ڕێپاک: چیتر بەرگە ناگرین کە ژیانمان بدزرێت و پشتگوێ بخرێت
ڕێپاک دەربارەی هەموواری یاسای باری کەسی عێراق دەڵێت: ئەم گۆڕانکارییە یاساییانە پەسەند ناکەین و داوا لە هەموو ژنان دەکەین خەبات بۆ پێچەوانەکردنەوەی گۆڕانکارییەکان چڕتر بکەنەوە، چیتر بەرگە ناگرین کە ژیانمان بدزرێت و پشتگوێ بخرێت.
ناوەندی هەواڵ
ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ژنای کورد "ڕێپاک" سەبارەت بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری كەسی کە لە ٢١ـی کانوونی دووەم لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە و یاساکە لە دژی مافەکانی ژنانە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی ئێستا تیشک دەخاتە سەر ڕاستی کۆیلایەتی ژن و داڕشتنەوەی دەسەڵات و دەوڵەت بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و ڕووبەڕووی داعشی سیاسی دەبێتەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی ڕێپاک بەم شێوەیە:
سەرەڕای تێکۆشان و ململانێی بەرچاوی بزووتنەوەکانی ژنان، پەرلەمانی عێراق هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی پەسەند کرد، لە ئەنجامی ڕای گشتی بەرچاو و ئەو ململانێیەی کە بزووتنەوەکانی ژنان لە عێراق و لەسەرانسەری جیهاندا درووستیان کرد، ئەو مادەیەی کە تەمەنی هاوسەرگیریی بۆ ٩ ساڵ دابەزاند، کە تێیدا هاتبوو کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دەبێت هاوسەرگیریی بکەن، پەسەند نەکرا و تەواوی هەوڵەکان لەسەرانسەری جیهان بۆئەوە بوو کە دەبێت تەمەنی فەرمی هاوسەرگیریی ١٨ساڵی بێت و بەفەرمی بەو شێوەیە بێت.
بەڵام ئەم هەمووارکردنەوەیە دەسەڵاتی دادوەری دەداتە دادگا ئیسلامییەکان لەسەر بابەتی هاوسەرگیریی و جیابوونەوە و میرات، لەبەرئەوەی هەمووارکردنەکانی ئێستا لێکدانەوە و حوکمەکانی دادگای ئیسلامی پەسەند دەکەن، هاوسەرگیریی کچان بە دیفاکتۆ جێبەجێ کراوە، بەم شێوەیە یاساکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵان دا.
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان کە دەبێت لە هەمووارکردنەوەی یاساکەدا لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەیە کە پیاوانی ئایینی شیعە داوای گۆڕانکارییان لە یاسای هەبوودا کردووە و هێزە دەسەڵاتدارەکانی سوننەش ئەو گۆڕانکاریانەیان پەسەند کردووە، لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی داعش.
دەبینین چەندین موزایەدەی سیاسی جیاواز لە نێوان گرووپە پەرلەمانییەکاندا دەکرێت و ژنانیش دەبنە قوربانی لەو موزایەدەیانەدا، بارودۆخی ئێستا تیشک دەخاتەسەر ڕاستی کۆیلایەتی ژن و داڕشتنەوەی دەسەڵات و دەوڵەت بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و ڕووبەڕووی داعشی سیاسی دەبێتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی پیاوسالاری باڵادەستی دەوڵەت نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری دەکەن، لە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی توند دا دەژین، قەیرانەکە پارادایمییە و ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە، چونکە ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت بە سەپاندنی ڕێسای توندتری پیاوسالاری و هەژموونی پیاوان و ژیانی دژە دیموکراسی قەیرانەکان تێپەڕێنن.
بە ئایدۆلۆژیای پاشەکشەی بنەماڵە و هاوپەیمانی دەوڵەتی فاشیست، هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو قەوارە سیاسیەی کە هەیە لەسەر بنەمای سیاسەتی دامەزراندنەوەی کۆیلایەتی ژنە.
لە دەیەی ڕابردوودا زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە مافیان لە ژنان سەندەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەسەڵاتی پیاوانیان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دامەزراندووەتەوە، پێشێلکارییە سەرەکییەکانی مافەکان بریتین لە دابەزاندنی تەمەنی هاوسەرگیری کچان بۆ ١٨ ساڵ، پێدانی سەرپەرشتی باوک لە ئەگەری جیابوونەوەدا، هەروەها یاسای میرات دەسەڵات دەدات بە دادگا ئیسلامییەکان لەم بابەتانەدا.
هەرچەندە تاکە چارەسەر بۆ قەیرانی ئێستا بنیاتنانی ئازادیەکانە لەسەر بنەمای بەها دیموکراسییەکان، بۆ ژنان و گەلان و هەموو هێزە ئازادیی خوازەکان، پێداگری لەسەر چارەسەرکردن خەریکە قەیرانەکە پەلکێشی ناو شەڕیدڕندانە دەکات.
ئەو ڕاستییەی کە ١٢ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ داعش، گۆڕانی ڕژێم لە سووریا و لە سەرتاسەری عێراق و ئێران و ئەفغانستان سەریهەڵدا، ئەوە نیشان دەدات کە ئەوانەی کۆیلایەتی ژنانیان کردۆتە بەهای ئایدیۆلۆژیی بنەڕەتیی بۆ بنیادنانی دەوڵەت و لە پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەردان، سەرکەوتوو دەبن.
دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیەنین کە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی بەهێزکردنی ژنان بۆ هاوسەنگی هێز و بنیاتنانەوەی کۆیلایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تێکۆشانی ئازادیی ژنان وەک بەدیلێکی بنەڕەتی بۆ ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵداوە و بلۆکێکی دیموکراسییە بۆ دووبارە بەدەستهێناوەی بەهاکانی ژنان و مافەکانیان.
لەسەر ئەم بنەمایە ڕایدەگەیەنین، کە ئەم گۆڕانکارییە یاساییانە پەسەند ناکەین و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و تەواوی ژنانی جیهان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین کە خەبات بۆ پێچەوانەکردنەوەی گۆڕانکارییەکان چڕتر بکەنەوە و هەڵوێستێکی سیاسی بگرنەبەر کە ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت، چیتر بەرگە ناگرین کە ژیانمان بدزرێت و سووک بکرێت و پشتگوێ بخرێت.
ب. ق