنێکی دیاریکراو بخرێنە گەڕ. داواکارین، زانکۆکان، هونەر و داهێنان و توێژینەوەی زانستیی دووربن لە دەستتێوەردانی هەر کەس و لایەنێک. زانکۆ شوێنی بەرهەمهێنانی زانستە، زانست ئازادانە بەرهەم دێت، نەک لەژێر تەکفیر و فەتوا و هەڕەشەی سکاڵاکردن. داهێنانی کلتووری، هونەری و خەیاڵدانی هونەرمەند ئازادە، نابێت ڕێگە بدرێ هیچ ئاین و حیزب و کەس و لایەنێک دەست تێوەردان، یان هەڕەشە بکات.