بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ دۆسیەیەکی یاسایی لەدژی بێژەرێکی ئێرانی کرایەوە
لێدوانەکانی زەهرا سادات هاشمی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ئێران بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی گوایە دەستوەردانی میدیایی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا ئاشکرا کرد، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتدارانی دادوەری لێکۆڵینەوەی فەرمی بۆ بکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ
دوابەدوای لێدوانەکانی زەهرا سادات هاشمی، بێژەرئ پێشووی پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران "IRIB" کە تیایدا ئاشکرای کرد کە دوو مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١، بەرپرسانی IRIB داوایان لێکرد کە ئەو بیرۆکەیە بگەیەنێت کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی پێشووی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئاژانسی هەواڵی میزان کردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەدژی ڕاگەیاند.
هەروەها دەزگای دادوەری کردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەدژی بەڕێوەبەری دەزگای ڕاگەیاندنی خەبەر فۆری ڕاگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە ئەو کەسانە بانگهێشتی دەسەڵاتی دادوەری کراون.
لەم چاوپێکەوتنەدا زەهرا سادات هاشمی وتوێتی: دوو مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١، بەرپرسانی IRIB بەڕاشکاوی پێیان وتم: "دەمانەوێت ئیبراهیم ڕەئیسی وەک براوە دەربکەوێت..." تاکە شتێک کە گرنگ نەبوو، پیشەیی بوون بوو.
ئاماژە بەوەشکرد، پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی سیاسی و لایەنگری کاردەکات.
دەزگای دادوەری ڕایگەیاندووە، کردنەوەی ئەم دۆسیەیە لە ئەنجامی هەندێک تۆمەتی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢١ بووە کە لە چاوپێکەوتنەکەی پێشوودا وروژێنراون.